ئاشتی؛ ڕۆحی زیندووبوونەوەی ژنانی گەلی کورد

ململانێ سیاسییەکان و نەبوونی متمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە ڕێگری سەرەکی بوون لە بەردەم جێگیربوونی هەمیشەیی ئاشتیدا، بەڵام گەلی کورد لە ناوچەکەدا سەرەرای خۆپاراستنی لە جەنگ هەمیشە هەوڵی بۆ ئاشتی داوەو بانگەوازی و دەستپێشخەری بۆ کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەموو ساڵێک لە ١ی ئەیلوول دا جیهان یادی ڕۆژی جیهانی ئاشتی دەکاتەوە، ئەم ڕۆژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی ئاشتی، لێبوردن، و ژیانکردن لەگەڵ یەکدیدا دوور لە توندوتیژی و شەڕ، درۆشمی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بریتییە لە: "بەرهەمهێنانی ئاشتی بۆ نەوەکانی داهاتوو"،  مەبەست لێی ئەوەیە کە ئاشتی تەنها نەبوونی شەڕ نییە، بەڵکو دادپەروەری، پێکەوەژیان، و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانە، جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە ئاشتی و سەقامگیری هەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ، کاولکاری و توندوتیژی بێت.

 

گرنگیی ئاشتی بۆ جیهان

-پاراستنی ژیان: ئاشتی دەبێتە هۆی پاراستنی گیانی مرۆڤەکان و دوورخستنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.

-ئاودانکەرەوە: لە سایەی ئاشتیدا، وڵاتان دەتوانن پەرە بە ئابووری، تەندروستی و پەروەردە بدەن، بە پێچەوانەی جەنگ کە تەنیا کاولکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

-پێکەوەژیان: ئاشتی بنەمای سەرەکییە بۆ دۆستایەتی کۆمەڵایەتی، هاوئاهەنگی و نەمانی دوژمنایەتی لە نێوان نەتەوە و گەلاندا.

 

پێویستی ئاشتی بۆ گەلی کوردی

گەلی کورد لە مێژووی خۆیدا زۆر شەڕ و ئازاری بینیوە، بۆیە ئاشتی بۆ ئێمە تەنها وشەیەکی جوان نییە، بەڵکو پێویستیەکی ڕۆژانەیە، کورد هەمیشە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەبێت کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێت، داوای مافی ڕەوای گەلی کورد لە چوارچێوەی وڵاتانی خۆیدایە، بەڵام بە ڕێگەی دیالۆگ و مافی مرۆڤ، ئاشتی بۆ نەتەوەی كورد چەمكێکی گرنگ و ستراتیژییە و هەمیشە وەک ئامانجێکی سەرەکی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان لە ناوچەکەدا کاری بۆ کراوە.

 

قۆناغە مێژووییەکانی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا

لە ساڵی ١٩٩٣دا یەکەم ئاگربەست و هەوڵی جدی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. ، دواتر پرۆسەی چارەسەری لە ٢١٠٣ بۆ ٢٠١٥،  قۆناغێکی تری گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بوو لە نێوان لایەنە کوردییەکان و دەوڵەتی تورکیا، کە تیایدا هەوڵی چەکدانان و چارەسەری دیموکراتیانە درا، دوای پەکخستنی پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە،  لە ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا، جارێکی تر باسی پرۆسەی ئاشتی و بانگەوازەکان کرایەوە. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان لەسەر پێویستیی هەنگاوی کرداری بۆ ئاشتی کردووەتەوەو لە ئێستادا پرسی کورد براوەتە پەرلەمانی تورکیاو بڕیارە بە یاساو دەستوور مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکرێت.

 

ڕۆڵی ژنان لە ئاشتی

لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، ژنان بە درێژایی مێژوو ڕۆڵی کاریگەریان گێڕاوە لە کوژاندنەوەی ئاگری شەڕە هۆزایەتییەکان و خوێنڕشتنن، کاتێک ململانێیەکی گەورە لە نێوان دوو خێڵ یان بنەماڵەدا دروست دەبوو، دەستێوەردانی ژنانی بەتەمەن یان کەسایەتییە ناسراوەکان دەبووە هۆی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی، ژنانی کورد هەمیشە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بوون لە چەسپاندنی ئاشتی، پێکەوەژیان و پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگە لە کاتی قەیران و جەنگەکاندا، ئەمڕۆ ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان لە کوردستان ڕۆڵێکی زۆر گەورە دەگێڕن لە بڵاوکردنەوەی کولتووری ئاشتی و لێبوردن لە خوێندنگەو زانکۆکان. ئەوان دژی توندوتیژی خێزانی و توندوتیژی کۆمەڵایەتی دەجەنگن.

 

دروشمی جیهانیی "ژن، ژیان، ئازادی"  کە لە ڕەگی فکری و خەباتی ژنانی کوردەوە سەرچاوەی گرتووە، باشترین گوزارشتە لە پەیوەندی نێوان ژن و ئاشتی، ئەم سێکوچکەیە پێمان دەڵێت کە ئاشتی ڕاستەقینە و ئاوەدانی لە کۆمەڵگەدا نایەتە دی، مەگەر لە ڕێگەی ڕزگاربوونی ژن و دابینکردنی ئازادییەکانییەوە بیت.

 

ژنی کورد هەم زیانبەرکەوتووی یەکەمی شەڕەکان بووە لە ڕێگەی کۆچبەری، ئەنفال، کیمیاباران و لەدەستدانی ئازیزانی و هەمیش پارێزەری سەرەکیی مانەوەی کۆمەڵگە بووە. ئەوان لە کاتی تەنگانەدا بوونەتە مەشخەڵی ڕێگای ئاشتی، چونکە سروشتی دایکانە و مرۆڤدۆستانەیان هەمیشە بەرەو ڕەتکردنەوەی عەقڵییەتی شەڕەنگێز هەنگاوی ناوە.

 

لە کۆتاییدا ئاشتی دیاری نییە کە کەسێک بیبەخشێت، ئاشتی ئەرکی هەموو تاکێکە، پێویستە لە ١ی ئەیلوولدا پەیمان دووبارە بکەنەوە کە زمان بۆ گفتوگۆ بێت نەک بۆ هەڵگیرسانی شەڕ، بیر بۆ ئاوەدانکردنەوە بێت نەک بۆ وێرانکردن، هەروەها ئاشتی و ئاوەدانی لە کوردستان و ناوچەکەدا بەبێ پێگەی بەهێز و ئازادی ژنان نایەتە دی، ڕادەستکردنی بەڕێوەبردن و ناوەندەکانی بڕیار بە ژنان، گرەنتییەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی دوور لە شەڕ و پڕ لە ئارامیی.