ئەندازیار سەنا تەمێ: بەهاوکاری گەل شارەکەمان جوان دەکەین

شارەوانی گەلی شاری دێرک پڕۆژەیەکی بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان دەستپێکردووە، ئەندازیار سەنا تەمێ کە بەشدارە لەو کارەدا، ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە پڕۆژەکانیان دوادەکەوێت و بە هاوکاری گەل شارەکە جوانتر دەکەن.

عەبیر محەمەد

 

دێرک-شارەوانی گەلی شاری دێرک سەر بە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی بە پرۆژەی دروستکردنی شەقامی شارەکان کردووە، نزیکەی ٥ هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت، لەسەر بنەمای داواکاری گەل، شارەوانی دەستی کرد بە دروستکردنی ئەو ڕێگاوبانانەی کە زیانیان پێگەیشتووە و پەرەپێدانی چەندین پڕۆژەی دیکە بۆ خزمەتگوزارییەکانی شارەکە. .

 

"پڕۆژەکە لەسەر بنەمای خواستی گەل دەستی پێکردووە"

سەنا تەمێ، ئەندازیاری شارستانی لە بەشی تەکنیکی شارەوانی گەلی دێرک سەبارەت بە پڕۆژەکانی دروستکردنی ڕێگاوبانەکان وتی: شەقامەکانمان زۆر خراپ بوون، گەلیش دەیانویست ئەو ڕێگایانە دروست بکرێن، لە ٣ی ئەم مانگەدا دەستمان بە پرۆژەکەمان کرد، تا ئێستا بەشێکمان تەواو کردووە و هێشتا بەشێکی ماوە، نزیکەی ٥ هەزار مەتر چوارگۆشە شەقام دروست دەکەین و هەوڵی ئەوە دەدەین زیاتر لەوە بکەین، چونکە شەقامەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، هەروەها پڕۆژەمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئاوی باران لە وەرزی زستاندا، هەروەها پڕۆژەمان هەیە بۆ چاککردنەوەی هێڵەکانی ئاوەڕۆ، سیستمی وزەی خۆرمان بۆ ژمارەیەک بیری ئاو داناوە، بۆ ئەوەی ئاو بۆ خەڵک نەبڕێت، هەروەها مۆلیدەی بیرەکانی تریشمان داناوە.

 

"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا زیان بە بودجە و کارەکانمان دەگەیەنن"

سەنا تەمێ ئاماژەی بەوەکرد، هێرشە لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکەیان زیان بە بودجە و چالاکییە خزمەتگوزارییەکانیان دەگەیەنێت و وتی: هەموومان دەمانەوێت بە زووترین کات پڕۆژەکانمان تەواو بکەین، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بەردەم چالاکییە خزمەتگوزارییەکانماندایە، جگە لەوەش هەندێک کێشە لە نەبوونی ئامێر و ستاف و پچڕانی کارەبادا هەیە.

 

"بە هاوکاری گەل، پڕۆژەکانمان سەردەکەون"

سەنا تەمێ ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیان، داوای لە گەل کرد هاوکاری شارەوانییەکانیان بکەن و لە کۆتاییدا وتی: بەردەوام دەبین لە کارەکانمان تا دەگەینە ئامانجەکانمان، هەموو ساڵێک لە ساڵی پێشوو باشترین، هیوادارین گەل هاوکارمان بن لە پاککردنەوە و پاراستنی شەقامەکان لەکاتی چاککردنەوەی شەقامەکان بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات، چونکە پڕۆژەکانمان بە هاوکاری گەل سەرکەوتوو دەبن.