یاداشتەکانی ژنان لە پەرتوکێکدا نووسرایەوە
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی مەیمان بە هاوکاریی نەوای ژن، بیرەوەرییەکانی خولی ئەکادیمیای ژنانی ئازادی زەینەب کناجی کردە پەرتوک.
ناوەندی هەواڵ
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی مەیمان بە هاوکاریی نەوای ژن بیرەوەرییەکانی خولی ئەکادیمیای ژنانی ئازادی زەینەب کناجی کردە پەرتوک، پەرتوکەکە پێکهاتووە لە بیرەوەرییەکانی خوێندکارانی ئەکادیمیاکە لە خولەکانی نێوان ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩ و ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ـدا. لە بەرهەمەکەدا باسی پرۆسەی پەروەردەی تێکۆشانی ئازادیی ژن، ئەزموونەکانی ژیانی هاوبەش و بیری کۆلەکتیڤ دەکرێت.
بیرەوەرییەکانی ١٢ ساڵ یەکەم جار لە شێوەی یەک بەرگ بڵاودەکرێتەوە. ئەو بیرەوەرییانەی بڵاوکراونەتەوە، تەنها چاودێریی تاکەکەسی نین، بەڵکوو گێڕانەوەی ژیانی هاوبەش، پرۆسەکانی پەروەردە، گفتوگۆ، ڕەخنە، بەرهەمهێنانی کۆلەکتیڤ و تێڕوانینی ئازادیی ژنانە.
ئەو دەقەی کە بە ناونیشانی "لەبری پێشەکی" بڵاوکراوەتەوە، باس لە ئامانجی ئامادەکردنی بەرهەمەکە دەکات. خوێندکارانی ئەکادیمیاکە بیرەوەرییەکانی خۆیان بە "هەنگاوێک کە لە مێژووی ژنی ئازاددا نراوە" پێناسەدەکەن و نووسینەوەشی دژی گێڕانەوەی مێژووی باڵادەستان، وەکو هەوڵێک بۆ هێنانەکایەی بیرێکی کۆلەکتیڤ هەڵدەسەنگێنن.
لە پێشەکیدا هاتووە، "بۆ ئێمە ئێستا سەردەمی ژنە" و بەمەش ژنان سووربوونی خۆیان لەسەر سەرلەنوێ بنیادنانی سەردەم و مێژووی خۆیان نیشاندەدەن.
لە دەقێکدا بە ناونیشانی "دەستپێکردن" کە لە بەشی یەکەمی پەرتوکەکەدا بڵاوکراوەتەوە، باس لە ئامانجی نووسینەوەی بیرەوەرییەکان دەکرێت. لە نووسینەکەدا باس لەوە دەکرێت کە بۆ تێگەیشتنی دروستی تێکۆشانی ئازادی خوێندنەوەی دروستی مێژوو، گرنگە.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە نووسینەوەی ئەزموونەکانی ناو پرۆسەی ئەکادیمیاکە، میراتێکی گرنگە بۆ نەوەی نوێ.
لە بیرەوەرییەکانی سەرەتادا پرۆسەی بنیادنانی ژینگەی خوێندن، ئامادەکارییەکان بۆ ماوەی چەندین مانگ، کاری هاوبەش، ژینگەی پەروەردە و ژیانی هاوبەش بە فراوانی باسدەکرێت.
پرۆسەیەک کە تێیدا کاری جەستەیی گەورە و بەرهەمهێنانی فکری و بڵاوکردنەوە پێکەوە بەڕێوەدەچن، لە دێڕەکانی ناو بیرەوەرییەکاندا دەگێڕدرێتەوە.
دەقگەلێک بە پێنووسی دەیان ژن لە کاتی جیاواز، بەرهەمەکە دەکاتە کارێکی بەکۆمەڵ بە دەنگی ژنان. هەر خولێکی پەروەردە ڕوحی خۆی، گفتوگۆ، هیوا و گەڕانی خۆی پێشکەشی نەوەی نوێ دەکات.
هەر بۆیە بیرەوەرییەکانی خولی ئەکادیمیای ژنانی ئازادی زەینەب کناجی، دەبێتە یەکێک لە سەرچاوە سەربەخۆکان کە ئەزموونەکانی پەروەردەی تێکۆشانی ئازادیی ژنان لە ناخەوە دەگێڕێتەوە.
گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی ڕێچکەی بەرهەمهێنانی کۆلەکتیڤ، پراکتیکی پەروەردە و ژیانێکە لە دەرەوەی گێڕانەوەکانی مێژووی فەرمی.
دیزاینی بەرگی کتێبەکە لەلایەن هونەرمەند سینان هەزارەوە ئامادەکراوە.