دایکی شەهیدێک: ئێمە لەسەر کوردبوون دەکوژرێین بەسە هێرشی تورکیا و ئێران

دوێنێ لە دوو هێرشی جیاوازی دەوڵەتی تورکیادا لە شاری سلێمانی و هەولێر، چوار کەس شەهید بوون و دایکی یەکێک لە شەهیدەکان دەڵێت: ئێمە لەبەر کوردبوونمان دەکوژرێین و بە کەنیزەک دەکرێین.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٨ی ئەیلوول دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردوومانی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی کرد و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی دژە تیرۆری کوردستان بە ناوەکانی "هیوا قادر حسێن، ئیڤان عەدنان حسێن، ڕابەر ئەنوەر محەمەد" شەهیدبوون و سێ پێشمەرگەی تریش بریندار بوون

 

دوو کاتژمێر بەر لە هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەت، نزیک بە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە شاری هەولێر کەسێکی نەناسراو کە ڕاسپێردراوی دەزگای سیخوڕی میتە، چووەتە سەر نوێنەرایەتی کەنەکە و ئەندامێکی کەنەکەى بەناو “دەنیز جەواد بوولن" شەهید کردووە و دواتر هەڵهاتووە.

 

سەبارەت بەو ڕووداوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری کوردستان ڕاگەیەنراوێکى سەبارەت بە هێرشەکەى سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردووە، کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا، ئەمەش بێ سزا تێناپەڕێت، تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بە هەدەر بڕوات.

 

لە مەراسیمی بە خاک سپاردنی یەکێک لە شەهیدەکانی شاری سلێمانیدا، دایکی شەهیدەکە بۆ میدیاکان قسە دەکات و دەڵێت: تەلقینی مردووی ئێمە دەبێت بە سرودی نیشتمانی "ئەی شەهیدان" بێت، ئێمە لەبەر کوردبوونمان شەهید دەکرێین، لەسەر کوردبوونمان بە کەنیزەک دەکرێین، ئێمە لەسەر کوردبوون کچمان دەفڕێنرێت، وەکو بنێشت کەوتووینەتە ناو دەمی دوژمن، تکایە هەر ئێمە دەکووژرێین دەبا تۆڵەسێن بین، با ئێمە هەر نەیەینە سەر قەبران، بەڵکو تۆڵەی شەهیدەکانمان بکەینەوە".

 

ئەو دایکە لە قسەکانیدا هاواری "شەهید نامرێ، شەهیدی ئێمە زیندووە" دەکات و لە کۆتاییدا دەڵێت: بەسە تاکەی ئێران و تورکیا هێرش بکاتە سەرمان، بە ئێمە تۆڵەسێن بین.