یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان هەڕەشەكردن لە پەیامنێری نوژنها ئیدانە دەكات
یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان هەڕەشەی سەر پەیامنێری نوژنها لە شاری حەڵەب ئیدانە دەكات و ڕایگەیاند، داوا دەکەن پەیمانە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ئاسانکاری بۆ کارەکانیان جێبەجێ بكرێت.

ناوەندی هەواڵ
یەکێتی ڕاگەیاندنی ژنان(یەرەژە) لەبارەی هەڕەشەکردن لە شەغەف ئەلعومەر پەیامنێری نوژنها لە شاری حەڵەب لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە سووریا زۆربەی دامەزراوە میدیاییەکان لەلایەن هێزە سەرکوتكەرەکانەوە دەچەوسێنرێنەوە، هەندێک کەس هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی ڕاگەیاندنی ئازاد دەدەن کە ئازار، ئێش و هیوای گەل دەگوازنەوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن. هەڕەشەی سەر پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی نوژنها لە حەڵەب، کە ڕوماڵی دۆخی ژنان دەکات، بەڵگەیەکە لەسەر ئەم قسانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەڕەشە لە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی نوژنها، هەڕەشەیە بۆ سەر دەنگی حەقیقەت و ڕاستی و هەوڵدانە بۆ ترساندنی هەموو ژنان لە سووریا، کاری ڕاگەیاندن لە وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە، هەڕەشە، و هێرشی ڕاستەوخۆ دژی ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران زیادی کردووە.
دەشڵێن، بەپێی یاسا و پێوەرەکانی جیهانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانە، هەربۆیە داوا دەکەین پەیمانە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ئاسانکاری بۆ کارەکانیان جێ بەجێ بكرێت.