ئێران سزای بەسەر ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤدا سەپاند
ڕژێمی ئێران بە کۆی گشتی زیاتر لە ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر دوو ژنە ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافی مرۆڤی دانیشتووی شاری ئابادانی ئێراندا سەپاند.

ناوەندی هەواڵ
لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئابادان سزای بەسەر ڕۆژنامەنووسان مەندانا سادقی، فەرزانە یەحیابادی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ڕەزا محەممەدی، ئاراش غالح گۆلاب و کووروش کەرەمپوور، کە نیشتەجێی شاری ئابادان، لە پارێزگای خوزستانی ئێرانی سەپاند.
دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیان لە ٦ی ئاداردا بەڕێوەچوو، پێشتر دادگای ئینقلابی ئابادان لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٤دا پارێزەرانی مافەکانی بانگهێشت کردبوو بۆ دادگاییکردن.
بەپێی بڕیاری دادگا؛ مەندەنا سادقی و ئاراش غالح گۆلاب بە تۆمەتی 'چالاکی تەبلیغی دژی نیزام' بە ٧ ساڵ و ١٦ ڕۆژ زیندان سزا دران، هەروەها هەردوو پیاوەکە بە تۆمەتی 'کۆبوونەوە دژی ئاسایشی ناوخۆی وڵات' سزای سێ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.
لە لایەکی دیکەوە، کووروش کەرەمپوور بە تۆمەتی 'کۆبوونەوە دژی ئاسایشی ناوخۆی وڵات' بە دوو ساڵ زیندانی سزادرا، فەرزانە یەحیا ئابادی و ڕەزا محەمەدی بە تۆمەتی 'پڕوپاگەندە دژی نیزام' سزای سێ ساڵ و یەک ڕۆژیان بەسەردا سەپێندرا، لەبەر ئەوەی فەرزانە یەحیائابادی ئامادە نەبوو لە دانیشتنەکەدا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئابادانەوە بە ئامادەنەبوونی سزای بەسەردا سەپێندرا.
ئەم بڕیارە دەرخەری ئەوەیە کە فشارەکان بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین لە ئێران زیاتر دەبن و تۆمەتبارکردنەکان بە تایبەت بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان جارێکی دیکە نیگەرانییەکان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا دەوروژێنن.