ئامێری تەنبور: ژەنینی تارەکان ئاوازی ئازادی ژنانن

لە وڵاتێکدا کە تەنها ژن بوون تابۆیە، چۆن ژنان دەتوانن ئامێری تەنبور بژەنن؟ ئەم ئامێرە بێ زیانە، بناغەکانی سیستەمی پیاوسالاری هەژاندووە، بۆچی مێلۆدی ئامێرێکی سادە بووەتە سەرچاوەی وەها ترس و دڵەڕاوکێ؟

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان-لە دیمەنی پێچاوپێچی چیاکانی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای ئەو سەرکوت و بێدەنگییەی کە پیاوسالاری بەسەریاندا سەپێندراوە، ژن هەیە ئامێری تەنبور دەژەنێت. بە ڕیتمەکەیان لە هەموو سنووردارکردن و بێدەنگییەک ڕزگاریان دەبێت و ئاوازەکانی ئازادی ئازاد دەکەن، بەڵام بۆچی ئامێری تەنبور بۆ زۆرێک لە ژنانی کرماشان بۆتە هێمای خەباتی ئازادی؟

 

ئەو ژنانەی لە چوارچێوەی خزمەتدا گیریان خواردووە

بە درێژایی سەدەکان، ژنان هەمیشە سزادراو بوون بۆ پەراوێزترین و تاریکترین شوێنەکانی ژیان، هەر شتێک کە ڕەنگە کەمێک دەسەڵات یان سەربەخۆیی پێبدات، لێیان قەدەغە بوو. ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا تەنها بە خزمەت و گوێڕایەڵی پێناسە دەکرا، هەر کارێک کە لە دەرەوەی ئەرکەکانی ناوماڵ ئەنجامی بدەن دەبوو لەلایەن پیاوانەوە بۆ ئەرکێکی پێشوەختە دیاریکراو بسپێردرێت، لەم چوارچێوەیەدا ژنان تەنیا ڕێگەیان پێدەدرا کاری ماڵەوە ئەنجام بدەن  چاودێری هاوژین و منداڵەکانیان بکەن. هەموو چالاکییەکانیان بەپێی ئەم چەمکە پلانی بۆ دانرابوو، چونکە بەپێی پێناسەی پیاوان، ژنان مافی هیچ چالاکییەکیان نەبووە لەدەرەوەی ئەو ئەرکە پێشوەختە دیاریکراوانە.

 

بێگومان سیستمی پیاوسالاری هەندێکجار ڕێگە بە ژنان دەدات پیشەی دیکە بکەن، وەکو دورین و ڕێکخستنی قژ، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی پشت ئەم کارە ئەوەیە کە ژنان لەو کارانەدا لەناو ماڵدا گۆشەگیرن و تەنها لەگەڵ ژنانی تردا کارلێک دەکەن، ئەمەش وا دەکات ئەم پیشانە درێژکراوەی خزمەتی ژنان بن، سەربەخۆیی دارایی ژنان یان هەلی بەدەستهێنانی پێگەی کۆمەڵایەتی ڕەتدەکاتەوە.

 

بەڵام ژنێک بڕیاریدا کارێک بکات کە نە وەک خزمەتێک بۆ پیاوان پۆلێن کراوە و نە کارێکی تەقلیدی مێینە. بەڵکو چالاکییەکە کە پێگە و ئامادەیی تایبەتی پێدەبەخشێت، کارێکە کە تەنیا خۆی دەرببڕێت، بەبێ ئەوەی ئامانجی دڵخۆشکردنی کەسی دیکە بێت، لەڕێگەی خاوەندارێتی و ژەنینی ئامێرێکی مۆسیقا.

 

ئامێری مۆسیقای ژنان بە هەڕەشە بۆ سەر پیاوان دادەنرێت

سیستەمی پیاوسالاری هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە چالاکییەکانی ژنان خزمەت بە پیاوان بکات، بۆ نموونە چێشت لێنان بۆ خۆراکدانیان، منداڵبوون بە مەبەستی بەردەوامکردنی نەوەکانیان، لێسەندنەوەی سەربەخۆیی ژنان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بمێننەوە، نموونەی دیکەش کە تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی پیاوان دەکەن، بەڵام کاتێک ژن فێری ژەنینی ئامێرێکی مۆسیقا دەبێت، مەترسییەکی ڕاستەقینە دروست دەکات، چونکە ئەم چالاکییە پێگەیەکی تایبەتی پێدەبەخشێت، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی ڕاستەوخۆ بۆ پیاوان هەبێت.

 

سەحەر مەغان کە ناوێکی خوازراوە باسی لە ئەزموونی فێربوونی ژەنینی ئامێری تەنبور کرد و وتی: دوای بوومەلەرزەکەی کرماشان ساڵی ٢٠١٧، کۆمەڵێک ژەنەری ئامێری تەنبور سەردانی گوندەکەمانیان کرد، دەستیان بە ژەنینی کرد،بئەوە یەکەمجار بوو ژنێکم ببینم کە ئامێرێکی مۆسیقای هەڵگرتووە و دەیژەنێت، پێم وابوو ژەنینی ئامێرەکان سنووردارە بۆ ژنانی دەوڵەمەند یان ئەوانەی بەڕەچەڵەک شەریفن، بەڵام لە کاتی نمایشکردنیاندا، من بە چڕی گریام، دوای کۆنسێرتەکە، یەکێک لە ژەنەرەکانم ناسی و سەرەڕای دژایەتییەکی توندی خێزانەکەم، لە ڕێگەی ئەوەوە ئامێری تەنبورەکەم بەدەستهێنا، دەستم کرد بە فێربوونی ژەنینی، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بە تەواوی شارەزا بووم.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە کاتێک دەستی بە ژەنین کردووە، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووەتەوە، تووشی هەراسانکردنێکی زۆر بووە،ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەڵام وردە وردە کچانی گوندەکەم دەستیان کرد بە گرنگیدان بە ژەنینی ئامێری تەنبور، ئەوانیش پەیوەندییان بە منەوە کرد بۆ ئەوەی فێری ژەنینی ئەم ئامێرە ببن، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، بۆچوونی هاوڵاتیان گۆڕا، تەنانەت پیاوانیش دەستیان کرد بە هاتنی بۆ سەیرکردنی نمایشە مۆسیقییەکانمان. دوای ساڵانێک، توانیم فێری ژەنین بۆ دەیان کچ لە گوندەکەمان بکەم، یارمەتیان بدەم بۆ دۆزینەوەی ئەم هەستە جوانە، ئامێری تەنبور ئێمەی وەک کچانی گوند کۆکردەوە و هەلی پێکەوە کارکردنی پێداین، ئەگەر پێویست بکات بە یەک ڕستە پێناسەی ئامێری تەنبور بکەم، تاکە شتە کە ئێمە بەڕاستی خاوەندارێتی دەکەین و کەس ناتوانێت لێمانی بسەنێتەوە.

 

ئەگەر سەحەر مەغان لە گوندەکەی خۆی دەستی بە فێرکردنی ئامێری تەنبور بکردایە، دوای ماوەیەکی کەم لە ترسی هەراسانکردن و زیانگەیاندن بە ناوبانگەکەی دەستا، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەستپێشخەرییەکە لە سەرچاوەیەکی دەرەکییەوە هاتبوو، ڕێگا بۆ کچانی دیکە خۆشکرا کە شوێن پێی ئەو بگرنەبەر، بە گشتی دەتوانم بڵێم چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە گۆڕینی هەلومەرجی بەڕێوەبردنی ژیانی ژنان.

 

شۆڕشی کچانی گوند

کۆمەڵێک ژن لە گوندێکی نەریتی کە مۆسیقا دەژەنن، نوێنەرایەتی ئاڵەنگاری ئەو سنووردارکردنانە دەکەن کە لەلایەن پیاوانەوە سەپێنراون، بناغەکانی سیستەمی پیاوسالاری دەشکێنن، کۆکردنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری دەربارەی شتێک لە دەرەوەی هاوسەرگیری و چاودێری منداڵ سەرەتای گۆڕانکاری قووڵترە کە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری فراوانتر لە کۆمەڵگەدا.

 

گۆڕانکاری لە کاریگەری دەرەکی دەستپێدەکات

جەمیلە موشیرزادە کە ناوێکی خوازراوە، چالاکوانی کۆمەڵایەتی هاوڵاتی تاران، وتی: لە ماوەی ساڵانی کارکردنم لە ناوچە جۆربەجۆرەکان، دیاردەیەکی دووبارەبووەوەم بەدیکردووە، ئەویش ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە هەندێک پێکهاتدا دەبێت لە لایەن کاریگەری دەرەکییەوە دەستپێبکات، چونکە دانیشتوان ترسیان لەوەیە دەستپێشخەر بن، بینینی کچێکی نامۆ کە دەچێتە ناو گوندێک و ژەنینی مۆسیقا، جۆرێکە لە شکاندنی تابۆکان بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە، چونکە بوونی کەسێکی دەرەکییە کە ئەم شۆڕشەی هان داوە، هانی ئەوانی دیکە دەدات بەبێ ترسێکی زۆر بەدوایدا بگەڕێن.

 

"شۆڕشێکی گەورە لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا"

ئیلاهی موشیری کە ناوێکی خوازراوە، ڕاهێنەری ئامێری تەنبور لە شاری کرماشان وتی: ئەگەر لە کچان زیاتر بڕوانین، زۆرێک لە ژنانی سەرووی چل ساڵان هەن کە بە تامەزرۆییەوە فێری ژەنینی ئامێری تەنبور دەبن، چونکە زۆرێکیان پێشتر بەشداری هیچ چالاکیەکیان نەکردبوو. ئێستا، مۆسیقا ڕۆڵێکی هەیە لە بەرزکردنەوەیان لە ژنی ماڵەوە بۆ شوێنی نوێ کە دەیانخاتە پێگەیەکی جیاوازەوە.

 

هێمای بۆ ئەوەش کرد کە ئامێری تەنبور لە کرماشان و زۆر ناوچەی دیکە بە پیرۆز دادەنرێت، ئەم سروشتە پیرۆزە یارمەتی ژنانی داوە کە بە شێوەیەکی ئازادانەتر، دوور لە فشارە خێزانییەکان مەشقی ژەنین بکەن، تەنانەت بەشداری لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی شارەکانی دیکەشدا بکەن، من زۆرێک لەو ژنانەم ڕاهێناوە کە لە پێشبڕکێکانی مۆسیقادا پێگەی پێشکەوتوویان بەدەستهێناوە و لە ڕاگەیاندنەکاندا دەرکەوتوون، ئەم جۆرە ژنانە دەتوانن مۆدێلی ڕزگاری بن بەبێ گوێدانە تەمەنێک، چونکە کۆمەڵگە سەیری ژنێک لە تەمەنێکدا دەکات. تەمەنی پەنجا ساڵان وەک ئەوەی تەنها ئەرکەکانی وەک دایک و هاوژینێک جێبەجێ بکات، بەڵام کاتێک ژنێکی ئەم تەمەنە ئامێرێکی مۆسیقا هەڵدەگرێت و دەیژەنێت، ئەوە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی گەورەیە.

 

ئامێری تەنبور: دەنگدانەوەی سەرکوتکراوان

سەرەڕای ئەو فشارانەی کە سیستمی پیاوسالاری دەیسەپێنێت، بەڵام دواجار ژنان ڕێگەیەک بۆ بەرخۆدان لەبەرامبەر ئاڵەنگاری یاساکانی پیاوسالاری دەدۆزنەوە. ئەوەی کە زۆرێک لە ژنانی کرماشان پاڵدەنێت بۆ ڕۆڵی ئامێری تەنبور، ئاڵەنگاری ئەو نۆرمە پیاوسالارانەی پێشوەختە سەپێنراون کە تەنیا وەک ملکەچ و گوێڕایەڵ سەیری ژنان دەکەن، بەڵام ئەوەی دواجار ئەو ژنانەی پاڵپشت بۆ ژەنینی ئامێری تەنبور، دەنگی بەکۆمەڵی ئەو ژنانەیە کە ساڵانێک بەرگەی چەوساندنەوەی پیاوانیان گرتووە، ئێستا لەڕێگەی تارەکانی ئامێری تەنبور، ئامرازێکی دەربڕینیان دۆزیوەتەوە، دەنگدانەوەی ئاوازەکانی ئازادییە.