ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا دوایی ڕووماڵکردنی دۆسیەی ڕۆژین کابایش ڕووبەڕووی سنووردارکردن دەبێتەوە
دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگریان لە ڕووماڵی میدیایی ناڕەزایەتی خوێندکاران کردووە، کە داوای لێکۆڵینەوەیان لە گیان لەدەستدانی خوێندکار ڕۆژین کابایش دەکرد، هەروەها هەژمارەکانی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیایان داخست.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، تەرمی ڕۆژین کابایش، خوێندکاری زانکۆی وانیان دۆزیەوە کە تەمەنی ٢١ ساڵ بوو، کە دوای دەرچوونی لە بەشەناوخۆییەکەی ماوەی ١٨ ڕۆژە بێسەروشوێن بوو، دواتریش هۆکاری ڕەسمی مردنەکەی بە "خنکان" تۆمارکراوە.
لەناو ئەو نهێنییە بەردەوامەی لە دەوری گیان لەدەستدانی ڕۆژین کابایش، خوێندکاری زانکۆی ڤان یوزونجو یێڵدا هەیە، خوێندکارانی زانکۆ خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوای ئاشکراکردنی ڕاستییەکانیان کرد، وە ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا"مەگەکە"، بە دروشمی "ناڕەزایەتی خوێندکاران لە وان: سەرۆکی زانکۆ خۆی لە وەڵامدانەوە دەدزێتەوە"، ڕووماڵی چالاکییەکەی کرد.
بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا بە خێرای قەدەغەکردنی دەستڕاگەیشتن بەو هەواڵەیان سەپاند کە لە ماڵپەڕی ئێکسەوە بڵاوکرایەوە، ئەویش لەسەر داوای دەسەڵاتی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان "BTK"، هەروەها دادگای دووەمی تاوانەکانی ئاشتی لە وان بڕیارێکی دەرکرد بۆ قەدەغەکردنی ئەو بابەتە لە ناوخۆی تورکیادا، بڕیارەکە لەسەر بنەمای مادەی ٨/A لە یاسای ژمارە ٥٦٥١ بووە، کە ڕێگە بە قەدەغەکردنی ئەو ناوەڕۆکان دەدات کە بە "مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی" یان "تێکدەر بۆ ڕێکخستنی گشتی" دادەنرێت.
قەدەغەکردنەکە هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵکو دوو هەژماری کۆتایی دەزگای "MA" لە ئینستاگرام کە ناوی"mezopotamyaajansi.tr" بوو داخران، ئەمەش هەنگاوێکبوو کە نیگەرانییەکی بەرفراوانی لەبارەی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دروستکرد.
ئەم هەوڵدانە بۆ سەرکوتکردنی ڕاستییەکان یەکەمینجار نییە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا لێکۆڵینەوەیان لە دژی ئۆزنور دێغەر، بەڕێوەبەری هەواڵەکانی ئاژانسی ژن نیوز دەستپێکرد، ئەوەش دوای ڕاپۆرتێکی هەواڵی کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، بەناونیشانی "تۆمەتێک کە لەلایەن پاسەوانێکەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە وهەڵاتووە بۆ دەرەوەی وڵات"، کە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی گیان لەدەستدانی گوماناوی ڕۆژین کابایش کردووە.