ڕیحان لۆقۆ: سووریا لەگەڵ بکوژانی ژنان ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە
ڕیحان لۆقۆ, وتەبێژی کۆنگرەی ستار، سەرنجی بۆ ئامادەبوونی بکوژەکەی هەڤرین خەلەف ڕاکێشا لە کۆنگرەدا کە لە شام بەڕێوەچوو و وتی: ئەگەر ئەم بکوژانە بەردەوام بن، سووریا ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوە، ئەوان پێویستە ڕادەستی دادگا نێودەوڵەتییەکان بکرێن.
پەروین ئامارا
قامیشلۆ- لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، تادێت دۆخی سووریا زیاتر و زیاتر پشێو دەبێت، چەتەکانی هەتەشەی جیهادی کە خۆی لەسەر ئایدۆلۆژیایەکی ئایینی بونیاد ناوە، ڕۆژانە توندوتیژی و کردەوەی نامرۆڤانە دژی ژنان زیاد دەکەن، لەم دواییانەدا لە کۆنگرەی دیمەشق کە لە ٢٩ی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەو چەتانەی کە بە کوشتنی ژنان ناسراون ئامادە بوون. هەروەها حاتم ئەبو شەقرا کە بکوژی سیاسەتمەداری کورد و سکرتێری پارتی سووریای ئایندە هەڤرین خەلەف بوو، لەو کۆنگرەیەدا ئامادە بوو، زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بە توڕەیییەکی زۆرەوە ڕووبەڕووی ئەم ڕووداوە بوونەوە، سەبارەت بەم بابەتانە و ئەو پێشهاتانەی لە سووریا ڕوودەدەن، ڕیحان لۆقۆ وتەبێژی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لەگەڵ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
'ئەم بکوژانە دادگایی نەکراون بەڵکو پەیوەندییان بە کۆنگرەوە کردووە'
ڕیحان لۆقۆ سەرەتا کۆنگرەکەی شەرمەزار کرد کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو و وتی: لە ٢٩ی کانوونی دووەم کۆنگرەیەک لە ژێر ناوی سەرکەوتن لە دیمەشق بەسترا، زۆرێک لە سەرکردەکانی دەوڵەتی تورک و زۆرێک لە چەتەکانی پشتیوانیان لەم کۆنگرەیەدا بەشدارییان کرد و بە پاڵپشتی ئەو چەتانە جۆلانی بوو بە سەرۆک کۆماری سووریا، ئێمە وەک ڕێکخراوێکی ژنان بەشداریی ئەو تاکانە ئیدانە دەکەین، کە لە لیستی تیرۆردان و بکوژی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنین. هەروەها ئەو چەتەی ناوی ئەبو ئیمشایە لە کاتی داگیرکردنی عەفرین و جەرابلوس و حەلەب هیچ کارێکی پیسی نەکردوە؟ ئەوان بەرپرسیارن لە کوشتن و دەستدرێژی و دزی و کوشتنی ژنان، ئەم کەسانە لە بەردەم هەموو جیهان ئەم کارانەیان ئەنجامدا و ئەمڕۆش بەردەوامن لە بەشداریکردن لە سیاسەتدا ئازادانە، بەبێ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. لەم کۆنگرەیەدا زۆرێک لە ئەندامانی گروپێکی چەتەیی ناسراو وەک حاتم ئەبو شەقرە کە بە بکوژی هەڤرین خەلەف ناسراوە ئامادە بوون.
سەبارەت بەو پرسە، ڕیحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بکوژانەی کە هەڤرین خلەفیان کوشتووە، لەو کۆنگرەیەشدا ئامادە بوون و وتیشی: زۆرێک لە ژنە پێشەنگەکانی وەک هەڤرین خەلەف کە کاریان بۆ ژیانێکی ئازاد و سووریایەکی دیموکراسی دەکرد، لەلایەن ئەو چەتانە کوژران، هەڤرین خەلەف لەبەردەم هەموو جیهاندا کوژرا، بەڵام ئەمڕۆ بەبێ ئەوەی ئەو چەتانە دادگایی بکرێن، بە فەرمی بەشداری کۆنگرە دەکەن.
'مەترسیەکان لە سووریا لەگەڵ ڕووخانی ڕژێم زیاتر بوون'
ڕیحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەدا کە چەتەکانی تەحریر شام دەڵێن شۆڕشی سووریا کۆتایی هاتووە، بەڵام ڕۆژانە خاکی وڵاتەکەی داگیر دەکرێت و هەروەها وتی: گەلی سوریا ماوەی ١٣ ساڵە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەبێ پچڕان خەبات دەکات بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، دژی ڕژێمی بەعسییەکان شەڕیان کرد و بەرخۆدانێکی گەورەیان ئەنجامدا، ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس کە ساڵانێکی زۆر بوو دیکتاتۆری خۆی بەسەر گەلی سووریا و پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا پیادە دەکرد، لە ڕێگەی خەباتی گەلەوە ڕووخێنرا، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، چەتەکانتی تەحریر شام هاتنە ناو ئەو ناوچانە و ڕایگەیاند کە شۆڕشی سووریا کۆتایی هاتووە، ئێستاش بە ناوێکی جیاوازەوە کۆنگرەی سەرکەوتن دەبەستن، دەڵێن داگیرکاری کۆتایی هاتووە، بەڵام دەوڵەتی تورک هێشتا لە ناوچەکانی ئێمەدایە، دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە بە فڕۆکەی جەنگی هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانمان، لەم تۆپبارانانەدا منداڵ و ژن و گەنج دەکرێنە قوربانی و دەکوژرێن، هەروەک چۆن هەموو کۆمەڵگەکە لە هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین و لەناویشیاندا زۆر سەرکردە و سیاسەتمەداری کورد کرانە ئامانج، لە ناوچەکانی وەک مەنبج، عەفرین، باب، سەرەبسوس، عەزاز کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیادان، ڕۆژانە توندوتیژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان و منداڵان ئەنجام دەدرێت.
'ئەوانەی ژن دەکوژن ناتوانن بەرگری لە دادپەروەری بکەن'
ڕیحان لۆقۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە ژنکوژ ناتوانێت بەرگری لە دادپەروەری بکات و هەروەها وتی: ئێمە لە ڕۆژی یەکەمەوە ژنکوژیمان وەک سەرکردەی وڵاتمان قبوڵ نەکردووە و هەڵوێستمان بەرامبەر بەو کەسانە هەمیشە وەک یەک بووە، چۆن بکوژەکان دەتوانن ئەم خاکە بپارێزن و دەست بەسەر پرۆسەی بڕیارداندا بگرن؟ ئەوانەی دەستیان لە خوێنی سەدان ژن و منداڵدایە، چ جۆرە دیموکراسییەک دەهێنن؟ پێویستە دەستبەجێ ئەو کەسانە ڕادەستی دادگا نێودەوڵەتییەکان بکرێن، ئەگەر ئەم بکوژانە بەردەوام بن، سووریا ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی دەبێتەوە، ئەو دیمەنانەی ڕۆژانە لە سووریا سەرهەڵدەدەن، ئەو دیمەنانەن کە خەڵک بەناو گەڕەکەکاندا دەسوڕێنەوە و هەموو ژنەکان جل و بەرگی ڕەش لەبەر دەکەن، بەم بیرکردنەوە دەیانەوێت سیستەمێک دروست بکەن کە تێیدا ژنان کەڕ و کوێر و بێدەنگ بن، بەم بیرکردنەوە، سیستەمی چەتەکانی تەحریر شام ژنان لە کایەکانی ژیان و خەبات دوور دەخاتەوە.
'ژن لە ڕێگەی ئایدۆلۆژیای ئایینیەوە لە خەبات دوور دەخرێنەوە'
ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند، ڕۆژانە لە سەرانسەری سووریادا یاسای نامرۆڤانە دژی ژنان دەردەچن و وتیشی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شۆڕشی ژنان کە ساڵانێکە پێشەنگایەتی دەکەین، تازە دەستیپێکردووە دژی ئەم کۆنەپەرستە ئایینیانە، دروشمی ئێمە هەمیشە ئەوە بووە کە لەبەرامبەر بیرکردنەوەی ئایینی و سێکسی و ناسیۆنالیستی بێدەنگ نابین، ئەمە تەنها لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نییە، ڕۆژانە دەبینین ژنان لە شارەکانی سەرتاسەری سووریادا وەستاون و کاردانەوەیان بەرامبەر بەم سیستەمە هەیە و قبوڵ ناکەن، لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ، ئێمە لە دژی ئەم عەقڵیەتە خەباتمان کردووە، لەمەودوا خەباتمان بە بەهێزترین شێوە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ئەم بکوژانە خاوەنی ئەم وڵاتە نەبن.
'لە ڕێگەی خەباتی هاوبەشەوە بکوژەکان دەدرێنە دادگا'
ڕیحان لۆقۆ ڕایگەیاند کە داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە خەبات بۆ دیموکراسی و یەکسانی دەکەن، هێزەکانیان یەکبخەن بۆ ئەوەی ئەو بکوژانە بدرێنە دادگا، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەم دواییانەدا چەندین وۆرک شۆپ و زنجیرە چالاکی ڕاوێژکاریمان بۆ ژنان ئەنجامداوە، لەم هەوڵانەدا چەندین بیرۆکەی گرنگ بۆ ئایندەی ژنان سەریان هەڵدا، لەوانە چۆن ژنان بە ئیرادەی خۆیان لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا بژین، لە سووریای نوێدا پێویستە ژنان لە سیاسەت و پێگەی بڕیاردان جێگەی خۆیان بگرن و سیستمی سەرکردایەتی هاوبەش دابنرێت، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو مرۆڤە ئازادیخواز و دیموکراسی و سۆسیالیستەکانە، با بە تێکۆشانی هاوبەش و یەکڕیزی ژنان کۆتایی بەم عەقڵیەتە پیاوسالارییە بهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەی خەباتی خۆمانەوە ئەم سەرکردانە بخەینە بەردەم دادگا.