یەپەژە منداڵێک و دوو ژنی ئێزیدی ڕزگار کرد

یەپەژە ڕایگەیاند کە منداڵێک و دوو ژنی ئێزیدییان ڕزگار کردووە، ئەمەش لە ساڵیادی فەرمانی شەنگال دا وەک مژدەیەک بە گەلی شەنگال درا.

ناوەندی هەواڵ

 

یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە ڕایگەیاند، منداڵێک و دوو ژنی ئێزدییان ڕزگارکردووە کە لە فەرمانی ٧٤ی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە شەنگال ڕفێندراون، بریتین لە عەزیزە خالید عەلی تەمەن ٢٥ ساڵ و تاواف داود چەتۆی تەمەن ٢٤ساڵ، منداڵەکە بەناوی خوناڤ کە تەمەنی دوو مانگە بوو کاتێک ڕفێندراوەو لە کامپی هۆل بوون.

 

 باس لەوەش کراوە، عەزیزە کە خەڵکی گوندی کۆچۆیە، لە کامپی هۆڵ ڕزگار کراوە و تاوافیش لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە سنووری سووریا و عێراق لەلایەن یەکەکانی ئێمەوە دەستگیر کراوە، هەروەها ئەو منداڵە ئێزیدییە بەناوی خوناظ کە تەمەنی دوو مانگ بوو کاتێک ڕفێندرا و لەگەڵ عەزیزە گەورە بوو، لەگەڵ ئەو دوو ژنە ئێزیدییە ڕزگارکرا.

 

یەپەژە دەیان ژنی ڕزگار کردووە

لەنا حسێن، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەپەژە و ڕوکەن جەمال، وتەبێژی ڕاگەیاندنی یەپەژە، هەردووکیان بەخێرهاتنی ژنانی ئێزدییان کرد و پیرۆزبایی ڕزگاربوونیان لێکردن، لەنا حسێن تیشکی خستە سەر چەند خاڵێک و وتی: یەکینەکانی پاراستنی ژنانی یەپەژەمان لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئەمڕۆ سەدان ژنی ئێزدییان ڕزگار کردووە، گەلی شنگال ڕووبەڕووی دەیان فەرمان بوونەتەوەو بەرخۆدانیان کردووە، گەورەترین ئازاری ئەو فەرمانانە پشکی ژنانی ئێزدی بوو، لە کۆمەڵکوژیی داعشدا لە ساڵی ٢٠١٤، ئەم دڕندەییە لە ئاستێکی بەرزدا ئەزموون کرا چەتەکانی داعش هەزاران ژنی ئێزدییان ڕفاند و سووکایەتییان پێکردن و لە بازاڕەکاندا فرۆشتیانن، بێگومان ئێمە وەک یەپەژە دەمانەوێت ژنانی ئێزدی بپارێزین و ڕزگاریان بکەین، ئەرکی سەرەکی خۆمان بینیووە و ساڵانێکە بە هەستیارییەکی زۆرەوە کارمان کردووە بۆ گەیشتن بە ژنانی ئێزدی کە چارەنووسیان نادیارە.

 

"ئەوە تۆڵەی داعشە"

هەروەها ڕوکەن جەمال، وتەبێژی پەیوەندییەکانی یەپەژە پیرۆزبایی ڕزگارکردنی ئەو منداڵە ئێزدییە و ئەو دوو ژنە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا، ڕزگارکردنی ژنە ئێزدییەکان گەورەترین سەرکەوتن و تۆڵەسەندنەوەی ئێمەیە لە داعش، ڕزگاربوون و پاراستنی ژنان تەنیا بە ڕێکخستن و خەباتی بەهێز بەدەست دێت.

 

 یەپەژە بەڵێنی دا تا ژنێکی ئێزیدی لە دەستی داعشدا بێت، ناوەستن و لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگالدا جارێکی تر بەڵێنەکەی جێبەجێ کرد و مژدەی ڕزگارکردنی منداڵێک و دوو ژنی ئێزدی بە گەلی شەنگال دا.