ئاڵۆزییە ئاڵۆزەکانی سووریا: نائارامی و پڕۆسە وەستاوەکان

سووریا لە نێوان دەستێوەردانی دەرەکی و قەیرانی ناوخۆییدا، ڕووبەڕووی نائارامی و پێشێلکاری دژی ئاوارە کوردە گەڕاوەکان دەبێتەوە.

هێڤیدار خالید

 

ناوەندی هەواڵ – لە ماوەی دواییدا، گەڕاندنەوەی سەروەریی سووریا، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی و دروستکردنی دەوڵەتێک کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەخۆ بگرێت، بووەتە بابەتی گفتوگۆ و مشتومڕ.

 

بەڵام گەڕاندنەوەی سەروەریی سووریا بە ئاسانی دەستەبەر نابێت؛ چونکە ئەو وڵاتە بووەتە مەیدانی ملمـلانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. چەندین هێز لە سووریا بەرژەوەندییان هەیە. جگە لە ئیسرائیل کە تا دەوروبەری دیمەشق پێشکەوتووە، تورکیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و ئێرانیش هەن؛ ئەو ئێرانەی هەوڵ دەدات دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، ئەو کاریگەرییەی کە هێشتا بۆی ماوەتەوە بپارێزێت، ئامادەبوونی خۆی بەهێز بکات و دەستکەوتی نوێ بەدەست بهێنێت. ئێران لە بارودۆخی نائارامیی ناوچەکە و ئاستی جیهانیشدا کەڵک وەردەگرێت. لە ئەنجامدا، سووریا خۆی لە ناو ملمـلانێیەکی ئاڵۆزدا دەبینێتەوە.

 

لە ژینگەیەکدا کە دەستێوەردانی دەرەکی لەگەڵ قەیرانە ناوخۆییە چارەسەرنەکراوەکان تێکەڵ دەبن، سووریا چۆن دەتوانێت سەربەخۆیی بڕیاردانی نەتەوەیی خۆی بگەڕێنێتەوە؟

 

نیشانەکانی نائارامی تەنها لە سنوورە نەتەوەییەکاندا سنووردار نین، بەڵکو تا قوڵایی بارودۆخی ناوخۆیییش دەگەن. کێشەکانی بواری ئاسایش، سیاسەت و کۆمەڵگا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاد دەبن و لە هەمان کاتدا، جیاوازیی نێوان هیواکانی گەلی سووریا و ڕاستییەکانی ژیانیان فراوانتر دەبێت.

 

بڵاوبوونەوەی چەکی بێ‌کۆنترۆڵ لە ڕیزی پێشەوەی ئەم کێشانەدایە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دروست دەکات. لە ژینگەیەکدا کە سازوکارەکانی چاودێری تێیدا بوونیان نییە، تەنانەت ناکۆکییەکی بچووکی ڕۆژانەش دەتوانێت ببێتە هۆی پێکدادانێکی خوێناوی.

لەگەڵ ئەمەشدا، بابەتی پەروەردە بووەتە جێی مشتومڕ و ناکۆکی؛ بە تایبەتی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بۆ کتێبەکانی خوێندن پێشنیار کراون، لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بوونەتە هۆی ناڕەزایەتی و تووڕەیی. لەبەر لاوازیی بارودۆخی ئابووری و قورسایی باری خەرجییەکان لەسەر شانی هاووڵاتیان، قەیرانەکان زیاتر دەبن و لە زۆر شوێندا بارودۆخی ئاڵۆز بەردەوامە. هێشتا هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە پێشکەش نەکراوە کە بتوانێت کۆتایی بە ئازارە درێژخایەنەکانی گەلی سووریا بهێنێت.

 

لە ناو ئەم کێشانە بەیەکەوە گرێدراوانەدا، پێویستییەکی فۆری بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە کە هەستی ئاسایش بۆ کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە و بە هاووڵاتیان نیشان بدات کە ئارامی تەنها بە مانای نەبوونی شەڕ و پێکدادان نییە.

 

هێرشەکان دژی ئاوارە کوردەکان

لە ناوەڕاستی ئەم کێشانەدا، بابەتی گەڕانەوەی کوردە ئاوارەکان بۆ سەر خاک و زێدی خۆیان لە سووریا دێتە پێشەوە. ئەم بابەتە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ توانای دەوڵەت لە پاراستنی هاووڵاتیانی خۆی و دڵنیابوون لە مافەکانیان.

 

پرۆسەی گەڕانەوە، بەهۆی بارودۆخی زۆر ئاڵۆزی ناوچەکە و بەربەستە ئەمنییە جدییەکانەوە، ڕووبەڕووی دژوارییەکی زۆر بووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەو ڕووداوانەی هەفتەی ڕابردوو لە گێرێ سپید ڕوویان دا، نیشان دەدەن کە ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە، تا چەند ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە.

 

ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە، تووشی هێرش، توندوتیژیی جەستەیی، تاڵانکردن و سووتاندنی ماڵ و موڵکی خۆیان بوون. ئەم ڕووداوانەی جەرگبڕە لەبەرچاوی دەسەڵاتدارانی حکومەتی سووریا ڕوویان داوە.

 

ئەم کردارە ناپەسەندانە، کە هیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ناتوانێت قبوڵیان بکات، نابێت وەک ڕووداوێکی ئاسایی و ڕۆژانە سەیر بکرێن. ئەم کردارەکان پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆیی و مافی تاکەکانن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەلامەت بگەڕێنەوە سەر خاک و ماڵەکانیان.

 

«یەکگرتنی دیموکراتی بە دروشم دروست ناکرێت»

ئەوەی ئەم ڕووداوانە زیاتر قورس دەکات، ئەوەیە کە تا ئێستا کێشەی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەم کردارە چارەسەر نەکراوە. لەم پڕۆسەیەدا، ئەو کوردانەی دەگەڕانەوە سەر خاکەکانی خۆیان، ڕووبەڕووی سووکایەتی، قسەی ناشیرین و دروشمی ڕەگەزپەرستانە بوونەتەوە.

 

ئەم ڕەفتارانە تەنها ڕەنگدانەوەی ڕەوشی ئەو کاتە نین، بەڵکو پێچەوانەی پێویستییەکانی دروستکردنی متمانەن لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای سووریا.

 

کاتێک هەندێک کەس لە گەڕانەوەیان بۆ سەر خاکی خۆیاندا ڕووبەڕووی مامەڵەیەکی ئاوا دەبنەوە، چۆن دەتوانرێت باسی یەکگرتنی دیموکراتی و بەهێزکردنی هاوبەشیی نەتەوەیی بکرێت؟

 

یەکگرتن تەنها بە دروشم دروست ناکرێت و بە شاردنەوەی ناکۆکییەکانیش دڵنیایی لێی نابێت. ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە گەرەنتییە ڕوونەکان هەیە کە مافەکان بپارێزن، هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئاڵۆزی و ئاژاوە چارەسەر بکەن و ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت کە سازوکارەکانی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی پێشێلکارییەکان دڵنیایی پێ بدەن.

 

لەگەڵ ئەمەشدا، بەرپرسیاریەتیی حکومەت ئەوە نییە لەم کێشانە هەڵبێت یان بیخاتە دواوە، بەڵکو دەبێت بە جدییەتییەکی گەورەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکات. کێشە چارەسەرنەکراوەکان بە تێپەڕبوونی کات لەناو ناچن، بە پێچەوانەوە، ئەنجامەکانیان زیاتر قورس دەبن و دەبنە بارێکی زیاتر کە ڕێ لە بەدەستهێنانی جێگیری دەگرن و متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لاواز دەکەن.

 

ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکگرتنی دیموکراتیدا گرنگییەکی گەورەی هەیە؛ ئەو پرۆسەیەی کە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و حکومەتی کاتیی سووریا بەردەوامە.

گەلی کورد پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی کۆمەڵگای سووریایە. مافی ئەوانە لە وڵاتی خۆیاندا بە کەرامەت و ئاسایش بژین، ناسنامە و تایبەتمەندییەکانیان بپارێزن، لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا نوێنەرایەتی بکرێن و لە دروستکردنی داهاتووی نەتەوەکەدا ڕۆڵیان هەبێت.

 

مافەکانی کوردان نابێت وەک بابەتێک جیاواز لە داهاتووی سووریا یان تەنها وەک داواکارییەکی پەیوەست بە بەشێکی دیاریکراوی کۆمەڵگا سەیر بکرێن. پێشێلکردنی مافی هەر پێکهاتەیەک، بێگومان کاریگەری لەسەر پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هەموو هاووڵاتیانی دەبێت و بنەمای متمانەی ئەو یەکێتییە نەتەوەییە دەهەژێنێت کە دەوڵەت لەسەر بنیات نراوە.

 

پشتگوێخستنی ئەو سیاسەتانەی ڕاستەوخۆ کوردان دەکەنە ئامانج، تەنها هەڕەشە لە مافەکانی کوردان ناکات، بەڵکو هەڕەشە لە یەکێتی و سەروەریی دەوڵەتی سووریاش دەکات.

 

سەروەریی ڕاستەقینە بە دوورخستنەوەی هەندێک پێکهاتە یان نکۆڵیکردن لە ناسنامەکانیان بەدەست نایەت، بە پێچەوانەوە، بە پاراستنی ئەوان، دڵنیابوون لە مافەکانیان و بەهێزکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوڵاتیبوونی یەکسان بەدەست دێت.

 

ئەو دەوڵەتەی نەتوانێت هەموو منداڵانی خۆی لە ژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە، هەرچەندە سنوورەکانی لەسەر نەخشە دیار و ڕوون بن، بەڵام هەمیشە ڕووبەڕووی مەترسیی نائارامی دەبێتەوە.

 

سووریا دەیەوێت چ جۆرە دەوڵەتێک بێت؟

لێرەدا بابەتەکە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ پرسیارە بنەڕەتییەکە: سووریا دەیەوێت چ جۆرە دەوڵەتێک بێت؟ دەوڵەتێک کە هەوڵ دەدات بە زۆر سەپاندنی واقیعێک، دەسەڵاتی خۆی لە نوێوە دابمەزرێنێتەوە، یان دەوڵەتێک کە هێزی خۆی لە متمانەی هاووڵاتیانی وەر دەگرێت و ئەوان وەک هاوبەشانی یەکسانی وڵات دەبینێت؟

 

ئەو کێشانەی وڵات ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ڕێگە بە دەستێوەردانی بەشەکی یان چارەسەری کاتی نادەن. بە پێچەوانەوە، پێویستە قەبارەی ڕووخانی وڵات قبوڵ بکرێت، هۆکارە ڕاستەقینەکانی بناسرێنەوە و دیدگایەکی سیاسیی گشتگیر هەبێت کە ڕێ لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو بگرێت.

 

بەڵام نەبوونی دیدگایەکی ڕوون و یەکگرتوو بۆ دوورخستنەوەی سووریا لە سیناریۆکانی دابەشبوون و ناکۆکییە بەردەوامەکان لەسەر بابەتە نەتەوەییە بنەڕەتییەکان، پرسیاری جدی لەبارەی توانای بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە و ڕێگرتن لە دابەشبوونی زیاتر لەلایەن دەسەڵاتی ئێستاوە دروست دەکات.

 

زیادبوونی پێکدادانەکان لە هەموو سنوورەکانی سووریا، ئاڵۆزییە بەردەوامە هەرێمایەتییەکان و بە تایبەتی گەشەسەندنەکانی سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات، قورسیی بارودۆخەکە زیاتر دەکەن و مەترسییەکانی دەخەنە ڕوو کە نابێت پشتگوێ بخرێن.

 

«یەکێتیی خاکی سووریا بەبێ یەکێتیی کۆمەڵگاکەی تەواو نابێت»

بۆیە سووریا ڕووبەڕووی کێشەیەک بووەتەوە کە بەدوای یەکتردا دێن و کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نییە. گرنگترین پێویستیی وڵات، بنیاتنانەوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیانە لەسەر بنەماکانی دادپەروەری، هاوبەشی و ناسینەوەی یەکتر.

 

گەڕاندنەوەی سەروەری لە پاراستنی مافەکان جیا ناکرێتەوە. پاراستنی یەکپارچەیی خاک بەبێ یەکگرتوویی کۆمەڵگا بەدی نایەت. هەروەها ئارامی تەنها بە بەکارهێنانی هێز بەسەر خەڵکدا ناسەپێنرێت. ئارامی ئەوکاتە بنیات دەنرێت کە خەڵک هەست بکەن لە وڵاتەکەیاندا شوێنێکی سەلامەتیان هەیە و کەرامەت و مافەکانیان نابنە بابەتی مامەڵە و سازش.

 

لە نێوان دەستێوەردانە دەرەکییەکان و لاوازییە ناوخۆییەکاندا، داهاتووی سووریا هێشتا پەیوەستە بە توانای گواستنەوە لە قۆناغی تەنها بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانیان و گواستنەوە لە دروشمەکانی یەکێتییەوە بۆ کردارە ڕاستەقینەکان لەسەر زەوی.

 

ئایا دەسەڵاتی ئێستا دەتوانێت بەرپرسیاریەتییەکان بگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی نەتەوەییی گشتگیر، یان وڵات لە نێوان دەستێوەردانە دەرەکییەکان و دابەشبوونە ناوخۆییەکاندا دەبێتە دیلیی قەیرانە چارەسەرنەکراوەکانی خۆی؟