یونسێف: هەفتەی ڕابردوو ٢٥ منداڵ بوونەتە قوربانی ‌هێرشەکان

یونسێف ڕایگەیاند، نابێت کوشتنی منداڵان لە کەرتی غەززە وەک ڕووداوێکی ئاسایی سەیر بکرێت، لە پێنج ڕووداوی جیاوازی هەفتەی ڕابردوودا، هەشت منداڵ کوژران و ١٧ منداڵی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

دۆخی منداڵانی غەززە، بەهۆی بەردەوامی شەڕ و ‌ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە هەتا بێت خراپتر دەبێت، لەو بارەیەشەوە ڕێکخراوی سندووقی منداڵانی نەتەوەیەکگرتووەکان “یونسێف” ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە پێنج ڕووداوی جیاواز لە کەرتی غەززە، هەشت منداڵ کوژراون و ١٧ منداڵی دیکەش برینداربوون، هەروەها منداڵێکی ساوای 7 مانگان لە کەرتی غەززەش لە شاری هیبرۆن گیانیلەدەستدا، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە گوللـەباران کرا.

 

وتیشی: ئەو منداڵانەی لە غەززە لەکاتی یاریکردنی تۆپی پێدا برینداربوون، بەهۆی هێرشکردنە سەر کەسوکاریان کاریگەریی لەسەریان هەبووە، هەروەها منداڵێکی ساوا لە کەرتی ڕۆژئاوا لەکاتی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لەگەڵ دایکیدا تەقەی لێکراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەئامانجگرتنی منداڵان جێگای قبوڵ نییە و داوای لێکۆڵینەوەی ئاشکرا و لێپرسینەوە دەکات لەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، پاراستنی منداڵان و پابەندبوون بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ ئەرکێکی گرنگن بۆ هەموو لایەنەکان.