یەکێتی لاوانی سۆسیالیستی نێودەوڵەتی داوای بەپەلە ئازادکردنی پەخشان عەزیزی دەکات
یەکێتی نێودەوڵەتیی لاوانی سۆسیالیست بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای لە کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران کرد کە دەستبەجێ لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕابگرن.
ناوەندی هەواڵ
یەکێتی نێودەوڵەتی لاوانی سۆسیالیستی لە کاردانەوە بە ڕەتکردنەوەی دادگایی کردنی پەخشان عەزیزی، چالاکوانی مەدەنی، توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی کورد لەلایەن دادگای باڵای ڕژێمی ئێرانەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
سەندیکاکە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە پەخشان عەزیزی نزیکەی١٠ ساڵ لە تەمەنی خۆی بە پاڵپشتیکردنی ژنان و منداڵانی ئاوارە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەسەر بردووە، دوای شەڕی داعش.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە وتەی پارێزەرانی پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٨ی شوبات، دادگای بڕیاردانیی ئێران تانەکەی ڕەتکردەوە و لە هەمان کاتدا ڕاگرتنی حوکمی لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە، ئەم کارە بەو مانایەیە کە پەخشان عەزیزی لە مەترسیی دەستبەجێی سزادانیدایە، ئەم داواکارییە لە ماوەی کەمتر لە یەک ڕۆژی کارکردندا ڕەتکرایەوە، بەبێ پێداچوونەوەی ورد بە دۆسیەکە، ئەمەش نیشاندەری نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە بە تەواوی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی یەکێتی لاوانی سۆسیالیستی نێودەوڵەتیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و چەندین پسپۆڕی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دادگاییکردنی پەخشان عەزیزی پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بووە و سزادانی لەسەر بنەمای تۆمەتی سیاسی بووە نەک پرۆسەیەکی دادوەری یاسایی، ئەوان داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا یەکێتی نێونەتەوەیی لاوانی سۆسیالیستی داخوازیەکانی خۆی ئاڕاستەی ڕژێم و دەسەڵاتدارانی ئێران کرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و دادگاییکردنی سەربەخۆ و دادپەروەرانە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بۆ ناوبراو کرد، لەگەڵ مسۆگەرکردنی شەفافیەتێکی تەواو لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە و دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی لە لایەن چاودێرانی سەربەخۆ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە، سزای لەسێدارەدان لە دژی زیندانیانی سیاسی، چالاکوانانی مەدەنی و کەمینە نەتەوەییەکان کارێکی نایاساییە، بە تایبەت لەو حاڵەتانەی کە بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە پێشێل کراوە.
بانگەواز بۆ کردەوەی نێودەوڵەتی
یەکێتی نێودەوڵەتی لاوانی سۆسیالیستی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕایگەیاند: هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ پەخشان عەزیزی و هەموو ئەو کەسانە دەردەبڕین کە بەهۆی چالاکییە مرۆیی و مەدەنییەکانیانەوە گۆشەگیر و سەرکوت کراون، ڕێکخراوەکە داوای لە حکومەتەکانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە دەستبەجێ ڕێوشوێنی دیپلۆماسی و یاسایی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و نووسیویەتی: لەبەرامبەر لەسێدارەدانی ژنێکی بێتاوان بێدەنگ نابین.