یەکێتی ژنانی سودان: ئەوانەی بەهۆی شەڕەوە نەکوژراون بە نەخۆشی کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە

یەکێتی ژنانی سودان دووپاتی کردەوە کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ئەو وڵاتە مەترسییەکی ڕاستەقینە، بۆ سەر تەندروستی و ژیانی دانیشتووان، بەتایبەت ژنان و منداڵان دروست دەکات.

سودان

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سودان شایەتی بڵاوبوونەوەی ڕاستەقینەی نەخۆشی کۆلێرا بووە، بەتایبەتی لە پارێزگای خەرتوم، ئەو ناوچانەی بەدەست کەمی ئاوی پاک و خراپی پاکوخاوێنی دەناڵێنن. ئەمەش وایکردووە ڕێکخراوەکان و کۆمەڵەکان داوای بەپەلە بکەن بۆ بەرەیەکی یەکگرتوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەنگاریە تەندروستییە ڕاستییە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکدا کە ڕۆژی ۲٨ی ئایار بڵاویکردەوە، یەکێتی ژنانی سودان نیگەرانی خۆیان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە چەند پارێزگایەکی سەرتاسەری وڵات دەربڕی. ئەم بڵاوبوونەوەیە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر تەندروستی و ژیانی دانیشتووان بەتایبەت ژنان و منداڵان دروست دەکات، کە لەبەر ڕۆشنایی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستی لە سودان، بەتایبەتی لەگەڵ دابەزینی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و کەمی ئاوی پاکی خواردنەوە، لەنێو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین تووشبوون بە پەتاکان.

 

یەکێتی ژنانی سودان جەختی لەوە کردەوە کە وەڵامدانەوەی پەتای کۆلێرا پێویستی بە کردەوەی بەپەلە و کاریگەرە لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، لەوانەش دەسەڵاتدارانی تەندروستی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان. جەختی لەسەر پێویستی ڕاگەیاندنی ناوچە زیان لێکەوتووەکان وەک ناوچەی کارەساتی تەندروستی و جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆڵە تەندروستییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی کارەساتی پەتا و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک و پێداویستی پاکوخاوێنی بۆ ناوچە زیان لێکەوتووەکان، بەتایبەتی لە کامپەکان و ناوچە گوندنشینەکان.

 

تیشک خرایەسەر گرنگی چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاری تەندروستی لەسەر شێوازەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشی، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسە گومان لێکراوەکان، پاڵپشتیکردنی دامەزراوە تەندروستییەکان بە دەرمان و پێداویستییە پێویستەکان، ئاسانکاری بۆ گەیشتن بە کارمەندانی پزیشکی، بۆ ناوچە زیان لێکەوتووەکان. داوای تەرخانکردنی بەرنامەی تایبەت بۆ ژنان لە وەڵامدانەوەی تەندروستیدا، بۆ دڵنیابوون لە پاراستنیان لە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی، بەتایبەتی لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم پەتایە جارێکی دیکە تیشک دەخاتەسەر پێویستی بەپەلەی بەهێزکردنی ژێرخانی تەندروستی و گەرەنتیکردنی مافی چاودێری تەندروستی وەک مافێکی بنەڕەتی، بۆ هەموو دانیشتووان. داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە پێکەوە بوەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵەنگاریە تەندروستییە ڕاستەقینەیە.