"ئەشکەنجەدانی ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا، کار ناکاتە سەر مۆڕاڵ و هێزی ئەوان"
ڕووبار ئەحمەد، ئەندامی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا، سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ سوکایەتییکردن بە ژنانی ڕۆژئاوا وتی: دەوڵەتانی سەردەست لە هێزی ژنان دەترسن و ژنانی ڕۆژئاوا بە دروشمی "گیانێکمان هەیە، بەختی دەکەین بۆ نیشتیمان" بەرخۆدان دەکەن.
دیدار شەهلا
سلێمانی- دوای ئەوەی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، لەسەر ناوی ئەلنوسرە و تەحریر شام لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سووریا، هەر زوو سوپای سووریا ناوچەکانی بەجێهێشت و خەڵکی شارەکە ڕووبەڕووی کوشتار و هێرشی چەتەکان بوونەوە، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، کە لە ژێر ناوی جیاوازدا هێرشی داگیرکارییان کردە سەر شاری حەلەب و ناوچەکە، خەڵکیان ئەشکەنجە کرد و دەیان کەسیان کوشت و ڤیدیۆی توندوتیژی و ئەشکەنجە و هێرشەکانیان بڵاوکردەوە، ئەم کردەوەیە ناڕەزایەتی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی دیلی جەنگ بەناو کرا، باس لەوە کرا، کە چەتەکان بۆ شکاندنی ئیرادەی گەل و بە هۆی ترسانیان لە هێزی ژنان ئەو ڤیدیۆ و دیمەنانە بڵاو دەکەنەوە.
ڕووبار ئەحمەد، ئەندامی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوا، باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا گروپە چەتەکان دەستیان بە هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە و وتیشی: لەم کاتەی کە شەڕ لە سووریا و ڕۆژئاوا ڕوودەدات، سەرجەم گروپە چەتەکانی تریش کە پێشتر عەفریینییان داگیرکرد و ئەو گروپانەی کە تورکیا پشتگیریی داراییان دەکات و ڕاهێنانیان پێدەکات، دەستییان بە چالاکی کردووە و ئامانج لە هەموو ئەم چالاکییانە لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە گەلی ڕۆژئاوا بەدەستییان هێناوە، وەک دەزانین لە ئێستادا لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب کوردەکان گەمارۆ دراون و گەر هەوڵی ڕزگارکردنییان نەدرێت، ڕووبەڕووی لەناوبردن و جینۆسایید دەبنەوە.
"پێویستە گەل لە باشووری کوردستان پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بکات"
ڕووبار ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە باشووری کوردستانیش لە ژێر مەترسی ئەم هێرشانە دوور نییە و پێویستە هەموو گەلی کورد، ئەگەر لە باشوور بێت یان باکوور یان ڕۆژهەڵات و تاراوگە خۆی بە بەرپرسیار ببینێت بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، وتیشی: ڕەنگە ئەوان وای نیشان نەدەن کە هێرشەکان بۆ سەر کورد و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا و لەباربردنی دەستکەوتەکانییانە، بۆ سپیکردنەوەی ڕووی خۆیان، بەڵام لە ڕاسیدا ئەوە ئامانجی ئەوانە کە ئەو ستاتۆیە لەناوببەن، لەبەرامبەردا گەلی ڕۆژئاوا بەرخۆدانێکی بێوێنە دەکەن، بەڵام پێویستە هەمووان پێکەوە پشتگیرییان لێبکەین.
ئەم چالاکوانە باسی لەوەشکرد، کە ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدانێکی بێوێنە دەکەن و وتی: دەسەڵاتی سەردەست لە هێزی ژنی کورد ترساوە، بەڵام هەر هەوڵێکی وەک ئەشکەنجەدان و ئازاردانی ژنانی کورد، چەکدار بێت یاخود بێچەک بێت، کار ناکاتە سەر مۆڕاڵ و هێزی ئەوان، ئەوان بە دروشمی 'گیانێکمان هەیە، بۆ نیشتیمان بەختیدەکەین" بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان و خەباتی خۆیان.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕووبار ئەحمەد پەیامی بۆ ژنانی ڕۆژئاوا نارد و وتی: هەر لێرەوە تا ڕۆژئاوای کوردستان سوپاس بۆ ئەو خەباتەی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا دەیکەن و ئێمە مۆڕاڵ لە ئێوە وەردەگرین، لە هەرکوێیەکی دنیا کوردێک لەبەردەم مەترسیدا بێت پێویستە پشتیوانی بکرێت، شانازیش بە ژنانی ڕۆژئاوا دەکەین، بۆ ئەو هێزەی بەرامبەر دوژمن پشانی دەدەن.