ئاسایشی سلێمانی ڕێگریی لە ڕێپێوانی شەرمەزارکردنی ١٥ی شوبات کرد

بڕیاربوو ئەمڕۆ لە سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی، ڕێپێوانێک بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات بەڕێوەبچێت، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگری کرد و زیاتر لە ٢٠ کەسی دەستگیرکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان، بڕیاربوو لە شاری سلێمانی لە ڕێپێوانێکدا پیلانگێڕییەکە شەرمەزار بکرێت و هەروەها داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بکرێت، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگریی لە ڕێپێوانەکە کرد.

 

بە پێی زانیارییەکان ئاسایشی سلێمانی زیاتر لە ٢٠ کەس، کە پێکدێن لە هەریەک لە تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکانی گشتیی تەڤگەری ئازادیی، هاوسەرۆکانی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی و چەندین ئەندام و وڵاتپارێزی دیکەی دەستگیرکردووە و تا ئێستا زانیارییان لە بارەوە نازانرێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، لە چەندین ناوچەی دیکەی باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و سەرانسەری جیهاندا ڕێپێوان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو پیلانگێڕییە بەڕێوە دەچێت.