یەکێتی ژنانی سودان داوای پاراستنی ژنانی پەنابەر دەکات

لە ڕۆژی جیهانی پەنابەران، یەکێتی ژنانی سودان داوای پاراستنی یاساکانی کۆچبەری و پەنابەری و پابەندبوون بە پاراستنی مافی پەنابەرانی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کرد.

سودان

 

دوێنێ ٢٠ی حوزەیران کە ڕۆژی جیهانی پەنابەران بوو، یەکێتی ژنانی سودان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پێشێلکارییەکانی کە زیاتر لە ساڵێکە لەبەرامبەر پەنابەرانی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەنجام دراون، خستەروو.

 

یەکێتی ژنانی سودان جەختی لە گرنگی پابەندبوون بە یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە پەنابەران و کارکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە یارمەتییە مرۆییەکان بگاتە دەستی پەنابەران کردەوە.

 

یەکێتییەکە بە ئاماژەدان بە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران، جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی پەنابەران ئەرکی ١٣٩ وڵاتی جیهانە، داوای کۆتایی هێنان بە شەڕ و کۆتایی هێنان بە تاوانەکانی دژی خەڵکی سڤیل بە خێرایی و بێ مەرج کرد، هاوکات مسۆگەرکردنی لێپێچینەوە لە سەرجەم ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگ و توندوتیژی زایەندی.

 

یەکێتییەکە ستایشی ئەو ژنە سودانییە "وەستاو و خۆڕاگرانە"ی کرد کە لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی کە لە کامپەکانی پەنابەران و ئاوارەبووندا بەرامبەریان ئەنجام دەدرێن، تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەن.

 

 ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە ئێستادا سودان ڕووبەڕووی خراپترین قەیرانی ئاوارەبوون بووەتەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣، ژمارەی ئاوارەبووەکان گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس، و ڕێژەکەش مەزەندە دەکرێت زیاتر لە نیوەیان ژنن و چارەکێکیان منداڵی خوار تەمەنی ٥ ساڵانن.

 

یەکێتی ژنانی سودان بێدەنگ نێودەوڵەتی شەرمەزار کرد

یەکێتی ژنانی سودان بێدەنگیی نێودەوڵەتیی بەرامبەر ئەو ئازارانەی کە لە کامپی "ئولالا" لە ئەسیوپیا لە ژێر بارودۆخی سەختی ژینگەیی و مرۆیی و تەندروستیدا ڕووبەڕووی پەنابەران دەبێتەوە، شەرمەزار کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارەکانی ئەو شەڕە، کە بووە هۆی خوێنڕشتنی بەردەوام و زیانگەیاندن بە هەموو کۆمەڵگە بەبێ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی، بۆ کێبڕکێ و ململانێ لەسەر سامانە سروشتییەکان و سەرچاوەکانی دیکەی گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم شەڕە پاڵپشتی لایەنە بیانییەکانی بۆ هەردوو لایەنی شەڕەکە وەرگرتووە بۆ ئەوەی دەست بگات بە سەرچاوەکان.

 

یەکیێتی ژنانی سودان خوازیاری پێویستی بڕیارێکی چارەنووسسازە کە لەلایەن هێزەکانی دەرەوەی سودانەوە دەربکرێت بۆ وەستاندنی پشتیوانی سەربازی و دابیننەکردنی چەک بۆ هەردوو لایەنی شەڕەکە، ئاماژەی بە ڕۆڵی فشاری خەڵک بۆ سەر حکومەتەکانیان کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی هاودەنگی لەگەڵ قەیرانی مرۆیی لە وڵاتەکەدا بوەستن، ڕێڕەوی پارێزراو بکەنەوە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکان و پەنابەران.

 

یەکێتی ژنانی سودان جەختی لەوەکردەوە، سەرکەوتنی پڕۆسەکانی ئاشتی و دانوستان دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی تەڤگەرە کۆمەڵایەتییەکان، سەندیکا کرێکارییەکان، هێزە شۆڕشگێڕە زیندووەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان.