یەپەژە دژی شانەکانی داعش چالاکی ئەنجامدا
یەپەژە بڵاویکردەوە، لە دوو ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر چەتەکانی داعش، سێ چەتە دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕێک چەکدا گیراوە.
ناوەندی هەواڵ
ناوەندی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا سەبارەت بە چالاکییەکانی دژی شانەکانی داعش، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لەم ڕۆژانەدا کە هەرێمەکەمان لە ڕۆژئاوا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هێرشی قورسی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە، شانەکانی داعش هەوڵدەدەن هێرش و کۆمەڵکوژی نوێ دژی گەلەکەمان ئەنجامبدەن، لەسەر ئەو بنەمایە یەکینە ئەمنییەکانمان یەپەژە بە وریاییەوە نزیکبوونەتەوە و زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی دژی دوو شانەی جیاوازی داعش ئەنجامدا.
لەسەر ڕێگای شەداد-حەسەکە، هەڵکوتانە سەر شانەیەکی داعش ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا دوو چەتە دەستگیرکران و یەکێکی دیکەش لەناوبرا.
جگە لەوەش یەکینەکانمان لە دێرەزوور ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا چەتەیەکی داعش دەستگیرکرا و دەست بەسەر ژمارەیەک چەکدا گیرا.
لەئەنجامی ئەو دوو چالاکییەدا سێ چەتە دەستگیرکران و دەست بەسەر ژمارەیەک چەکدا گیرا، بەم شێوەیە پلانێکی دیکەی داعش شکستی هێنا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باس لەوە کرا، ئەوان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا دەبن و هیچ هێرشێکی داگیرکاری بێ وەڵام ناهێڵنەوە.