ئەفغانستان ڕووبەڕووی کەمی مامانی ژنان دەبێتەوە
سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەفغانستان ڕووبەڕووی کەمی ١٥ هەزار مامانی ژن بووەتەوە، ئەگەر پشتگیریی پێویست بۆ سیستمی تەندرووستیی نەکرێت بارودۆخی تەندروستیی ژنان و منداڵان بەرەو خراپتر دەچێت.
ناوەندی هەواڵ
سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان لەبارەی دەستگەیشتن بە خزمەتگووزارییە تەندروستییەکان لە لایەن ژنانەوە لە ئەفغانستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئەفغانستان ڕووبەڕووی کەمی ١٥ هەزار مامانی ژن بووەتەوە، کە ئەوەش بووەتە هۆکاریی سەرەکی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدانی دایکان لەگەڵ چەند کێشەیەکی دیكە.
ئاماژە بەوەشکراوە، نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندرووستییەکان لە گوندەکان و شارۆچکەکان بە دەست کەمی پزیشکی پسپۆڕەوە دەناڵێنن بەتایبەتی پزیشکی ژن، هەروەها سنووردار کردنی ژنان لە لایەن تاڵیبانەوە وایکردووە زۆرێک لە مامان و پزیشکە ژنەکان نەتوانن بە باشی درێژە بە کارەکانیان بدەن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەگەر پشتگیریی پێویست بۆ سیستمی تەندرووستیی نەکرێت بارودۆخی تەندرووستیی ژنان و منداڵان لە ئەفغانستان بەرەو خراپتر دەچێت، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی جیهان گیانلەدەستدانی دایکان کەم دەکەنەوە، بەڵام ئەفغانستان هێشتا ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ دەبێتەوە لەم بوارەدا.