یەکسانی لە لیبیا: لە نێوان گفتوگۆی چەمکی و تاڵیی ڕاستیدا

سەرەڕای هەموو ئەو هەنگاوانەی ژنان لە بواری پەروەردە و دامەزراندن و بەشداریکردنی گشتیدا بەدەستیان هێناوە، گفتوگۆ لەسەر چەمکی "یەکسانی" بەردەوامە, لە کاتێکدا هەندێک لە ژنان وەک مافێکی بنەڕەتی و دانوستان نەکراو سەیری یەکسانی دەکەن.

ئیبتیسام ئیغفیر

 

بنغازی-لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرێک لە کارەکانی بە کۆنەپەرستانە دەمێنێتەوە، هێڵەکانی جیاکردنەوەی یەکسانی و دادپەروەری، ئەوەی پێدەدرێت و لێدەسەندرێتەوە، چی شایستە و چ بە سەرپێچی ڕۆڵ دادەنرێت، کاڵ دەبنەوە. لە نێوانیاندا ژنانی لیبیا ڕووبەڕووی دژایەتییەکانی ژیانی ڕۆژانە دەبنەوە، ئەمە ئاشکرای دەکات، کە هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژ ماوە بۆ گەیشتن بە یەکسانییەکی مانادار و هاوسەنگ.

 

"ژنان زیاتر پێویستیان بە دادپەروەری هەیە نەک یەکسانی"

ئیمان محەمەد نەجم، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان لە ڕێکخراوی وەفا بۆ بنەماڵەی شەهیدانی کەرەمیە و چالاکوانی مافی ژنان دەست بە قسەکانی دەکات؛جەخت دەکاتەوە کە چەمکی یەکسانی ناتوانرێت لە دابەشکردنی یەکسانی مافەکان لە نێوان ژن و پیاودا کورت بکرێتەوە. بەڵکو دەبێت لە هەستکردن بە دادپەروەری و ڕەزامەندی لە کارەوە سەرچاوە بگرێت. "کاتێک ژن و پیاوێک لە یەک کاردا کاردەکەن، هەمان ئەرک ئەنجام دەدەن، ئەوە شتێکی چاوەڕوانە کە هەمان قەرەبوو وەردەگرن، لێرەشدا هەست بە ڕازیبوون دەکەین. ئەمەیە کە من بە یەکسانی ڕاستەقینە دەزانم. بەڵام ئەگەر پیاوێک تەنها لەبەر ئەوەی پیاوە، سەرەڕای هەلومەرجی یەکسان، ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، ئەوا ئەم نادادپەروەرییەکە کە هەستکردن بە نادادپەروەری لە ژناندا دروست دەکات.

"پیاوان ناتوانن باڵادەستی ژن قبوڵ بکەن"

سوعاد عەبدوڵا، پسپۆڕی یاسایی دەڵێت: لە زۆرێک لە کارەکاندا تێبینی ئەوە دەکەین، کە ئێستا هەلی ژنان لە هەلی پیاوان زیاترە، بەتایبەتی لە کەرتی گشتی و کاری فەرمانگەکاندا. بەڵام ناتوانرێت ڕەت بکرێتەوە کە ژنان هێشتا لە هەندێک پیشەدا تووشی ستەم و چەوساندنەوە دەبن".

 

پێیوایە یاساکانی لیبیا بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە باری کەسییەوە هەیە، هێشتا بەدەست لایەنگرییەوە دەناڵێنن بەرامبەر بە ژنان. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک یاساکانی پەیوەست بە هاوسەرگیری و میرات و سەرپەرشتیکردن مافە تەواوەکانیان بە ژنان نابەخشن، پێویستە هەموارکردنیان هەبێت بۆ ئەوەی بەرژەوەندی و دادپەروەرییان ڕەنگبداتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی دۆسیە و گرفت دەبنەوە لە شوێنی کارەکەیان، بەهۆی تێڕوانینی کۆنەپەرستانە بۆ ڕۆڵەکانیان. دەڵێت: تەنانەت لەو پیشەیەشدا کە ژنان سەرکەوتوو بوون، وەک مامۆستا یان پزیشکی، بۆمان دەردەکەوێت کە کۆمەڵگە هێشتا سنوورێکیان بۆ دادەنێت، ئەگەر ژنێک بچێتە ناو پۆلیس یان سەربازییەوە، کۆمەڵگە بە هەنگاوێکی دەرچوو سەیری دەکات، نەک وەک کارامە.

 

سوعاد عبدوڵا ئاماژەی بە نەبوونی یەکسانی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا کرد. دەڵێت: ڕەنگە ژنان لە ڕووی ئەکادیمی و پیشەییەوە شارەزا بن، بەڵام لە شوێنی کاردا بە هەمان ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، وەک پیاوان، تەنانەت پۆستە باڵاکان زۆرجار دەدرێنە پیاوان، سەرەڕای لێهاتوویی یەکسان. کۆمەڵگەکانی ئێمە بە سروشت پیاوسالارین، زۆرێک لە پیاوان ناتوانن باڵادەستی ژن یان هاوکارەکانیان قبوڵ بکەن، ئەمە ژن دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام لە ماڵەوە و لە شوێنی کارەکەیدا.

 

نەوەی نوێ چەمکی نوێ و ترسی زۆر

سوعاد عبدوڵا ئاماژه ی بەوەشدا، ئێستا نەوەی نوێی کچان و کوڕان چەمکی جیاوازی یەکسانییان بەدەستەوەیە، بەهۆی نەبوونی ڕێنمایی و لاوازی دامەزراوەکانی چاودێری خێزان و پەروەردەیی. دەڵێت: ئەم نەوەیە لە قۆناغەکانی ململانێدا گەورە بووە، هۆشیارییەکی تەواویان بەدەست نەهێناوە، بۆیە چەمکەکانی خۆیان گرتۆتەبەر، هەندێکجاریش نادروستن. پەروەردە و کۆمەڵگە و ژینگەی ڕۆشنبیری هەموو ئەو هۆکارانەن کە تێگەیشتن لە یەکسانی لە قاڵب دەدەن. نەوەی نوێ زیاتر ئازادە، بەڵام پێویستی بە ڕێنمایی و ئاراستەی دروست هەیە".

 

هۆشداریشیدا لەوەی کە هەندێکجار تێڕوانینی هەڵە، بۆ یەکسانی وەک بیانوویەک، بۆ خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان بەکاردەهێنرێت. "هەندێک لە پیاوان بە شێوەیەکی توند یان بێڕێزی مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن، وەک ئەوەی سزای داواکاریەکانیان بدەن، بە گاڵتەجاڕیەوە دەڵێن، 'ئەمە ئەو یەکسانییەیە کە تۆ دەتەوێت!'."

 

هێشتا ڕێگاکە درێژە

سوعاد عەبدوڵا جەختی کردەوە کە ژنان لە لیبیا هێشتا دەبێت داوای ئەو مافانە بکەن کە هێشتا بەدەستیان نەهێناوە، ڕێگای گەیشتن بە یەکسانییەکی دادپەروەرانە پێویستی بە تێگەیشتنێکی دروستە لەو دەستەواژەیە، هەڵوەشاندنەوەی تێڕوانینە هەڵەکان، هەموارکردنەوەی یاساکان، لە هەمووی گرنگتر گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنان وەک یەکسان و هاوبەش، نەک ژێردەستە یان نەیار. "لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا جۆرێک لە سەرپەرشتیکردنی ئەخلاقی بەسەر ژناندا بەکاردەهێنرێت، گەورەترین ئاڵەنگاری پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو، ژن و پیاو، لەبارەی چەمکی پێگەیشتووتر و ڕێزدارتر کە کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزێت، بەبێ گوێدانە ڕەگەز، دەمێنێتەوە.