"ئامانجی هێرشەکانی دوڵەتی تورکیا ڕاوەستانی ژیانە"
نوێنەرایەتی خۆبەرێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری كوردستان وبەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد و ڕایانگەیاند،ئەنجامی ئەم هێرشانە ڕاوەستانی ژیانە لەم ناوچەیە.
ناوەندی هەواڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی یەکەم لە شاری سلێمانی، نوێنەرایەتی خۆبەرێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری كوردستان وبەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێڕشەکانی دوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە لە ٢٣ ئەم مانگە بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستی پێکردووە نیشاندا و ڕایانگەیاند، ئامانجی ئەم هێڕشانە ڕاوەستانی ژیانە لەم پارچەیەی کوردستان.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا فەتحوڵا حسێن، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەرێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری كوردستان ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا هەموو ژێرخانی ئابووری، وێستگەی کارەبا، غاز و ئاو بوونەتە لە ژێر بێدەنگییەکی نێودەوڵيتی بوونە ئامانج، دوڵەتی تورکیاش ئەم هێرشانە بە ئامانجی لە ناوبردنی خۆبەڕێوەبەرییە بۆ ئەوەی کە کورد خاوەن دەسکەوتی خۆی نەبێت.
هەروەها تێشک خرایەسەر ئەوەی کە ئەم هێڕشانە بۆ ترساندنی گەل و پەنابەرکردنیان و گۆڕینی دیموگرافیایە و وتی: داوا لە هێزی هاوپەیمانان دەکەین کە لە بەرامبەری ئەو هێڕشانە بوەستنەوەنە و ناوچەیەکی دژە فڕین لە ناوچەکە دروست بکەن بۆ ئەوەی کە گەل بتوانێت لە ئارامیدا ژیان بکات، دەوڵەتی تورکیا مەترسییەکە بۆ ناوچەکە و ئامانجی دووبارە زیندووکردنەوەی داعشە، هەربۆیە هێزە نێودەوڵەتییەکان پێویستە ئەرکی خۆیان لە بەرامبەر ئەم هێرشانە پێبهێنن.
ڕاگەیەندراوی خۆبەرێوەبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری كوردستان و بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن شۆڕش خدر خوێندرایەوە و ڕاگەیاند: ئامانجی ئەم هێرشانە کە ماوەی چوار ڕۆژە لە ناوچەکە بەرەوامن، لە ناو بردنی ژیانە لەم بەشەی کوردستان و ئیدانەی ئەم هێڕشانە دەکەین کە لە ئەنجامیدا بە بەئامنج گرتنی ناوچە مەدەنیی، ئاسایش و خزمەتگوزارییەکانە، بەهۆشیەوە ١٧ شەهید و ٦٥ برینداری لێکەوتووەتەوە، کە ژمارەی زۆریان هاوڵاتی مەدەنین.
هەروەها داوا کرا کە سنوورێک بۆ دەوڵەتی تورکیا دابندرێت و هەڵوێستی ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمانان ڕوونتر بێت.
هەروەها پشتگیری خۆیان لە خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان نیشان دا و لە کۆتاییدا وتیان: داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ڕێخکراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی مافی مرۆڤ دەکەین، کە هەڵوێستی جددیان هەبێت لە بەرامبەر ئەو هێرشە قڕکەرییانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەوڵەتی تورک دەیەوێت میساقی میللی زیندوو بکاتەوە، ئەمڕۆ هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا و سبەی هێرشە دەکاتە سەر باشووری کوردستان.