ئەم بەیانییە زیاتر لە ٧٧ کەس لە کۆمەڵکوژییەکدا لە بەیت لاحیە کوژران

هێزەکانی ئیسرائیل لە پرۆژەی بەیت لاحیە لە باکووری کەرتی غەززە کۆمەڵکوژییەکی نوێیان لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٧٧ کەس گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە هێزەکانی ئیسرائیل شەڕێکی بەرفراوانیان لە دژی غەززە دەستپێکردووە کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس و ماڵ و ژێرخانی زۆری لێکەوتووەتەوە، ئەمە جگە لە بارودۆخی مرۆیی کارەساتبار کە ڕووبەڕووی دانیشتوانی کەرتی غەززە دەبێتەوە .

 

لە ئەنجامێکی سەرەتاییدا، ئەمڕۆ ٢٩ی تشرینی یەکەم، هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکی نوێیان لە پرۆژەی بەیت لاحیە لە باکووری کەرتی غەززە ئەنجامدا و بەهۆیەوە ٧٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژران، کە منداڵ و ژنیشیان تێدابوو، دەیان کەسیش برینداربوون، کە زۆربەیان برینییان سەختە.

 

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هێزەکانی ئیسرائیل بە یەک مووشەک بینایەکی نیشتەجێبوونی ٥ نهۆمییان کردووەتە ئامانج کە نزیکەی ١٥٠  ئاوارەیان تێدابووە لە بەیت لاحیە لە باکووری کەرتی غەززە، ئەمەش بووەتە هۆی لەناوچوونی تەواوەتی.

 

 بانگەوازەکان بۆ یارمەتیدان لە گەڕان بەدوای ڕزگاربووان و ونبووەکاندا هێشتا بەردەوامن، چونکە دەیان کەسی ئاوارە لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، بەرگری شارستانی و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن ناتوانن بگەنە لایان.

 

لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان کە تاکە نەخۆشخانەیە تا ئێستا کاردەکات و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە تۆپبارانی بەردەوامی لەسەرەو بە وتەی شایەتحاڵانیش زیاتر لە ٢٠ برینداری سەخت تۆمارکراوە.

 

فریاگوزارییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی بێسەروشوێن لە ژێر داروپەردووی بینای نیشتەجێبوونەکەدا ئەگەری زۆرە ژمارەی زیانبەرکەوتووان زیاد بکات.

 

بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانە مەیدانییەکانی غەززە داوای لە پزیشکانی نەشتەرگەری کرد بگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەمال عەدوان بۆ ئەوەی هەوڵی ڕزگارکردنی بریندارەکان بدەن، نەخۆشخانەکە ناتوانێت چارەسەری دەیان بریندار بکات بەهۆی نەبوونی تواناکانەوە دوای بۆردومانکردنی دەوروبەرەکەی لەکاتی چارەسەرکردنی بریندارەکاندا، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ئەو شتانە بوەستێنن کە لە باکووری کەرتی غەززە ڕوودەدەن و تەنها تەماشای زیانی زیاتر نەکەن.