ئەڤین باشۆ: مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک چارەسەرێکی هەمەلایەنەیە بۆ قەیرانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەڤین باشۆ، کارگێڕی پەیمانگای باڵای هونەر لە حەسەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک گونجاوترین چارەسەرە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم مۆدێلە نوێنەرایەتی دیدێکی هەمەلایەنە دەکات.

ڕونیدا حاجی
حەسەکە-مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک لە سیستەمی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێ کراوە، مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و هاودەنگی کۆمەڵگا بەرجەستە بووە و بۆتە مایەی ئومێد بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
ئەڤین باشۆ، کارگێڕی پەیمانگای باڵای هونەر لە شاری حەسەکە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان، باسی لە سەرچاوەی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکرات و ئەزموونی زیندویی لە ناوچەکەدا کرد.
"هەنگاو و بنەماکان بەرەو نەتەوەیەکی دیموکرات"
ئەڤین باشۆ جەختی لەوە کردەوە: ڕێگای بونیادنانی نەتەوەیەکی دیموکراتیک لەلایەن هاوڵاتیانەوە بونیاد نراوە، ئەم ئەزمونە تەنیا لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە لەدایک نەبووە، بەڵکو وتی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەو هەنگاوە پێشەنگانەی کە دەستیپێکرد تەنها پەیوەست نەبوون بە شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە، بەڵکو پێشتر ئەزمونێکی دوورودرێژیان هەبوو کە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵایەتی لە ژنان و پیاوانەوە دەستیپێکرد، لەنێو بارودۆخێکی سەخت و ڕژێمێکی تاکڕەودا کە دان بە ناسنامە، زمان، یان بوونی نەتەوەییدا نانێت، سەرەڕای هەموو ئاڵەنگاریەکان ڕێگایان بۆ پێشەنگایەتیکردن خۆشکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو قۆناغەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان کرانە ئامانج و بەشێکی زۆریان لەلایەن ڕژێمی پێشوی بەعس و دەوڵەتی تورکیاوە کەوتنە ژێر ئەشکەنجەدان، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئەم ئازارە هۆکارێک نەبوو بۆ پاشەکشەکردن، بەڵکو پاڵی پێوەنان بەرەو هەنگاوێکی پێشکەوتوتر، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆنگرەیەک بۆ کادیرانی نەتەوەی دیموکراتیک بەڕێوەچوو، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەم ڕێگایە ساڵانێک لەمەوبەر دەستیپێکردوە و بەڕاستی بەرهەمی پێشەنگایەتی کۆمەڵایەتی بەردەوامە.
ئەڤین باشۆ ئاماژەی بەوەدا: کە درێژەدان بە ڕێبازی شۆڕش پێویستی بە بوونی کادرانێک هەیە کە باوەڕیان بە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک هەیە و ئامادەن قوربانی بدەن، وتیشی: لەسەردەمی ڕژێمی ئێستای باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەدوای شۆڕشی ١٩ی تەمووز توانیمان سەدان ناوەند و ئەنجومەن دابمەزرێنین، جگە لە جێبەجێکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی، هەروەها هێزی سەربازیمان پێکهێنا و پێکهاتەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی نوێمان ڕێکخست.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ڕێگایە پێویستی بە پێشەنگایەتیەکی پێشەنگ هەیە کە توانای ئەوەی هەبێت بیباتە قۆناغێکی پێشکەوتوتر، و ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی گەورەتر لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەڕاستی باوەڕیان بە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک هەیە، بگیرێتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی بتوانن تێگەیشتنیان لێی قوڵتر بکەنەوە و کاربکەن بۆ فراوانکردن و ڕونکردنەوەی لە چوارچێوەی دەوروبەرەکەیاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لەوانەی بەشداربون لەم سیستەمەدا و لە ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا وەک سەرچاوەیەکی گەشەسەندن بۆ نەتەوەی دیموکراتیک بە تەواوی ئاگادار بوون، بە تایبەت کە زلهێزە پاوانخوازەکان هەمیشە بەدوای ئەوەدا بوون ڕق و کینە لە دڵی میلەتدا بچێنن بەرامبەر بە گەلانی دیکە، بەڵام ڕێگەیان نەدا ئەمە ڕوبدات.
"ئازادی ژنان پایەی بەرخۆدان و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیە لە بەرامبەر جینۆسایددا"
ئەڤین باشۆ درێژەی بە هەڵسەنگاندنەکانی دا و باسی لەو بنەما بنەڕەتییانە کرد کە سیستەمی نەتەوەی دیموکراتی لەسەر بونیاد نراوە، وتی: پایەی ناوەڕۆکی ئەم سیستەمە ئازادی ژنانە، بەهایەک کە بە شێوەیەکی کاریگەر لە ژیانی ڕۆژانەدا جێگیر بووە و بەرجەستە بووە، چ لە چوارچێوەی ناوەندەکان، کۆمینەکان، یان تەنانەت لە ماڵەوە بێت، بە پێی بنەماکانی نەتەوەی دیموکرات ژنان دەبێ ڕۆڵیپێشەنگایەتی بگرنە ئەستۆ.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەرپرسیارێتی سەرەکی لە ئەستۆی کادیرانی نەتەوەی دیموکراتدایە بۆ پێناسەکردن و ڕونکردنەوەی ئەم سیستەمە، کە لەسەر بنەمای ئازادی ژنان و پێکەوە ژیانی ئازادانەیە، هەروەها سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریە بەرچاوانەی کە ڕوبەڕوی سوریا دەبێتەوە، ئاستی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە خوار خواستراوەوە دەمێنێتەوە و میکانیزمەکانی پاراستن ڕەنگدانەوەی ڕاستی گەلی شۆڕشگێڕ نین.
ڕونیشیکردەوە، هەموو شتێک ئاڵۆزتر دەبێت کاتێک پێوەرەکانی ئازادی ژنان لە ئاستێکی پێشکەوتودا نەبێت، هەروەها کاتێک ئابووری کۆمەڵگە ون بێت، ئەگەر بیرۆکە و بوونمان نەپارێزرێت و سیستەمێکی بەهێزیشمان نەبێت ئەوا ڕوبەڕوی جینۆساید دەبینەوە، بۆیە دەبێت گەل پارێزەری ڕاستەقینەی خۆی بێت، لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی کادیرانی نەتەوەی دیموکراتیک خاڵە سەرەکییەکانی تاوتوێ کرد، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە ڕۆڵی ژنان، بەو پێیەی هێرشکردنە سەر پێکهاتەکان زۆرجار ڕاستەوخۆ ژنان دەکاتە ئامانج.
جەختیشی کردەوە، کە ڕۆڵی کادرانی ژنان لە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکدا زۆر گرنگە، ژنانیش دەبێ بتوانن تێگەیشتنیان لە پێوەرەکانی ئازادی ژنان قوڵتر بکەنەوە و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بکەن.
"کۆمینە ڕێکخراوەکان سەقامگیریمان پێدەبەخشن لە گفتوگۆکاندا"
ئەڤین باشۆ تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی کۆمینەکان و ئاماژەی بەوەدا: کە یەکێک لە بابەتە سەرەکیەکان کە لە کۆنگرەی کادیرانی نەتەوەی دیموکراتدا باسی لێوەکرا، بابەتی کۆمینەکان بوو، هەمووان بە تەواوی ئاگادارن کە کۆمینەکان بنەمای ناوەڕۆکی مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک پێکدەهێن، وتیشی: ئەگەر بە باشی جێبەجێ نەکرێن، کارەکانمان لە دامەزراوەکان، ئەنجومەنەکان، گروپەکان و کایەی سیاسی و سەربازییەکان لە ئاستی پێویستدا نابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆر گرنگە کۆمینەکان بەهێز بن، چونکە ئەو ژیانە کۆمەڵایەتیەی ئێمە لێی دورکەوتوینەتەوە، یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی دیموکراتیک، لە کۆمینەکاندا بەهاکانی هاوکاری، ڕێکخستنی هاوبەش، پەروەردە پێشەنگایەتی پراکتیزە دەکرێن، بۆیە یەکێک لە گفتوگۆ هەرە دیارەکانی کۆنگرەکە بریتی بوو لە چۆنیەتی بونیادنانی ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی پێشکەوتوتر.
جەختی لەوە کردەوە، کۆمین هێزی بزوێنەری سیستەمی خۆبەڕێوبەریە، بەتایبەتی لە گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ دیمەشق، ئەوەی سیستەمەکەمان لە سیستەمی دەوڵەت جیا دەکاتەوە، سروشتی کۆمەڵایەتیە نەک تاکەکەسی، بۆیە تا بناغەی ڕێکخراوەیی کۆمەڵایەتیمان پتەوتر بێت، گفتوگۆکە بەهێزتر و کاریگەرتر دەبێت.
"ئەرک و ڕۆڵی کادیرانی نەتەوەی دیموکرات لە پەروەردەکردنی خۆیان و دەوروبەریاندایە"
هەروەها ئەڤین باشۆ باسی لە ڕۆڵی کادرەکانی نەتەوەی دیموکرات لەناو کۆمەڵگادا کرد و ڕوونیکردەوە، کە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانیان پەروەردەکردنی خۆیان و دەوروبەریانە، هەروەها قووڵکردنەوەی تێگەیشتنیان لە پڕۆژەی دیموکراسی و کارکردنە بۆ بڵاوکردنەوەی، "لەم چوارچێوەیەدا بواری پەروەردە بوارێکی ژیانی و جەوهەرییە، کاتێک باس لە پەروەردە دەکەین، مەبەستمان تەنها پەروەردەی ئەکادیمی نییە، بەڵکو ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی هۆشیاری فیکری دەکەین".
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە "بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی نەتەوەی دێموکرات لە بواری پەروەردەدا تەنیا لە ڕێگەی پرۆگرامەکانی خوێندنەوە بەدی نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی پەروەردەی کارلێککارانە و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاکەکان و پەروەردەیەک کە لە خودی ژیانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە بەرنامە پەروەردەییە ئەکادیمییەکان کە لە چوارچێوەی گەڕەک و شارەکاندا جێبەجێ دەکرێن، لە ئەرکە جەوهەرییەکانی کادرەکانی نەتەوەی دیموکراتە".
"ئێمە ئامادەین بۆ گۆڕانکاری و وەڵامی گونجاویش دەدەینەوە"
ئەڤین باشو جەختی لەوە کردەوە، کە وەڵامدانەوەی بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نوێنەرایەتی ڕزگاربوونە لە جینۆساید، ڕێگاکە ناتوانێت وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت کراوە بێت بۆ گۆڕانکاری، بانگەوازی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دەستیپێکردوە و ڕێکخستنی کۆنگرەی کادیرانی نەتەوەی دیموکراتیش وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەم بانگەوازە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جەختی لە گرنگی ڕێکخستنی گەلان لە چوارچێوەی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک و بەهێزکردنی بناغە کۆمەڵایەتیەکانی گەلان بۆ ڕێگریکردن لە دوبارەبوونەوەی جینۆساید کردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەیەکی کورتدا شاهیدی ڕادەی یەکگرتویی لەناو سوریادا بووین، لە بەرامبەر ئەو ناتەبایەی کە لەنێو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا دەچێنرێت، پەسەندکردنی بڕیارەکان لە کۆنگرەکەدا هەنگاوێکی گرنگە و وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو ناتەبایانە، یەکگرتویی کۆمەڵایەتی ڕوون لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەیە، ئەم یەکگرتویەش دوای بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەهێزتر بووە، کە ئەمەش وامان لێدەکات بتوانین بوونی هاوبەشمان بپارێزین.
"ئەرک و ڕۆڵی کادیرانی نەتەوەی دیموکرات لە پەروەردەکردنی خۆیان و دەوروبەریاندایە"
ئەڤین باشۆ لە کۆتایی قسەکانیدا، داوای بەرزکردنەوەی ئاستی خەباتی کرد و جەختی لەوە کردەوە، ئەو عەقڵیەتەی کە سوریا بەڕێوەدەبات عەقڵیەتی شەڕە نەک ئاشتی، عەقڵیەتی بەدەرکردنە نەک فرەچەشنی، عەقڵیەتی تاکلایەنە نەک فرەیی، بۆیە کاتێک هێزێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات، ئەم عەقڵیەتە درز دەکات، لە سەرەتای سەرهەڵدانی یشۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە، بانگەوازی بەردەواممان ئەوە بووە کە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتی گونجاوترین مۆدێلە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە لەسەر بنەمای جیاکاری نێوان ژن و پیاو، یان لە نێوان ئایین و بیروباوەڕ، یان لە نێوان نەتەوەکاندا نییە، کاتێک سیستەمێک بوونی هەیە، دەبێت خۆم لەناو ئەو سیستەمەدا ببینم، وەک خاوەنی بوون و شوناسێک، بەبێ گوێدانە ئایین و بیروباوەڕ و نەتەوەیی خۆم، نابێت هۆکاری کێشەکە بن، ئێمە لە خەباتداین بۆ گۆڕینی ئەو مۆدێلەی کە لە ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هەیە بۆ مۆدێلێک کە لە سەرانسەری سوریادا وەربگیرێت، چونکە سوریا خاوەنی پێگەیەکی مێژوویی قوڵە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گێڕاوە، سوریا لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە جارێکی تر دەتوانێت ڕۆڵی بنەڕەتی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و لە بەرامبەر شەڕدا ئاشتی بەدی بهێنێت.