لێدوانی ئاژانسەکەمان لەبەرامبەر هێرشەکان: ئێمە لە پەخشداین بێدەنگ نابین

لە بەرامبەر هێرشەکاندا کە چالاکی ڕۆژنامەوانیمان دەکەنە ئامانج، پاشەکشە ناکەین؛ ئێمە بەردەوام دەبین لە دەنگی ڕاستی و ژن و چاپەمەنییەکی ئازاد.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو هێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دەزگاکەمان ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا چەندین هەواڵ کە لە خزمەتگوزارییە فارسی و عەرەبی و ئینگلیزییەکانماندا بڵاوکرابوونەوە سڕایەوە و بە زۆر ڕاگرتنی کاتی بڵاوکراوەکانمان کرا. لە کاتێکدا ئەو گروپەی کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت، بەردەوامە لە دەرکردنی هەڕەشە، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە: هەر هێرشێک کە دەنگی ژنان و خەبات بۆ حەقیقەت و ڕۆژنامەگەریی ئازاد بکاتە ئامانج، بە ئامانجەکەی ناگات؛ سەرەڕای هەڕەشەکان، ئێمە بەردەوام دەبین لە بڵاوکراوەکانمان.

 

گروپێکی ئەلیکترۆنی کە خۆیان بە "هەنزاڵە" و "میحوەری بەرخۆدان" ناساندووە، راگەیاندراوێکی هەڕەشەئامێزیان بڵاوکردەوە کە کورد و دامەزراوە کوردییەکان و دەزگاکەمان دەکەنە ئامانج، ئەم لێدوانانە نەک هەر قسەی ڕق و کینە بەڵکو هەڕەشەی ڕاشکاوانەش لە دژی چالاکییە ڕۆژنامەوانیەکان دەگرێتەوە.

 

لە ئەنجامی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئاژانسەکەمان، ژمارەیەکی زۆر بابەتی هەواڵ کە لە خزمەتگوزارییە فارسی و عەرەبی و ئینگلیزییەکانماندا بڵاودەکرانەوە سڕدرانەوە، ژێرخانی تەکنیکیمان کرایە ئامانج و بڵاوکراوەکانمان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیران، بەهۆی کاری چڕو پڕی تیمە تەکنیکییەکانمانەوە، ئێستا بڵاوکراوەکانمان جارێکی دیکە لە پەخشدان.

 

ئەو گروپەی کە بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ دواتر لە پەیامەکاندا ڕایگەیاند کە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان دژی دەزگاکەمان بەردەوام دەبن و بەردەوام بوون لە هەڕەشەکانیان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەستیان بە زانیارییەکانی ئاژانسەکەمان گەیشتوە، ڕاگەیاندراوە بڵاوکراوەکان بریتی بوون لە دەربڕینی بە ئامانجگرتنی گەل و دامەزراوەکانی کوردستان، هەروەها قسەی هەڕەشەئامێز سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە.

 

هێرشەکە سیاسییە

ئێمە ئەم هێرشە تەنها وەک هێرشێک بۆ سەر ماڵپەڕێک یان ژێرخانی تەکنیکی نابینین، ئەم هێرشە مانۆڕێکی سیاسییە کە دەنگی ژنان و خەبات بۆ حەقیقەت و ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ دەکاتە ئامانج، بەڕێکەوت نییە کە ئێمە وەک دەزگایەک کە کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەزموونی ژنان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیار بکەین، هەروەها بۆ گەورەکردنی دەنگی ئەو ژنانەی کە زیانبەرکەوتووی شەڕ و توندوتیژی و نایەکسانی و سیاسەتە پیاوسالارییەکانن، کراوینەتە ئامانج.

 

نوژنها ئاژانسێکی هەواڵییە کە بە تێگەیشتنێک لە ڕۆژنامەگەریی ژنانی سەربەخۆ و دیموکراتی و ئازادیخواز بڵاودەکاتەوە. هێڵی سەرنوسەری ئێمە بریتییە لە بە ناوەندگرتنی ئەزموون و خەبات و ڕاستییەکانی ژنان، گەورەکردنی ئەو دەنگانەی کە گێڕانەوەی باڵادەست نەبیندراون و شایەتحاڵی خەباتی ژنان بۆ ئازادی، بۆ ئێمە ڕۆژنامەگەری تەنیا هەواڵ گێڕانەوە نییە، بەڵکو بە بەردەوامی بەدواداچوونە بۆ ڕاستییەکان و دەرخستنی دەنگی ئەو ژنانەی کە سێبەری شەڕ و ستەم و نایەکسانییان لەسەرە، بۆیە ئێمە هەموو هێرشێک لە دژی دەزگاکەمان نەک هەر بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی میدیایی، بەڵکو بە هێرشکردنە سەر ئازادی ڕادەربڕینی ژنان و مافی زانیاری و بەهاکانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیش دەزانین.

 

هەندێک میدیا ڕەوایەتی بە هێرشەکە دەدەن

خاڵێکی دیکەی نیگەرانکەر ئەوەیە کە لەبری ئەوەی ڕەخنە لەو هێرشە بگرن یان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری بزانن، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لێدوانەکانی ئەو گروپەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە بەبێ لێپرسینەوەیان بڵاودەکەنەوە و وەک چیرۆکی سەرکەوتن یان هەواڵی ئۆپەراسیۆنێک پێشکەشی دەکەن، پێشکەشکردنی هێرش بۆ سەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە ڕێگەی زمانی پڕوپاگەندەییەوە خزمەت بە بەرهەمهێنانەوەی قسەی هێرشبەران و بڵاوکردنەوەی بەئامانجکردنی تاکەکان دەکات.

 

ئەرکی ڕۆژنامەگەری ڕەوایەتی دان بە هەڕەشەکان نییە، بەڵکو ئاشکراکردنی ڕاستییەکانە، ڕێبازێک کە زمانی هێرشبەران بەرهەم دەهێنێتەوە لەبری ئەوەی هاودەنگی لە بەرامبەر هێرش بۆ سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن نیشان بدات، زیان بە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی دەگەیەنێت.

 

لە بەرامبەر هەڕەشە و فشارەکاندا بەردەوام دەبین لە بڵاوکراوەکانمان

وەک نوژنها جارێکی تر جەخت دەکەینەوە: ئێمە واز لە بەرپرسیارێتی خۆمان ناهێنین کە ڕاستییەکان سەبارەت بە ژنان ئاشکرا بکەین، ئێمە لە بەرامبەر هەموو هێرش و هەڕەشە و فشارێکدا بەردەوام دەبین لە بڵاوکراوەکانمان کە ئامانجیان بێدەنگکردن و نەبیندراوکردنی ژنان و ژێردەستەکردنی ژنانە.

 

ئێمە ڕادەست بە هەڕەشەکان نابین؛ دەبینە دەنگی ئازادی ژنان.