یەرەژە گوڵستان و هێرۆ بە بیردەهێنێتەوەو پابەندبوونی خۆی بە پەیامی ڕاگەیاندنی ئازاد دووپات دەکاتەوە

لە ساڵرۆژی دووەمی شەهیدبوونیاندا، یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژنان "یەرەژە" ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی بە بیر هێناوەتەوە، دەڵێت: پەیامەکەیان لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و گەیاندنی دەنگی ژناندا بە زیندووی دەمێنێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژنان "یەرەژە" ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی بە بیر هێناوەتەوە، کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە لەو ئۆتۆمبێلەی کە تێیدا بوون کرانە ئامانج و شەهید بوون.

 

لەو ڕاگەیاندراوەدا، کە ٢٢ی ئاب بڵاوکرایەوە، هاتووە: بە شانازی و خەمێکی قووڵەوە پێشەنگانی ڕاگەیاندنی ئازاد، شەهیدان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە بیر دێنینەوە، ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی کە لە ئەنجامی بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە لە سەیدسادقی سەر بە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان شەهید بوون، ئەمڕۆ ئەوان بە بیر دێنینەوە وەک خاوەنی پەیامێک کە هەڵیانبژاردبوو لە ناو دڵی ڕووداوەکاندا بن، ئەوەی ڕوودەدات بیگوازنەوە بۆ جیهان، دەنگ بدەن بەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە خاوەنداریکردنی سەکۆیەک بێبەش کرابوون بۆ گەیاندنی کێشەکانیان و گفتوگۆکردنی داهاتوویان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لەو ژنانەی ڕاگەیاندن بوون کە تێگەیشتن کێشەی ژن تەنها بابەتێکی ڕاگەیاندن نییە، بەڵکو کێشەیەکە پەیوەندی بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە هەیە، بە مافی ژنان بۆ ئەوەی خاوەن بڕیار بن و بتوانن چیڕۆکی خۆیان بە ورەی خۆیان بنووسن، لەم باوەڕەوە، کامێرا و پێنوسیان هەڵگرت و دۆخی ژنان و خەباتەکانیان گواستەوە، بەشدارییان کرد لە گەیاندنی دەنگی ژنان بۆ ڕووبەری فراوانتر، بەو باوەڕەی کە ئەو گۆڕانکارییەی ژن دروستی دەکات شایستەی بینین، بیستن و بەڵگەدارکردنە.

 

هەروەها یەکێتییەکە نەجمەدین سینانی بە بیر هێناوەتەوە، کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣دا لە ئەنجامی هێرشێکدا لەگەڵ هەڤاڵ دەلیلا عەگید، کە بە سەختی بریندار بوو لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە ڕێگەی قامیشلۆ ـ عامودا لە ڕۆژئاوا لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەیان لە کەناڵی ئاسمانیی ”ژن تیڤی” "JIN TV"، شەهید بوو.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاوکاتبوونی هێرشکردنە سەر ستافی کەناڵی ئاسمانیی ”ژن تیڤی” "JIN TV" لەگەڵ شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی قەبارەی هێرشی بەدواچوونکراو بۆ سەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەیە کە ئەركی خۆیان لە گواستنەوەی ڕاستیدا جێبەجێ دەکەن، هەروەها ڕاگەیاندنی ئازاد هەمیشە ئامانج بووە بۆ ئەو هێزانەی هەوڵ دەدەن دەنگە ئازادەکان بێدەنگ بکەن و ڕاستییەکان بشارنەوە، وتی: ئێمە لە یەرەژە، بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە کە ڕێبازی شەهیدەکانمان لە کارەکانماندا بە زیندوویی بمێنێتەوە، بەردەوام بین لە هەڵگرتنی کامێرا، پێنوس و دەنگ لەو شوێنەی کە لێی وەستان، وەک تەواوکردنیک بۆ ئەو پەیامەی کە باوەڕیان پێی هەبوو و گیانیان لە پێناویدا بەختکردووە.

 

ڕاگەیاندراوەکە ڕوونیکردەوە کە گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین و نەجمەدین سینان، یادەوەریان دەبێتە بەشێک لە یادوەری ڕاگەیاندنمان، بەرخۆدانەکانیان وەک بیرخستنەوەیەک دەمێنێتەوە بۆمان کە ئەو ڕێگەیەی هەڵیانبژارد، ڕێگەیەک بوو کە شایستەی بەردەوامبوون بوو سەرەڕای زۆری ئاستەنگەکان، ئێمە بەردەوام دەبین لە گواستنەوەی ڕاستی، گەیاندنی دەنگی ژنان و بەڵگەدارکردنی ڕێباز و خەباتەکەیان، بەردەوام دەبین لە هەڵگرتنی پەیامی ڕاگەیاندنی ئازاد کە باوەڕیان پێی هەبوو، بە گیانێکی پڕتر لە سووربوون و بەرپرسیارێتی وەک وفادارییەک بۆ شەهیدەکانمان.