یەکێتیی مامۆستایانی کورد: زمانمان هەبوونمانە
یەکێتیی مامۆستایانی کورد بانگەوازی کرد لە ٢١ـی شوباتدا کە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە، زمانی کوردی بکرێتە فەرمی و وەک زمانی دایک لە بواری پەروەردەدا بخوێنرێت.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتیی مامۆستایانی کورد بەبۆنەی ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ڕاگایەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: زمان تەنها ئامرازی پەیوەندی نییە، بنەمای هەبوونە، گەنجینەی یادەوەری کۆمەڵایەتییە، ڕەگی کولتووری و پیرۆزترین ناسنامەی نەتەوەیەکە. وەک یەکێتیی مامۆستایانی کورد "YMK"، ٢١ی شوبات؛ ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە گەلی کورد و هەموو ئەو گەلانەی کە تێکۆشان بۆ پاراستنی زمان دەکەن پیرۆز دەکەین.
مێژووی ئەم ڕۆژە لەسەر بنەمای بەرخۆدانێکی شکۆمەند دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٥٢ لە بەنگلادیش خوێندکاران بۆ پاراستنی زمانی دایکی خۆیان (بەنگالی) گیانی خۆیان فیدا کرد. ئەم بەرخۆدانە مێژووییە بووە هۆی ئەوەی یونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٩دا ٢١ـی شوبات وەک 'ڕۆژی جیهانی زمانی دایک' بناسێت. لەو کاتەوە ئەم ڕۆژە لە هەموو جیهاندا وەک سیمبولێک بۆ پاراستنی زمانە بندەستەکان و مافی خوێندن بە زمانی دایک پیرۆز دەکرێت.
زمانی کوردی سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ئاسمیلەکردن و چەندین سەدە قەدەغەکردن، لە سایەی ڕەنجی بێهاوتای دایکانی کورد و فیداکاری مامۆستایان و دڵسۆزان، تا ئەمڕۆ ماوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکدا بە ملیۆنان منداڵی کورد لە مافی خوێندن بە زمانی دایکیان لەسەر خاکی خۆیان بێبەشن. ئەم دۆخەش پێچەوانەی هەموو ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و شکۆی مرۆڤایەتییە
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەک مامۆستا و پەروەردەکاران دەزانن بناغەی گەشەسەندنی هۆشیاری و کەسایەتی منداڵان بە پەروەردەکردن بە زمانی دایک تێپەڕ دەبێت و وەک YMK بەمجۆرە بانگەوازی خۆیان دەگەیەنن بە گەلەکەیان:
- با زمانی ڕۆژانەمان کوردی بێت. با لە ماڵەکانمان و لەگەڵ ئازیزانمان بە زمانی کوردی قسە بکەین.
- زمانی کوردی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە تایبەت لە بواری پەروەردەدا ستاتۆیەکی فەرمی هەبێت.
- پێویستە شارەزایان و دامەزراوە تایبەتەکانی بواری زمان یەکبگرن بۆ بنیاتنانی زمانێکی ستاندارد.
- پێویستە هەموو زانکۆ، قوتابخانە، دامەزراوە کوردی و کوردستانییەکان، مامۆستایان، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، توێژەران، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان و هتد زمانی کوردی وەک زمانی یەکەمی خۆیان بزانن و نووسینەکانیان بە زمانی کوردی بڵاوبکەنەوە.
- داوا لە هەموو دامودەزگا و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین پێداگربن لەسەر ئەوەی زمانی کوردی 'بژاردە' و 'ئارەزوومەندانە' نەبێت لە سووریا، بەڵکوو زمانی سەرەکی بێت.
پێکەوە دەتوانین خزمەتی زمانەکەمان بکەین و لە هەموو هەڕەشەکانی لەناوچوون بیپارێزین. لە خزمەتکردنی زمانەکەمان بەردەوام دەبین. نابێت لەبیرمان بچێت: 'زمانی ئێمە بوونی ئێمەیە.
ڕۆژی جیهانی زمانی دایک پیرۆز بێت.