ئەمەل جەلال: بەشداریی سیاسی ژنان هێشتا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری قووڵتر دەبێت
ئەمەل جەلال وتی: قۆناغێکی ڕاگوزەری چەکداری و بەشداریکردنی ژنان لە پرسە چەکدارییەکاندا هەبووە، پێویستە ئەو پرسە تێپەڕێنین هەنگاوی گرنگتر بۆ پرسە سیاسییەکان بنێین.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ژنان لە سەرانسەری جیهاندا ڕۆڵی سەرەکییان لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیدا هەبووە، بەڵام بەشداریی فەرمی و سیستماتیک لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا هەردەم ڕووبەڕووی بەربەستی جددی و پێکهاتەیی بووەتەوە، هەروەها بوونی واتای ژنان لە ئاستی بڕیارداندا بووتە هۆی باشترکردنی ئەدای حکومەت، کەمکردنەوەی گەندەڵی، بەرەوپێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان تا هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ڕۆڵ و کاریگەری ژنان دەردەکەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا، لە زۆربەی وڵاتان، بەشداریی سیاسی ژنان هێشتا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری قووڵتر دەبێت، لەوانە جیاکاریی یاسایی، کڵێشەی جێندەر، پێکهاتەی پیاوسالاری، هەڕەشەی سیاسی و توندوتیژی، و نەبوونی پاڵپشتی ئابووری، ئەم بەربەستانە نەک تەنها بەشداریی سیاسی ژنان سنووردار دەکەن بەڵکو بنەماکانی دێموکراسییش لاواز دەکەن، چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە پێویستی بە سیاسەت داڕشتن، چاکسازی یاسایی، بەهێزکردنی پەروەردەی جێندەر و دروستکردنی بۆشاییەکی پارێزراو بۆ چالاکی سیاسی ژنان هەیە.
"پێویستە ژنان شەڕی بەدەستهێنانی مافەکانیان بکەن"
ئەمەل جەلال، لێپرسراوی بۆردی ڕێکخراوەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١دا، لە باشووری کوردستان ژنان ڕۆل و کاریگەریان لەسەر ژنانی دیکە بەجێ هێشتووە، پاشان شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا و بونیادنانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، دوبارە ڕۆڵ و کاریگەری گرنگ و خێرای لەسەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد وتی: ئامانجمانە مافەکانی پێشکەوتنی ژنان دەستەبەر بکەین، ژنان لە خەباتی کۆن و نوێدا ڕۆڵی گرنگیان بەجێ هێشتووە، پێویستە ئێمەی ژنان بەرنامەو پلان و ستراتیژی و ڕوئیایەکی ڕوونی ژنانەمان هەبێت، خودی ژن دەبێت شۆڕشێکی یاسایی و دەستووری و مەدەنی کاراتری هەبێت، بەڵام بەهۆکاری نەبوونی پەیوەندی لە نێوان ژنانی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆتە هۆکاری دروستبوونی پەرتبوون، کە ئەو پەرتبوونە دەبێتە لێکترازانی فکری ژنان یان سووربوون لەسەر دەستکەوتو ڕوئیاییەکی ژنانە، لە کۆندا ڕایەکی گشتی نەبوو بۆ بەشداری سیاسی ژنان، بەڵکوو نەریتیانە ژنان تەنها کاریان بەخێوکردن و ئامادەکردنی خواردن و ماڵداریکردن بووە، ئەمە ئەرکێکی مرۆییە، بەڵام دەبێت کارەکتەرێکی بەهێزی سیاسی و مرۆیی بێت، قۆناغێکی ڕاگوزەری چەکداری و بەشداریکردنی ژنان لە پرسە چەکدارییەکاندا هەبووە، دەبێت ئەو پرسە تێپەڕێنین هەنگاوی گرنگتر بۆ پرسە سیاسییەکان بنێین.
وتیشی: پێویستە ڕایەکی گشتی دروستبکەین، لە ئێستادا ژنان لە ناو حزبە سیاسییەکان و پەرلەماندا دەبیندرێن، بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە سیستمی کۆتایی تێنەپەڕاندووە، لەبەر ئەوەی پرسەکە پرسێکی دامەزراوەی نییە، کاتیک لە ئەنجومەنی باڵای خانماندا بووم، پڕۆژەیاسایەکمان پێشکەس بە پەرلەمان کرد، بۆ بەشداریکردنی سەرجەم دامەزراوە سیاسییەکان کە دەبێت بە پێوەری کۆتا ژنان بەشداری لە کارە سیاسییەکان بکەن، پێویستە بۆ زیادبوونی دەستکەوتەکانی ژنان دەسەڵات بخرێتە ژێر هەژموونی پرسیار و فشار و لێکۆڵینەوە، لە نەبوونی دەسەڵات لە پێگە سایسییەکاندا ژنان خودی خۆیان بەرپرسیارن.
" پێویستە ژنان هەوڵیان بۆ ژنبوونی خۆیان و ژنانی دیکەش هەبێت"
ئەمەل جەلال لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: پێویستە ژن شەڕی بەدەستهێنانی مافی خۆیی و ژنانی دیکەش بکات، پێویستە ژنان هەوڵدانیان بۆ زیاترکردنی خوێندنەوەی ژنبوونی خۆیان و ژنانی دیکەش هەبێت، خوێندنەوەیان بۆ زیاتر بەشداریکردن و هۆکاری بەشداریکردن و ئامانجی بەشداریکردن و ڕۆڵیان لە ناو سیاسەتەکەدا هەبێت، لە ڕووی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و دەستکەوتە گرنگەکانی ژنانەوە، پێویستە ژنان ئەو جیاوازییە لە پەڕلەمان و کایە سایسییەکان بۆ ڕەگەزی بەرامبەر نیشان بدات تواناکانیان چەندە گرنگە لە کایە سیاسییەکاندا، هەروەها هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەگەر پەیڕەو پڕۆگرامیان بخوێنیتەوە، نیزامی کۆتا بە ئاشکرا تێیدا بەدی دەکرێت، پێویستە تەواوی میدیاکاران و ڕێکخراوەکان لێکۆڵینەوە لە ناو حزب و لایەنەکاندا بکەن تا بزانن بە تەواوەتی ئەم پەیڕەو پڕۆگرامانە ڕەنگی داوەتەوە، لە کۆتاییدا دەبێت ئێمەی ژنان لێرەوە دەستپێبکەین، چونکە حیزبە سیاسییەکان دروستکەری پەرلەمان و بریاردانە، لە ئێستادا من کار بۆ لە٪٢٥ی ژنان لەسەرجەم سەندیکا و ڕێکخراوەکاندا دەکەم کە دەبێت لەو ڕێژەیە کەمتر نەبن، چونکە ژنان بۆشاییان لەناو سەندیکا و بەشێک لە ڕێکخراوەکان هەیە، بۆیە ژنان دەبێت خۆیان کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایەییان بکەن.