بەهۆی توندوتیژی دژی ژنان لە تونس خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت

کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتیکی تونس خۆپیشاندان دژی زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان دەکات، ژنان ڕایانگەیاند دەسەڵاتداران ڕێوشوێنی پێویستیان نەگرتۆتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە توندوتیژی.

زهور مەشریقی

 

تونس- لە ناوچەی جەبەل ئەحمەر لە تونس، پیاوێک کە لە پرۆسەی جیابوونەوەدا بوو لەگەڵ هاوژینەکەی، دایکی و مامی کوشت، ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بریندار کراوەو هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێک لەبارەی ئەو کردەوەیەوە نەگیراوەتەبەر، کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتیکی تونس کە ڕووداوەکەی شەرمەزار کرد لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاند، هۆکاری یەکەمی زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان تێڕوانینی پیاوسالارییە و دووەمیان شکستی داواکارییەکانی پاراستنی ئەو ژنانەیە کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەسەڵاتداران ڕێوشوێنی پێویستیان نەگرتووەتەبەر بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و ئاماژە بەوەشکراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٥ژن کوژراون، هاوکات داوا لە هەموو ژنان دەکرێت بەشداری ڕێپێوانەکە بکەن کە ئەمڕۆ کاتژمێر ٢١:٠٠  لەبەردەم ناوەندی گوێگرتن و ڕاهێنانەوەی زیانبەرکەوتووانی توندوتیژی ئەنجام دەدرێت.

 

"پێویستە سزای توند بەسەر تاوانباراندا بسەپێندرێت"

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکەمان، فاتن عەبدول کافی ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە بە هەموو هێزیانەوە بەرەنگاری کۆمەڵکوژی ژنان ببنەوە و وتی: پێویستە سزای کاریگەر بەسەر تاوانباراندا بسەپێندرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە کوشتنی ژنان بکرێت، پێویستە حکومەت یاسا جێبەجێ بکات بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە، بۆ نموونە، یاسای ژمارە ٥٨ لە تونس جێبەجێ ناکرێت، ئەو ژنەی دەستدرێژی زایەندی کراوەتەسەر کاتێک دەچێت بۆ ناوەندەکانی ئاسایش، کەس نییە سکاڵای لابکات، بە پێچەوانەوە، کەس باوەڕی پێ ناکات هەتا ئەو کاتەی دەکوژرێت.

 

"هەبوونی ئابووری ژن زۆر گرنگە"

لیلیا عەلاوینی، چالاکوانی ژنان ڕایگەیاند ژمارەیەکی زۆر لە ڕووداوە توندوتیژەکان بۆ ناوەندی گوێگرتن و ڕاهێنانەوە ڕوودەدات و وتی: جگە لە پشتیوانی دەروونی، پشتیوانی یاسایی بۆ ژنان دابین دەکرێت و چاودێری کەیسەکانی ژنان دەکرێت، هەموو ڕۆژێک زیانبەرکەوتووان دێن، حکومەت بەرپرسیارە لە بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە و ئەو ژنانەی کە لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێزکراون بڕیاری ئاسانتر دەربارەی ژیانیان دەدەن.