"ئامانجی گۆشەگیری درێژەدانە بە پیلانگێڕیی"
ئاڵماز ڕۆمی، هاوسەرۆکی دەستەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی فورات، سەرنجی بۆ بەردەوامی گۆشەگیریی توندی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشا و وتی: مەبەست لە گۆشەگیری درێژەدان بە پیلانگێڕییە.
ئیلڤین محەمەد
کۆبانێ- دوای ٤٣ مانگ، دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەم لەگەڵ عومەر ئۆجەلانی برازای، پەرلەمانتاری دەم پارتی، بەڕێوەچوو. ڕۆژی ٢١ی تشرینی دووەم، پێشەنگی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی، عەبدولا ئۆجالان، جارێکی دیکە سزای ٦ مانگ سزای دیسپلینی بەسەردا سەپێندرا، لە بەرامبەر گۆشەگیرییەکەدا، سیستمی ئەشکەنجە و جینۆساید لە ئیمرالیە و سزا دیسپلینییەکانی سەر ڕێبەری گەلی کورد لە زیادبووندایە، بەلام گەلی کورد و دۆستەکانی دژی ئەمە وەستاون و بەردەوامن لە خەباتی خۆیان.
ئالماز ڕۆمی، هاوسەرۆکی دەستەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی فورات باسی لە گۆشەگیری و سیستمی ئەشکەنجە و قڕکردن لە ئیمرالی کرد.
"بەرگریینامەکانی ڕێبەر ئاپۆ نەخشەڕێی تێکۆشانە"
ئاڵماز ڕۆمی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو گۆشەگیرییە لەسەر گەلی کورد و گەلی ئازادیخوازە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی کە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، تەنیا لەسەر ڕێبەر ئاپۆ نەبوو، مەبەست لەم پیلانگێڕییە بۆ لەناوبردن و گۆشەگیرکردنی کورد بوو، لە هەمان کاتدا دەیانویست پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لەناوببەن، هەر بۆیە هەموو هەژموونەکان دەستیان لەم پیلانگێڕییەدا بوو، ڕێبەر ئاپۆ دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە، حیساباتیان کرد بۆ ئەوەی بێدەنگ بکەن و کۆتایی بە خەبات بهێنن. بەڵام ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانیشدا پڕۆژە و بیرۆکەکانی خۆی دەردەبڕێت، ئەمڕۆ بەرگریینامەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە بووەتە نەخشەڕێی تێکۆشان.
"پیلانگێڕان بە ئامانجەکەیان نەگەیشتن"
ئالماز ڕۆمی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئامانجی پیلانگێڕان بەدی نەهات و بە پێچەوانەوە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە جیهاندا زیاتر دەبیسترا، ئەمڕۆ بە ئامانجی جیاکردنەوەی گەل و ڕێبەر ئاپۆ، گۆشەگیریی توند ئەنجام دەدەن، دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەپێدراو نییە. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەل بە باشی ئاگاداری بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆن و بەو پڕۆژەیەی کە پێشکەشی کردوون ڕێنمایی دەکرێن.
"پێویستی بە بەرخۆدان و تێکۆشانی گەورە هەیە"
ئاڵماز ڕۆمی، هاوسەرۆکی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کانتۆنی فورات، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە دوایین کۆبوونەوەدا ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند کە گۆشەگیری هەیە و ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت، بۆ شکاندنی گۆشەگیری و دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، زیاتر لە جاران پێویستی بە بەرخۆدان و تێکۆشانی گەورە هەیە.