ئەڤین جوبرایل: هەر ژن وپیاوێك كێشەیان دێتە پیش با لە ڕێگای یاساوە كێشەكان چارەسەربكەن
ئەڤین جوبرایل، پارێزەر لە دادگای کۆیە دەڵێت: هەرژن وپیاوێك كیشەیان دیتە پیش با لە ڕێگای یاساوە كیشەكان چارەسەربكەن، دادگاکان دەیانەوێت ژنان بە یاسایی مافی خۆیان وەربگرنەوە.

شیا کۆیی
کۆیە-جیابوونەوە لە هەلومەرجی جۆراوجۆردا ڕوودەدات، وەک ناکۆکی بەردەوام، زیانگەیاندن بە جەستە یان دەروونی، پشتگوێخستن، ناپاکی و هەندێکجار بەهۆی بارودۆخی دارایی یان کۆمەڵایەتی، بەپێی یاساکانی زۆربەی وڵاتان، ژن لەدوای جیابوونەوە مافی خۆی هەیە، لەوانە وەرگرتنی مارەیی دواخراو، نەفەقە لە ماوەی چاوەڕوانیدا، پاڵپشتی منداڵ (ئەگەر هەبێت)، ئەمە جگە لە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵ لەژێر مەرجی یاساییدا، هەروەها مافی نیشتەجێبوون یان دەرماڵەی نیشتەجێبوون لە ماوەی سەرپەرشتیکردندا. مەبەست لەم مافانە دەستەبەرکردنی سەقامگیری دارایی و سۆزداری ژنە لە دوای کۆتایی هاتنی پەیوەندی هاوژینی، بەڵام ئایا ئەو مافانەی لەیاسادا هەن وەك پێویست جێبەجێ دەكرێت؟.
بە پێی ئەو ئامارەی نوژنها لەدادگای بەرایی كۆیەی وەرگرتووە: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ ١١٣ حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە ، هاوكات لە ساڵی رابردوودا ٢٨٤ جیابوونەوە هەبووە.
ئەڤین جوبرایل، پارێزەر لە دادگای بەرایی كۆیە، سەبارەت گرفتەكانی جیابوونەوە و هۆكارەكانی جیابوونەوە بۆ ئاژاسەکەمان كۆمەڵێك زانیاری خستەڕوو.
ئەڤین جوبرایل وتی: سەبارەت بەگرفتانەی ڕووبەڕووی خێزانەكان دەبنەوەو دەبنە هۆكاری جیابوونەوەیان، لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان پێناسەیەكی داوە كە دەڵێت "هە ركردارێك یان وتەیەك ببێتە هۆی ئازاردانی بەرامبەرت ئەوە توندوتیژییە جا لەنێوان خێزانەكاندا بێت یان یان هەرشوێنێك كە تا پلە چوار دەگرێتەوە"، سەبارەت بەو هۆكارنەش كە دەبنە هۆی توندوتیژی زۆرن و بەپێی سەردەمەكان و ناوچەكان دەگۆڕێن لەناو كۆمەڵگكەاندا، بۆنموونە لە ئێستادا زۆربەمان تۆڕی کۆمەڵایەتی بەكاردەهێنین وكاتێك بابەتێك دەوروژێندرێت، كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەرزەكاران دەبێت، بۆئەوەی هاوسەرگەری پیشوەختە بكەن بێئەوەی لەواتای هاوسەرگیری تێبگەن، ئەوەش دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، هەربەهۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی و دانیشتن بەدیارییەوە حاڵەتەكانی خیانەتكردن زۆردەبێت، درەنگ هاتنەوەی پیاوەكان لە شوێنە نەشیاوەكان تا درەنگانی شەو هۆكارێكی دیكەی هەڵوەشانەوەی خێزانە، ئەوە جگە لەهۆكاری ئابووری و كۆچی گەنجان و زوو هاوسەرگیری و ژن بە ژن، كە دەبێتە هۆكاری جیابوونەوە، هەندێک جار بەهۆی دەستوەردانی لایەنی سێیەم لەكەسوكاری ژن وپیاوەكە.
"دادگاکان دەیانەوێت ژنان بە یاسایی مافی خۆیان وەربگرنەوە"
ئەڤین جوبرایل وتیشی: دادگاكان هەمیشە پاڵپشتی ژنانن و دەیانەوێت ژنان بە یاسایی مافەكانی خۆیان وەربگرنەوە بەڵام هەندێك حاڵەت هەیە وادەكات ژنەكە واز لەمافی خۆیان بهێنن و وتەنازول لەبینینی منداڵەكەیان یان نەفەقەكەیان بكەن، زۆر جار لەدەرەوە دەستوەردان ڕوودەدات لە كاری دادگا ودەیانەوێت كێشەكان لە ڕێگەی دانیشتنی كۆمەڵایەتی چارەسەر بكەن و زەبرو زەنگ بەكاردێنن، هەڕەشە لەژنەكە دەكەن تا دەستبەرداری نەفەقەو منداڵی بێت، لەلایەكی دیكەوە ژنەكە هێندە راپێچی دادگا دەكرێت هەنگاو بەهەنگاو تا وای لێدێت بێزاربێت واز لەهەمووشتێك بهێنێت.
ئەڤین نەشیشاردەوە كە زۆرجار پیاوەكە هەرتا ژنەكە هیچی بەرنەکەوێت لە جیابوونەوە تاوانی قیزەون دەداتە پاڵ ژنەكە، بەئامانجی ئەوەی ژنەكە دەستبەرداری هەمووشت ببێت، زۆربەی كات لەوكاتەدا پەنا دەبەنە بەر سوڵحی عەشایەری و زۆر بەڵێن بەژنەكە دەدەن بەڵام لەدانیشتنی كۆتایی دادگا پیاوەكە پابەند نابێت بەو بەڵێنانەی بە هاوژینەکەی داوە، كە بەهۆیەوە ژنەكە هیچ مافێكی وەرناگرێت كە دادگا بە پێی یاسا بۆی دیاریكردووە.
ئەڤین جوبرایل داوادەكات هەر ژن وپیاوێك كێشەیان دێتپیش با لە ڕێگای یاساوە كیشەكان چارەسەر بكەن، گەر گەیشتنە حاڵەتێك نەگەیشتنە ئەنجام چارەسەری تەنیا جیابوونەوەیە كە بە قورئانی پیرۆزو یاساش رێگەی پێدراوە.
سەبارەت بەوەی بۆچی كۆمەڵگە بەچاوی کەم سەیری ژنانی جیابووەوە دەکات یان دوای جیابوونەوە تانە لە ژن دەدرێت؟ ئەڤین جوبرایل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە ئێستادا كۆمەڵگە زۆر باشترە لەچاو پیشتر، هۆشیارە لە ڕێگەی سایتەكانی ژنان و ڕێكخراوەكانی ژنان بۆ بەرەوپێشبردنی ژنان، هەموو ئەوانە وایكردووە كە سەیركردنی كۆمەڵگە بگۆڕێت وەك جاران نییە كە تۆمەت بۆژنەكە هەڵببەسترێت، هەرچەندە لێرەو لەوێ قسە دەكرێت و پیاوەكە چەندی تاوانی هەبێت لۆمە ناكرێت و تۆمەتی ناخرێتە پاڵ تەنیا سەركۆنەی ژنەكە دەكرێت، هیوادارم ئەو حاڵەتانەش نەمێنێت.