ئێران پرۆژە یاسای "پاراستنی ژنان لە توندوتیژی" لە پەرلەمان کشاندەوە
پرۆژە یاسای "پاراستنی ژنان لە توندوتیژی" لەسەر داوای حکومەت لە پەرلەمانی ئێران کشاوەتەوە، ئەمەش ڕەخنەی چالاکوانان و ژنان بە گشتی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ناوەندی هەواڵ
لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ و لە کابینەی دەیەمی حکومەتی ئێران پرۆژە یاسای”پاراستنی ژنان لە توندوتیژی” پێشکەش بە پەرلەمان کرا، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە ئامانجی گۆڕانکاری لە پەرلەمان کشایەوە، بەڵام چالاکوانانی بواری مافەكانی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەیانەوێت ناوی ژن بۆ خێزان بگۆڕن و یاساکەش هیچ پەیوەندییەکی بە توندوتیژی دژی ژنان نامێنێت.
ئەشرەف گەرامی زادگان، ڕاوێژکاری یاسایی پێشووی جێگری وەزیری کاروباری ژنان لە کابینەی ١١ و ١٢ـی حکومەتی ئێران ڕەخنەی لە کشاندنەوەی یاسای”پاراستنی ژنان لە توندوتیژی” لە پەرلەمان گرت و لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری ئێسنا ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆژە یاسای”پاراستنی ژنان لە توندوتیژی”، کە یەکەمجار لە سەردەمی کابینەی دەیەمی حکومەتی ئێران ئامادە کرا، لەسەر داوای حکومەت لە پەرلەمان کشاوەتەوە.
ئەوەشیخستەروو، دوای چەندین ساڵ ناکۆکی لە نێوان حکومەت و پەرلەمان و دادوەری بە مەبەستی گۆڕانکاری لە یاساکە و لابردنی هەندێک لە بڕگەکان یاساکە کشاوەتەوە.
وتوشیەتی: پرۆژە یاساکە کاریگەری و ئامانجی بنەڕەتی خۆی لەدەستداوە و چیتر ناتوانێت پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ژنان دابین بکات، دەبێت یاساکە یارمەتیدەر بێت لە دەرکردنی بڕیاری ورد و پشتیوانیکردن لە ژنانی قوربانی، ڕۆڵی جێگری وەزیری کاروباری ژنان لە پرۆژەکە لادەبرێت و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی جێی دەگرێتەوە و ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی لاوازکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.