ئەنجومەنی عەشتار وتەکانی ڕەحمی کۆچیان دژی ژنانی کورد شەرمەزار کرد

ئەنجومەنی عشتاری کامپی مەخموور، لە دژی وتەکانی ڕەحمی کۆچ ڕایانگەیاند، لە دژی ئەو ئەقڵیەتە تێکۆشانمان فراوانتر دەبێت و گەورەترین وەڵاممان بۆ ئەم هێرشانە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخستنی ژنان و بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ئازادییە.

مەخموور

 

ئەنجومەنی ژنانی عشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕوۆستەم جودی "مەخموور" لە دژی عەقڵیەتی پیسی کەسانی ڕەگەزپەرست لە تورکیا ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە کە دژی ژنانی کورد پەرەی سەندووەو هێرشەکانی سەر ژنانی کوردیان شەرمەزار کرد.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئێمە وەک ژنی کورد و کۆمەڵگەی کوردی بێدەنگ نابین، ئاستی تێکۆشانمان لە دژی هەموو جۆرە هێرشێکی زایەندپەرستی و نەتەوەپەرستی بەرز دەکەینەوە

 

ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی عەشتار بەم شێوەیەیە:

با بکوژان، نۆکەران و سیستەمی پیاوسالاری دەوڵەت باش بزانن؛ نزیکبوونەوە لە ژنانی کورد و ژنانی کورد و ژنانی هەموو جیهان، نزیکبوونەوە لە کەرامەتی مرۆڤ و پێوەرەکانی ئازادییە!.

 

ئێمە وەک ئەنجومەنی عشتار بە توندی ئیدانەی ئەو قسە خراپ، ناشیرین و ڕقاویانە دەکەین کە لەم دواییانەدا لەلایەن کەسێکی بێئەخلاق بە ناوی ڕەحمی کۆچەوە دژی کەسایەتی و ناسنامە و شەرەفی ژنی کورد کران، ئەم هێرشە تەنها لێدوانێکی شەخسی نییە، ئەم لێدوانە عەقڵی پیسی بکوژێکی دەمامکدارە کە دەیەوێت ئیرادەی کۆمەڵگایەکی ئازاد لە کەسایەتی ژندا بشکێنێت.

 

ئەمڕۆ لە کوردستان و جیهاندا، بکوژان دەمامکی “پاراستنی”، “سیاسەتمەداری” یانیش “وڵاتپارێزی” دەخەنە سەر ڕووخساری خۆیان و زۆرترین هێرش دەکەنە سەر ژنانی کورد، چونکە ئێمە زۆر باش دەزانین کە شۆڕشی کوردستان شۆڕشێکی ژنانە، ئەو دەمامکانەی کە لەسەر ڕووی خۆیانی دادەنێن، ڕووی کوژەری ئەوان، فاشیست و دژە ژنیان ناشارێتەوە، کەسانی وەک ڕەحمی کۆچ و هاوڕێکانی خراپترین بەرهەمی ئەو سیستەمە قڕکەرەن، سیستەمەکەیان لەسەر خوێن و ڕەنجی ژنان بونیاد ناوە.

 

ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، “ئازادی کۆمەڵگا لە ئازادی ژندایە، ژنی کورد بەم فەلسەفەیە لەناوخۆیدا زیندوو بووەوە، بوو بەخاوەنی سوپا، ئیرادە و پێشەنگی مرۆڤایەتی دەکات، هێرشکردنە سەر ژنانی کورد، لە بنەڕەتدا هێرشکردنە سەر ئەم فەلسەفەی ڕزگارییەیە”، وەک ئەنجوومەنی عەشتار لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەرایەتیمان قسە دەکەین.

 

فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ هێڵی سووری ئێمەیە، ئێمە بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی و ئازادیخوازیی ژندا گەورە بووین، هیچ هێزێک و هیچ بکوژێک و هیچ زمانێکی پیس ناتوانێت ئەم ئیرادە ئازادە لەناو ببات کە لە دڵ و مێشکماندا گەشەی کردووە، تێکۆشانمان فراوانتر دەبێت، گەورەترین وەڵاممان بۆ ئەم هێرشانە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخستنی ژنان و بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ئازادییە.

 

لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێین، ئێمە وەک ژنی کورد و کۆمەڵگای کوردی بێدەنگ نابین، ئاستی تێکۆشانمان لە دژی هەموو جۆرە هێرشێکی زایەندپەرستی و نەتەوەپەرستی بەرز دەکەینەوە، بەهاکانمان پیرۆزن، کولتوور، ناسنامە و جوانی ژنی کورد هەوێنی بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و یەکسانە، هیچ زمانێکی پیس ناتوانێت ئەم ڕاستییە بشێوێنێت.

 

داوا لە هەموو ژنانی کوردستان و جیهان دەکەین دژی ئەم کوژەرە پیس و چەپەڵانە و عەقڵیەتی مرۆڤکوژیان یەکبگرن، با هەموان بزانن کە ژنی کورد بێ کەس نییە، خاوەنی مێژوو، سوپا و فەلسەفەی ڕزگاری ژنە، هێڵی بەرخۆدانی ئێمە ڕوونە، هەرگیز ڕێگە نادەین کەسانی وەک ڕەحمی کۆچ و هاوڕێکانی بەها نەتەوەیی و زایندییەکانمان بکەنە ئامراز بۆ دەمی ناشرینیان”.