ئەندامێکی تۆڕی ٨ی مارس: ڕاگرتنی ئامارەکانی کوشتنی ژنان تیشک خستنە سەر کوشتنەکانی کەم کردۆتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی ٨ی ئادار، ژنانی چالاکوان بەردەوام لە هەوڵی ئەنجامدانی چالاکیەکانن، سەرەڕای ئەوەش کوشتنەکانی ژنان بەردەوامە، لە ماوەی ٥٣ ڕۆژدا ٩ ژن لە هەرێمی کوردستاندا کۆتای بە ژیانیان هێندراوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی_ کوشتنەکانی ژنان لە جیهاندا بەردەوامی هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوشتنەکان تابێت زیاتر دەبێت، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، تا ٢٢ی شوباتی٢٠٢٥، ڕێژەی کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان ٩ ژنی تێپەڕاند، سەرەڕای هەوڵەکانی ژنان و ئەندامانی گوروپەکانی ژنانی چالاکوان کوشتنەکان بەردەوام لە زیادبووندایە، چالاکوانان لەگەڵ نزیکبونەوەی ڕۆژی ٨ی ئادار کە وەک ڕۆژێک بۆ تێکۆشانی ژنان لە جیهاندا دیاریکراوە، لە ڕێگەی چالاکییەکانیانەوە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و نەمانی کوشتنی ژنان دەدەن، ژنان و ئەندامانی دامەزرێنەری تۆڕی ٨ی مارس، لەڕێگەی کۆڕوچالاکییەکانیانەوە پێشوازی لە ٨ی ئادار دەکەن، لە ئێستادا بە نزیکەی لە ٥٠ ئەندام پێکدێن، ماوەی سێ ساڵە کار بۆ پرسەکانی ژنان دەکەن، دەستەی گشتی لەمساڵدا سێ جار کۆبونەوەیان بۆ کارکردنی ٨ی ئادار ئەنجام داوە، تیایدا باس لە بەڕێوەبردنی کۆبونەوەی ٨ی مارس دەکرێت، کە ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی کۆمەلگەیە لە بارەی پرسەکانی ژناەوە، تیایدا بڕیار لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە بەردەرکی سەرا و ئەنجامدانی چەندین چالاکی هونەری و سینەمای دەدرێت، پاشان لە ڕێگەی دیاریکردنی چەندین ژنی بە توانای شاری سلێمانی بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵ هەڵدەبژێرن، تێیدا بە چەندین دروشم کار بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و ڕێگریکردن لە کوشتنی ژنان دەکەن.

 

" لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا چالاکییەکانمان لە ناو هاوڵاتیاندا ئەنجام دەدرێت"

شەدە بەشیر، بەرپرسی کارگێری ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیری ژنان و ئەندامی دامەزرێنەری تۆڕی ٨ی مارس، ئاماژەی بەوەکرد، گروپی ٨ی مارس ماوەی سێ ساڵە لە کار و چالاکییەکانی بەردەوامە، بە نوێنەرایەتی ژنانی چالاکوانی شاری سلێمانی، وتی: چالاکییەکانمان بە هاوبەشی ژنانی چالاکوانی ژنان ماوەی سێ ساڵە بەردەوامی هەیە، لەگەڵ ژنانی ئاشتیخواز خەڵاتی ئاشتی بە ژنانی یەکسانیخواز دەبەخشین، لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٥دا بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی بەشداری لە مەڕاسیمی ڕۆژی ژناندا دەکرێت، لە سەرەتای ساڵی نوێوە بەردەوامین لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و سیمینارەکانی گروپی ٨ی مارس، تێیدا کاندیدی براوە خەڵاتی سەرەکی و ڕێزلێنان وەردەگرن، هەروەها لە سەرەتای مانگی ئادارەوە چالاکیەکان تا ڕۆژانی ٨ی مانگ دەستپێدەکات، لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا چالاکییەکانمان لە ناو هاوڵاتیاندا ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی بەشداری کردنی زۆرێک لە ژنان و پیاوانی ئازادی خواز.

 

ئەوەشیخستەڕوو، سەرەڕای هەبوونی چالاکیی و کۆڕ و سیمینارەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان کوشتن و توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامی هەیە، وتیشی: کوشتنەکانی ژنان بەردەوامی هەیە، نەبوون و ڕاگرتنی ئامارەکانی کوشتنی ژنان تیشک خستنە سەر کوشتنەکانی کەم کردۆتەوە، نەبوونی ئامارەکان ئاریشەکانی بەرەو زیادبوون بردووە، لە لایەن ڕێکخراووەکانەوە ئامارەکانی کوشتنی ژنان کۆ دەکرێتەوە، لە سەری ساڵی ٢٠٢٥ەوە کوشتنی ژنان تا مانگی ئاداری هەمان ساڵ لە ماوەی ٣ مانگدا ئامارەکان مەترسیدار خۆیان نیشان دەدەن، دەمانەوەیێت لە ٨ی ئاداردا جەخت بکەینە سەر کوشتنەکان و کەمکردنەوەیان، ئەرکی ڕێکخراوەکان گەیاندنی پەیام و زانیاری و جۆرەکانی توندوتیژی و جۆرەکانی ڕاپۆرتەکان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بۆ کارکردن ئامادەدەکرێت، ڕێکخراوەکان هیچکات درێخیان لە بنەبڕکردنی کوشتنی ژنان نەبووە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار ئەرکیان چڕکردنەوەی یاساکانە بەرامبەر کوشتنی ژنان، لایەنی پەیوەندیدار وەک پێویست بە بنەبڕکردن و کومکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان هەڵنەستاوە، لە کاتێکدا بە چڕکردنەوەی یاساکان و ڕێگرییەکانیان دەتوانن ئامارەکانی کوشتنی ژنان بەرەو کەمبوونەوە ببەن.

 

" هەموواری یاسای باری کەسێتی بەشێکی گرنگی بابەتەکانی ٨ی ئادار دەبێت"

شەدە بەشیر ئاماژەی بەوەکرد، یاساکان لە عێراقدا بوونەتە هۆکاری کوشتنەکانی ژنان، هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا کاریگەری بۆسەر کۆمەڵکوژی ژنان دەبێت، وتی: هەموواری یاسایی باری کەسێتی ٢٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، لە ئێستادا باسێکی گرنگی چالاکییەکانمان دەبێت، هەوڵێکی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان و عێراق درا بۆ هەمووارنەکردنەوەی، بەڵام تێپەڕاندنی یاساکە کاری ئێمەی چالاکوانی گرانترکرد، ئێمەی چالاکوان هەموواری یاسای باری کەسێتی یەکێک لە پرسە گرنگەکانمان بۆ ٨ی مارس دەبێت، لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە هەوڵ بۆ بەربڵاوکردنەوەی کارەکانمان دەدەین، دەبێت ڕاگەیاندکاران وەک پرسێکی گرنگ لە ڕۆژانی چالاکی ٨ی ئادار بڕوانن، کارکردن لەسەر کەیسەکانی ژنان ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شەدە بەشیر وتی: بە نزیکەی ٥٠ ئەندام لە تۆڕەکەماندا کار بۆ پرسی ژنان دەکەن، تۆڕەکەمان بە کراوەی دەمێنێتەوە تا بتوانێت ئەندامی دیکەش زیادبکات، بە ئامانجی کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان کار دەکرێت، لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و چالاکییەکانەوە کار بۆ نەمانی دەستدرێژی و کوشتنەکانی سەر ژنان و گۆڕینی ئەقڵی پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکەین.