باخچەی هێڤی ژینگەیەکی پارێزراوی فێربوون دروست دەکات
باخچەی ساوایانی ھێڤی بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی سەلامەت کرایەوە کە یارمەتی منداڵان بدات و ئامادەیان بکات بۆ قۆناغی داهاتووی خوێندن، ھەروەھا پاڵپشتێکە بۆ ھەموو ژنێکی کارکەر.

ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ژنانی کارکەر بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە سەرکەوتوویی و ئاسوودەیی بەڕێوەببەن، هەروەها ئامادەکردنی منداڵان بۆ قۆناغی خوێندن، بەشی پەروەردە و فێربوونی کانتۆنی جزیرە لە سەرەتای ساڵی نوێی ٢٠٢٥دا باخچەی ساوایانی "هێڤی" لە شاری حەسەکە کردەوە، ئەو مامۆستایانەی کە پەروەردە کراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵان لەم تەمەنەدا لە باخچەکە کار دەکەن.
باخچەی هێڤی بەرنامەی پەروەردەیی بۆ دوو گروپی تەمەن پێشکەش دەکات، بەشێکی تایبەتە بە منداڵانی تەمەن سێ مانگ تا دوو ساڵ و نیو. لەوێ شوێنێکی تایبەت و پارێزراو هەیە.
بەشی دووەم تایبەتە بە منداڵانی تەمەن سێ بۆ پێنج ساڵ، کە تیایدا بەرنامەی جۆراوجۆری پەروەردەیی و گەشەپێدان بە زمانی دایکی و کوردی و عەرەبی پێشکەش دەکرێت، هەروەها چالاکیی وێنەکێشان و بەرنامەی گۆرانی و مۆسیقا هەیە، هەروەها ژوورێکی تایبەتی هەیە کە بۆ یارییەکانی منداڵان تەرخانکراوە.
"باخچەی هێڤی بارگرانی خێزان و ژنان سووک دەکات"
حەنان عەلی نیعمە، بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانی ھێڤی، جەختی لەوە کردەوە کە باخچەی ساوایانی ھێڤی قورسایی مامۆستا و ستافە ژنەکان سووک دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: باخچەی ساوایانمان کەشێکی پاێزراو بۆ منداڵان دروست دەکات بۆ ئەوەی خێزانەکان و دایکانی کارکەر بتوانن بە ئاسوودەیی بچنە سەر کارەکانیان و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کارەکانیان ئەنجام بدەن، ژینگەیەکی تەندروست و خۆشەویستی و پەروەردەیی لێرەدایە، هەموو منداڵێک بە زمانی دایکی فێر دەبێت و لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا کارلێک دەکات، ئێمە دەمانەوێت منداڵان بۆ قۆناغی نوێی خوێندن ئامادە بکەین بۆ ئەوەی منداڵان زیرەک و سەرکەوتوو بن.
"دەرگای باخچەکەمان کراوەیە بۆ منداڵان"
حەنان جەختی لە گرنگی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان کردەوە و وتی: دەرگامان کراوەیە بەڕووی منداڵاندا، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە تایبەتی لە نێو منداڵاندا بەکارهێنانی مۆبایل زیادی کردووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەریان هەیە، چ لە ڕووی تەندروستییانەوە، چ لە ڕووی بینینیان، چ لە ڕووی تەندروستی دەروونییەوە، هەروەها خۆیان لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەدوور دەگرن، داوا لە کۆمەڵگاکەمان دەکەین کە ئاگاداری ئەو خاڵانە بن و دەرگای باخچەکەمانمان بەڕووی هەموو منداڵاندا کردووەتەوە.
لەکۆتایی قسەکانیدا حەنان عەلی جەختی لەوە کردەوە کە باخچەکە ناوی (ھێڤی)ی لێندراوە، چونکە منداڵان ئایندەی کۆمەڵگەن، بەو ھیوای بونیادنانی نەوەیەکی نوێ و ڕێکخراو و خوێندەوار.