دایکانی ئاشتی بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری لە وانەوە چوونە ئەنقەرە

دایکانی ئاشتی بۆ ئەوەی گۆشەگیریی توندی سەر ئیمرالیی نەمێنێت، پاش ئەوەی ڕێگرییان لێ کرا کە وەزیری دادی تورکیا ببینن، سەرپۆشەکانیان لەسەر زەوی ڕاخست و داوایانکرد گوێ لە داواکانیان بگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

دایکانی ئاشتی و کەسوکاری زیندانیان بە داواکاریی "دادپەروەریی پێک بهێنە، یاسا جێبەجێ بکە" لە وانەوە چوونە ئەنقەرە بەو ئامانجەی چاوپێکوتن لەگەڵ یەڵماز توونج، وەزیری دادی تورکیا ئەنجام بدەن، بەڵام ئەم جارەش وەڵامی داواکارییەکەیان نەدرایەوە.

 

سەرەتا لەبەردەم بارەگای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی، کۆبوونەوە بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەدا ڕێپیوان بۆ بەردەم وەزارەتی داد ئەنجام بدەن، بۆیە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانیان، یاسا و دادپەروەریی" ڕێگرییەکانی پۆلیسیان شەرمەزارکرد و پاشان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ڕێبەری گەلی عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەست ناگات، نەک تەنها بۆ خۆیان بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ئەم جوگرافیایە تێکۆشان دەکەن، داوا لە هەموو ڕۆشنبیرانی جیهان دەکەن دەنگی دایکان ببیستن.

 

دوای ڕاگەیاندراوەکە، دایکانی ئاشتی سەرپۆشە سپییەکەی خۆیان لەسەر زەوی ڕاخست و داوای ئاشتییان کرد، هەروەها جەختیان لەوەکردەوە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.