ئەفغانستان؛ وڵاتێک کە بۆ دەیان ساڵە باجی کۆچکردن دەدات

ئەفغانستان دەیان ساڵە قەیرانی کۆچکردنی بەخۆیەوە بینیوەو ملیۆنان هاوڵاتی ئەو وڵاتەی ناچار کردووە لە شەڕو هەژاری و ناسەقامگیری سیاسی کۆچ بکەن لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک لە دیمەنی ناوخۆدا، شەپۆلەکانی ئاوارەبوون نوێ دەبنەوە.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان-ئەفغانستان بەردەوامە لە ئەزموونکردنی یەکێک لە درێژخایەنترین و ئاڵۆزترین قەیرانەکانی کۆچکردن لە جیهاندا، لێرەدا کۆچکردن تەنها بزووتنەوەیەکی زوو تێپەڕی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو چیرۆکێکی دەیان ساڵەیە کە لەگەڵ شەڕ و هەژاری، سیاسەت و کەشوهەوا و بێهیوا و گەڕان بەدوای ژیانێکی پارێزراوتر و کەرامەتتردا تێکەڵاو بووە، ملیۆنان ئەفغانی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە، خێزانەکان بە دوای مانەوەدا دەڕۆیشتن، دوای ئەوەی شەڕ بوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە

 

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، نائەمنی گرنگترین هۆکار بووە کە ئەفغانییەکانی بەرەو کۆچکردن بردووە، دوابەدوای کودەتاکەی ٢٧ی نیسانی ١٩٧٨ و دواتر لەشکرکێشی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٩، کۆچکردن لە دیاردەیەکی سنووردارەوە گۆڕا بۆ کۆچێکی زۆرەملێی گەل، خێزانەکان بە دوای مانەوەدا ڕۆیشتن، چونکە شەڕ بوو بە ڕاستیەکی ڕۆژانە.

 

ئابوورییەکی داڕماو خەریکە خەڵک بەرەو ڕۆشتن دەبات

بە تێپەڕبوونی کات، شەڕ تاکە بزوێنەری کۆچکردن لە ئەفغانستانەوە نەما، داڕمانی توندی ئابووری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و نەبوونی هەلی کار، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٢١، پاڵیان بە هەزاران گەنجەوە ناوە کە دەستبکەن بە ڕێگاکانی کۆچکردن مەترسیدارن بۆ گەڕان بەدوای بژێوی ژیانێکدا کە مسۆگەری کەمترین ئاستی ژیان بکات.

 

پێش ئەم گۆڕانکارییە قووڵانە، تەنها ژمارەیەکی سنووردار لە ئەفغانییەکان بۆ خوێندن یان بازرگانی وڵاتیان بەجێدەهێشت، بەڵام لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و ئابووری، کۆچ بۆتە بژاردەیەکی زۆرەملێ بۆ دەربازبوون لە هەردوو شەڕ و هەژاری، جگە لەوەش، زیادبوونی سنووردارکردنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە بەسەر ژناندا دەسەپێنرێن، هۆکارێکی دیکەی سەرەکین کە خێزانەکان پاڵدەنێن بۆ جێهێشتن، ڕەتکردنەوەی خوێندن و دامەزراندن و بەشداریکردنی گشتی بۆ ژنان وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان کۆچکردن وەک تاکە ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ کچەکانیان ببینن.

 

هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانی کۆچکردنی زیاتر کردووە، چونکە وشکەساڵی یەک لە دوای یەک ڕووبەرێکی بەرفراوانی وڵاتی گرتووەتەوە و سەرچاوەکانی ئاو کەمبوونەتەوە و زەوییە کشتوکاڵییەکان تێکچوون، ئەم داڕمانی ژینگەیە، هەزاران خێزانی گوندنشینی ناچار کردووە دوای لەدەستدانی تاکە سەرچاوەی داهاتیان، گوندەکانیان بەجێبهێڵن.

 

بۆ زۆرێک لە ئەفغانییەکان کۆچکردن بووەتە هاوواتای ئازار و لەدەستدان، لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی یان سەربازی، شەپۆلی نوێی کۆچکردن دروست بووە، بە ملیۆنان کەس بەرەو ئێران و پاکستان، ئەوروپا و ئەمریکا بە دوای پارێزراوی دەڕۆن.

 

لە کاتی شەڕی ناوخۆی کوتلەییەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٦، کابول بوو بە یەکێک لە شارە وێرانبووەکان، لەو ساڵانەدا کۆچکردن هەڵبژاردنێک نەبوو بۆ ژیانێکی باشتر، بەڵکو پێویستییەک بوو بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی خودی ژیان.

لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان لە ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٩٦، شەپۆلێکی نوێی کۆچکردن دەستیپێکرد، بەتایبەتی دوای کوشتنی بەربڵاو لە مەزار شەریف، بامیان و باکووری کابول، کە هەزاران خێزانی ناچارکرد لە بارودۆخێکی سەختدا بەرەو سنووری پاکستان کۆچبکەن، کە ئاو و خۆراکیان نەبوو.

 

لە ساڵی ٢٠٠١ بە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، وڵاتەکە قۆناغێکی باشتربوونی ڕێژەیی بەخۆیەوە بینی، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٥ سەدان هەزار کۆچبەر لە وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت لە ئەوروپاشەوە گەڕاونەتەوە، ئەمەش بە یەکێک لە گەورەترین گەڕانەوەی خۆبەخشانە لە جیهاندا، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئونچەر لە ساڵی ٢٠٢١، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥.٧ ملیۆن ئەفغانی گەڕاونەتەوە.

 

بەڵام ئەم سەقامگیرییە درێژ خایەن نەبوو، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی هێرشە خۆکوژییەکان و تەقینەوەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و ڕفاندن، شەپۆلێکی نوێی کۆچکردن دەستیپێکرد.

 

پاشان وەرچەرخانێکی گەورە لە ساڵی ٢٠٢١دا هاتە ئاراوە، کە تاڵیبان گەڕانەوە بۆ دەسەڵات، لە ڕۆژانی سەرەتای دوای ڕووخانی کابول، هەزاران هاوڵاتی ڕوویان لە فڕۆکەخانە کرد و لە هەوڵێکی بێهیوایدا بۆ جێهێشتنی ئەو وڵاتە، هێرش و تەقینەوەکەی دواتر بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس، لەنێویاندا ژن و منداڵ، چۆڵکردنەکان لە ڕێگەی گەشتە سەربازییەکانی ئەمریکاوە بۆ چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفغانییەکانیان گواسترانەوە بۆ وڵاتانی جیاواز، بەتایبەتی ئەمریکا.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی مانگی ئاداری ٢٠٢٥ی دەزگای توێژینەوەی کۆنگرێس (CRS)، هەزاران ئەفغانی کە لە ئەمریکا نیشتەجێ کراون، هێشتا لە دۆخێکی کاتیدا دەژین و ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار و ناجێگیر بوونەتەوە.

 

دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی ئێران و پاکستان

دەیان ساڵە ئێران و پاکستان شوێنی سەرەکی کۆچبەرانی ئەفغانستان بوون و هەردوو وڵات بە ملیۆنان کەس لە شەڕ و هەژاری و ناسەقامگیری کۆچیانکرد، بەڵام ساڵانی ڕابردوو شایەتی گۆڕانکارییەکی بەرچاوی سیاسەتەکانی هەردوو وڵات بەرامبەر بەوان بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر کە بووەتە هۆی شەپۆلی بەربڵاوی دیپۆرتکردنەوە.

 

لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران (IOM) لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ ئاشکرای کردووە، لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار ئەفغانی لە پاکستانەوە گەڕێنراونەتەوە، هەروەها بەشێکی بەرچاو لەو گەڕانەوەیانە بە زۆرەملێ بووە، بە هەمان شێوە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی گەڕانەوەی کۆچبەران لە ئێرانەوە، لە هەندێک ڕۆژدا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە ڕێگەی دەروازەی سنووری ئیسلام قەڵاوە بۆ ئەفغانستان دەپەڕینەوە.

 

ئەم گەڕانەوەی بەکۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان توانای ئەو لێشاوە گەورەیەی هاوڵاتیانە نییە، هەروەها نەبوونی شوێنی مانەوە و هەلی کار و خزمەتگوزارییە سەرەتاییە ناتەواوەکان، گەڕاوەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی ترسناک دەبنەوە، کە بەهۆی دۆخی لاوازی ئەمنی و سیاسیی ناو وڵاتەوە خراپتر دەبێت.

 

هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە

نیگەرانییەکان سەبارەت بە کۆچبەرانی ئەفغانستان تەنها لە وڵاتانی دراوسێدا سنووردار نییەج بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا، کە هەزاران ئەفغانی لە دۆخێکی یاسایی ناجێگیردا دەژین، لە چەند وڵاتێکی ئەوروپیدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەری بەرزبووەتەوە و زۆرێک لە کۆچبەران مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە.

 

هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکی مانگی شوباتی ٢٠٢٤دا هۆشداریدا لەوەی گەڕانەوەی ئەفغانییەکان بۆ وڵاتێک کە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵکراوە، کە گروپێکی چەکدارییە و پێشێلکارییەکی بەرفراوانی مافی مرۆڤی ئەنجامداوە، دەتوانێت بەرەوڕووی گۆشەگیری و مامەڵەی خراپ ببنەوە.

 

لە ئەمریکا پێگەی هەزاران ئەفغانی کە لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢١ گواستراونەتەوە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، ئەوان لە ژێر مۆڵەتی ئیقامەی کاتیدا دەژین، داهاتووی یاسایی و کۆمەڵایەتییان نادیارە.

 

گەڕانەوە بۆ وڵاتێکی نائارام

گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان کۆتایی گەشتی کۆچکردن نییە، بەڵکو سەرەتای قۆناغێکی نوێی مەترسییە، ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتەکان لێکۆڵینەوە و چاودێری و هەڕەشەکردنیان بەڵگەدار کردووە کە گەڕاوەکان دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاریان کردووە یان بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەرەوەی وڵات ژیاون.

 

سەرەڕای بانگەشەکانی تاڵیبان بۆ دابینکردنی ئاسایش، ژمارەیەکی زۆر لە گێڕانەوەکان پێچەوانەی ئەمەن، ژنان و چالاکوانانی مەدەنی ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توند و ترسی بەردەوام لە سەرکوت و هەژاری و بێکاری و نەبوونی دەرفەتی تەواو بۆ ژیانێکی شایستە دەبنەوە.

 

زۆرجار منداڵانی گەڕاوە لە خوێندن بێبەش دەبن، یونیسێف لە ڕاپۆرتەکەیدا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ هۆشداریدا لەوەی کە ملیۆنان منداڵ لە ئەفغانستان لە خوێندن دەرچوون، هەروەها گەڕانەوەی زۆرەملێی کۆچبەران دۆخەکە خراپتر دەکات.

 

لە کاتێکدا، لە شەقامەکانی کابول و چەند پارێزگایەکی دیکەدا تابلۆی بەخێرهاتن بۆ گەڕاوەکان هەڵواسراوە، ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەیان دەستگیرکردن و کوشتنی کارمەندانی پێشووی ئەمنی و چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس ئاشکرا دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵی ڕوون بۆ شاردنەوەی ئەو پێشێلکارییانەیە لە ڕای گشتی.

ڕێگا مەترسیدارەکانی کۆچکردن

ئەو ڕێگایانەی کۆچکردن کە ئەفغانییەکان دەیگرنەبەر، لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی جیهانە، تۆڕەکانی قاچاخی مرۆڤ، بەزاندنی سنوورە ناپارێزراوەکان و مەترسیەکانی ژیان لە بیابان و شاخ و دەریاکان، هەموویان بەشێکن لەو ڕاستیە سەختەی کە کۆچبەران ڕووبەڕووی دەبنەوە، زۆرێک پێش ئەوەی بگەنە شوێنی مەبەست، ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن، هەندێکی دیکەشیان ساڵانێک لە دۆخێکی یاسایی ناجێگیردا لە وڵاتانی مەبەستدا دەژین، بەبێ ئەوەی پارێزگارییەکی ڕوون و داهاتوویەکی دڵنیایان هەبێت.

 

قەیرانی کۆچبەری ئەفغانستان ڕەگ و ڕیشەی لە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکیدا هەیە، شەڕی بەردەوام، قووڵبوونەوەی هەژاری، ناسەقامگیری سیاسی، سنووردارکردنی توندی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی سنووردارکردنی هەندێک لە وڵاتانی میواندار هەموویان یەکدەگرن و دەبنە سووتەمەنی شەپۆلی یەک لە دوای یەک لە کۆچکردن.

 

ئەم قەیرانە بەبێ ڕێبازێکی گشتگیر کە ڕووبەڕووی هۆکارە بنەڕەتییەکانی ببێتەوە، ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، چارەسەری بەردەوام لە دامەزراندنی ئاشتی و باشترکردنی دۆخی ئابووری و دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەفغانستان دەستپێدەکات، بەبێ ئەم ڕێوشوێنانە، سووڕی کۆچ و گەڕانەوەی زۆرەملێ بەردەوام دەبێت و ملیۆنان ئەفغانی لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان لە گەڕان بەدوای ژیانێکی پارێزراو و شکۆمەنددا دەمێننەوە.