یەڵدا ئەحمەد: بانگەشەی سەلامەتی ئەفغانستان سووکایەتیکردنە بە ئازار و ناسنامەی ژنانی ئەفغانی

شێریل بارنارد، هاوژینی نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ئەفغانستان، بە بانگەوازی ئەوەی کە ئەفغانستان "سەلامەتە بۆ کچان"، توڕەیی ژنە چالاکوانانی ئەفغانستانی لێکەوتەوە. یەڵدا ئەحمەد ئەو قسانەی بە "سووکایەتیکردن و بێ ئاگا لە ڕاستی" پێناسە کرد.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان-شێریل بارنارد، هاوژینی زەڵمای خەلیلزاد، نوێنەری پێشووی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، لە وتارێکدا نووسیویەتی، ئەفغانستان بۆ هەموو کەسێک سەلامەتە، کچانیش دەتوانن تا پۆلی دوانزە بخوێنن.

 

لێدوانەکانی شێریل بارنارد، هاوژینی زەڵمای خەلیلزاد، نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە ئەفغانستان، کاردانەوەی توند و بەربڵاوی ژنانی چالاکوانانی ئەفغانستانی بەدوای خۆیدا هێنا. زەڵمای خەلیلزاد، هاوڵاتییەکی ئەمریکییە و بە ڕەچەڵەک ئەفغانییە، لەگەڵ ئەشرەف غەنی و کەسانی دیکە بۆ درێژەدان بە خوێندن لە سەردەمی محەمەد زاهیر شا، ئەو کاتەی هێشتا لە پۆلی نۆی ئامادەیی بووە، گەشتێکی بۆ ئەمەریکا کردووە. چەند کەسێکی ڕۆشنبیر و کەسایەتی ئاگادار لەو کاتەدا هۆشدارییان دابوو کە ئەو کەسانە خولی پەروەردەیییان لە سی ئای ئەی وەرگرتووە، لە داهاتوودا پرس بۆ ئەفغانستان دروست دەکەن. ئەم هۆشدارییانە بەدرێژایی ساڵان بووەتە ڕاستی، بەو پێیەی گەڕاونەتەوە، وڵاتیان خستۆتە ناو قەیرانێکی بێ وێنەوە.

 

زەڵمای خەلیلزاد ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە دانوستانەکانی بەناو ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان. ڕێککەوتنە ئاسایشییەکە لە نێوان ئەمریکا و حکومەتی ئەفغانستان بە پێشەنگایەتی ئەشرەف غەنی واژۆ کراوە. لە ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو ئەو تاوانانەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی ئەفغانستان ئەنجامی دەدەن، پێویستە لە ئەمریکا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت نەک لە ئەفغانستان. پاشان زەڵمای خەلیلزاد ڕێککەوتننامەی دۆحەی لەگەڵ تاڵیبان واژۆ کرد، کە بە وتەی هەندێک لە شایەتحاڵەکان، مەرجی گواستنەوەی دەسەڵاتی بۆ تاڵیبان و گواستنەوەی کەسانی خوێندەوار بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و دەستبەجێ دادگاییکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی هەرکەسێک کە دژایەتی خۆی دەربڕی. ئێستا دەرئەنجامی ئەم سیاسەتانە ڕوونە: ملیۆنان ئەفغانی بە دیل گیراون و ژنانیش دیارترین قوربانی ئەم دۆخەن.

 

لەو چوارچێوەیەدا یەڵدا ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونناس و چالاکوانی مافەکانی ژنان ڕایگەیاند، لێدوانەکانی ئەم دواییەی شێریل بارنارد سەبارەت بە پێگەی ژنانی ئەفغانستان، بووەتە هۆی دروستبوونی جەنجاڵی و تووڕەیی ژنانی سەرتاسەری جیهان بەتایبەتی ژنانی ئەفغانی کە زیاتر لە سێ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا چەقێنراون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی ئەفغانستان کە زۆربەیان بژێوی خێزانەکانیانن، کاریان نییە، ڕێگەیان پێنادرێت بچنە دامەزراوەکانەوە، لە هەژاری و سەختیدا دەژین، دەرگای خوێندنگە و زانکۆکان بە ڕووخساریان داخراوە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی فەرمانێکی نوێی تاڵیبان دەبنەوە. بەداخەوە دوایین فەرمانی تاڵیبان دەنگیان و بوونیانی بێدەنگ کردووە.

 

سەبارەت بە خەبات و هۆشیاری ژنانی ئەفغانستان، ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی ئەفغانستان هۆشیارن، وەک جاران، بە درۆ و قسەی بێمانای مشتێک ژنی فەرمی و دامەزراو کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد تاڵیبان گۆڕاون و پێشکەوتوون و دەستیان کردووە بە باوەڕبوون بە مافەکانی ژنان، ژنانی ئەفغانستان بە هۆشیاری و ژیرانە درک بەوە دەکەن کە تاکە ڕێگایە ڕزگارکردنی خۆیان لە چەواشەکاریی توندڕەوی و نەزانی و ژنکوژی لە ڕێگەی خەباتی بێوچانیانەوەیە، هەر بۆیە چوونە زیندان و ئەشکەنجەدان و تەنانەت مەترسی کوشتن و مردنیشیان لەسەر بوو، بەو هیوایەی کە ژن و ژنانی ئەفغانستان لە هەموو جیهان لە چەواشەکاری توندڕەوی ڕزگار بکەن!