ئێران هەوڵ دەدات سزای لەسێدارەدانی وریشەو پەخشان ڕەوا بکات

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ناڕەزایی خۆی لە هەوڵەکان بۆ بە یاسایی کردنی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە نامەیەکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و داوای لێکرد ئەو پرسە بخاتە بەرنامەی کارەوە.

 

لە نامەکەدا هاتووە: وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران فیلمێکی لەسەر وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بڵاوکردۆتەوە و هەوڵی بەڕەواکردنی سزای لەسێدارەدان دەدات، ڕێکخراوەکە ڕەخنەی توندی لەم هەوڵە گرت و ڕایگەیاند کە مەبەست لەم فیلمە شەرعیەتدانە بە سزای لەسێدارەدان.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، لانیکەم ١٢ چالاکوان لە شارەکانی سنە، مهاباد و کرماشان بە بیانووی بەشداریکردن لە مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

هەروەها ٦٩ چالاکوانی کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزی لە پارێزگای خوزستان دەستبەسەر کراون و تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لێکۆڵینەوە لە ١٢ چالاکوانی ئازەربایجان دەستیپێکردووە.

 

ئەمیر ڕەیسیان، پارێزەری زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند کە دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی عەزیزی پشتڕاست کردەوە، سەرکردەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو بەڵگەنامانەی کە وەک پارێزەری بەرگری پێشکەشی دادگایان کردووە ڕەتکراونەتەوە.

 

سزای وریشە مورادی دوای دانیشتنەکانی ١٦حوزەیران و ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندرا.

 

ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی و پەخشان عەزیزدا بەردەوامە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی مافەکاندا هەنگاو بنێن.