ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەفغانستان

ژنانی ئەفغانستان دەزانن کە نەتەوەیەکگرتووەکان لایەنگری گەلی ئەفغانستان و بەتایبەت ژنان نییە و تەنیا بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی پیشان بدات، بە ئامادەکردنی ئامار و ڕاپۆرت، ئاماژە بە دۆخی ئێستای ئەفغانستان دەکات.

بەهاران لاهیب

 

ئەفغانستان- لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٤٩ ئەفغانستان کە هێشتا لە سەردەمی شاهیدا بوو، بە وتەی خۆیان "بەپێی کولتوورە هەمەچەشن و ناوازەکەی" ئەندامێتی نەتەوەیەکگرتووەکانی بەدەستهێنا، نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٢٤ ڕێکخراو لە کەرتە جیاوازەکان پێکدێت و ٢٠ ڕێکخراویان لە ئەفغانستان کاردەکەن.

 

وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵدەدات یەکڕیزی لەنێوان گەلانی جیهان و ئەو ئامانجانەی بۆ ئەفغانستان داناوە، کە بریتین "نەهێشتنی هەژاری، برسێتی، باشترکردنی تەندروستی و پاکوخاوێنی، پەروەردەی کوالیتی، یەکسانی ڕەگەزی، پاک و خاوێنی ئاو و تەندروستی، وزەی پاک و دەستڕاگەیشتن، کاری شایستە و گەشەی ئابووری، پیشەسازی، داهێنان و ژێرخان، کەمکردنەوەی نایەکسانی، بوونی شار و کۆمەڵگەیەکی بەردەوام، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی بەرپرسیارانە، کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پاراستنی ژیان لە ئاوی ژێر زەوی سەرزەوی، ئاشتی، دادپەروەری و دامەزراوە بەتواناکان، و بەشداریکردن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان".

 

بەڵام لە دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٧٨ و داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ڕووسەکانەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر دابینکەری سیاسەتی وڵاتانی پەیوەندیدار و بەتایبەت ئەمریکا بووە، ئەمڕێکخراوە سەرەڕای نازناو و ئەرکە زۆرەکانی، بەڵام بە کردەوە وەک نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵی نەبووە و زیاتر ملکەچی سیاسەتەکانی زلهێزی جیهانی، ئەمریکا، لە ئەفغانستان بووە و لە زۆرێک لەو تاوانانەی کە لە ژێر سەرکردایەتیدا ڕوویانداوە، بێدەنگ بووە لە ئەمریکا.

 

دوای شکست و کشانەوەی ڕووسەکان لە ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٨٩، حکومەتی بوکەڵەی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی دکتۆر نەجیب وەک هەتیو مایەوە، لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا هەژاری و بێکاری بەربڵاو بوو و برسێتی لە سەرانسەری وڵاتدا هەبوو، خەڵکێکی زۆر لەڕیزەکانی نانەواخانە و دوکانەکانی خواردن و تانکی سووتەمەنی لە گەرما و سەرمادا گیانیان لەدەستدا، دۆخەکە بەهۆی بڕینی هاوکارییەکانی ڕووسیا و ئێران و پاکستان کە ڕێگرییان لە چوونە ژوورەوەی کەرەستە بۆ ئەفغانستان کردخراپتر بوو، ٧ پارتی جیهادی لە پاکستان و ٨ پارت لە ئێران بە پاڵپشتی سعودیە و ئەمریکا هەوڵی چوونە ناو ئەفغانستانیان دا. بەبێ پشتیوانی دارایی و چەکی پاکستان، ئێران، سعودیە و ئەمریکا، ئەم گروپانە نەیانتوانی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن.

 

لەم نێوەندەدا نەتەوەیەکگرتووەکان بە سەرکردایەتی بن سووان (نوێنەری تایبەت بۆ کاروباری ئەفغانستان) وادیارە هەوڵی گواستنەوەی دەسەڵاتی بۆ موجاهدین (پارتە جیهادییەکان کە لە پاکستان و ئێران دامەزراون) بەبێ شەڕ و خوێنڕشتن و دامەزراندنی حکومەتێکی سەقامگیری دا، بەڵام دوای هاتنە سەرکاری موجاهدین لە ساڵی١٩٩١ نەک تەنها ئاشتی و سەقامگیری جێگیر نەکرا، بەڵکو زیاتر لە ٦٥ هەزار کەس لە کابول کوژران و دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر ژنان و منداڵانی کچان و موڵکی گشتی تاڵان کرا و ماڵی خەڵک وێران کرا. حزبە جیهادییەکان لەبری ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بکەن، بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و کوشتنی خەڵکیەکتریان کوشت.

 

لە کاتی شەڕی بەرخۆدان لە دژی ڕووسەکان، خەڵکی ئەفغانستان کۆچیان کرد بۆ پاکستان و ئێران و کامپەکان دامەزران،هاوکارییەکانی پەنابەران زیاتر بە گروپە جیهادیەکانیان حکومەتەکانی ئەم دوو وڵاتە دەدرا کە زۆرتر لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکاندا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تاوانانەی کە لە ناوخۆی ئەفغانستان و ئازادیخوازان لە پاکستان بەرامبەر خەڵک ڕوویاندا هەرگیز لەبەرچاو نەگیرا.

 

لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی تالیبان لە ساڵی ١٩٩٦، ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لەئاستی چەند نانێک سنووردار بوو، لە کاتێکدا گەلی ئەفغانستان بەدەست کوشتنی جیهادی و چەقۆکێشانی تالیبانەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای کۆمەڵکوژی تاڵیبان لە پارێزگاکانی مەزار و بامیان و بێبەشکردنی ژنان لە کار و خوێندن و گۆڕینی یاریگای کابول بۆ شوێنی لەسێدارەدان و بڕینی ئەندامەکانی جەستە لەبەرچاوی خەڵک، نەتەوەیەکگرتووەکان بێدەنگ بوو.

 

دوای هێرشی ئەمریکا و ناتۆ بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ و دامەزراندنی حکومەتی بە وەکالەت، تاڵیبان بەردەوام  پشتیوانییان لێدەکرا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بوو، لەم پرۆسەیەشدا ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان تەنها لە چاودێری و سەیرکردن سنووردار بوو، بە تێپەڕبوونی کات خەڵک داوای دادپەروەری و لێپرسینەوەیان لە تاوانەکانی ١٣ ساڵی ڕابردوو دەکرد و پرسی دادپەروەری گواستراوە هاتە ئاراوە، بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش نەتەوەیەکگرتووەکان، پرۆسەکەیان بەجۆرێک پاڵنا بۆ پێشەوە کە بە وتەی چالاکانی مەدەنی، "دادپەروەری گوازراوە لە پرۆسەوە گۆڕا بۆ پڕۆژە".

 

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ پێشخستنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، گفتوگۆی دادپەروەری گوازراوە جێگەی خۆی بە دانوستانەکانی ئاشتی بەخشی، سەرەڕای ناڕەزایەتی گشتی دژی زیادبوونی نائەمنی، هێرشە خۆکوژییەکان، کوشتنی زنجیرەیی، گەندەڵی و بەهێزبوونیتالیبان، نەتەوەیەکگرتووەکان هەوڵیدا تاڵیبانی و گولبەدین حیکمەتیار لە لیستی ڕەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دووربخاتەوە و لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتوو بوو.

 

چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی دەستگیرکردن بوونەوە

لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵێکی گرنگی لە دانوستانەکانی ئاشتیدا بینی و دواجار لە مانگی ئابی ٢٠٢١ دەرئەنجامی دانوستانەکان بووە هۆی ڕادەستبوونی ئەفغانستان بەتاڵیبان، دوای ئەوە ژنانی خۆپیشاندەران، چالاکانی مەدەنی، چالاکانی پەروەردەیی، ڕۆژنامەنووسان و هێزە سەربازییەکانی پێشوو ڕووبەڕووی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و دەستدرێژیکردن بوونەتەوە، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان لەبری ئەوەیڕێوشوێنی پراکتیکی بگرێتەبەر، تەنیا پەشیمانی خۆی دەربڕی.

 

لە سێیەمین کۆبوونەوەی دەوحە لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ڕۆزا ئۆتونبابۆڤا، سەرۆکی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان "یونامی" ڕایگەیاند: هەوڵەکانی تاڵیبان بە باشی ڕاپۆرت نەکراون، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایانگەیاندبوو پێویستە دان بەتاڵیباندا بنرێت، سەرەڕای هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سپیکردنەوەی تاڵیبان، ژنانی ئاگاداری ئەفغانی دژایەتی خۆیان بۆ کۆبوونەوەی دەوحە و هەڵوێستی بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربڕی و ڕۆڵی فریودەرانەی ئەم ڕێکخراوەیان ئاشکرا کرد.

 

ئێستاش ژنانی ئەفغانستان بە سەربەخۆیی و ئیرادە و توانای خۆیان لە دژی حکومەتی تاڵیبان و هێزە پاڵپشتییەکانیان تێکۆشان بەرخۆدان دەکەن، چونکە دەزانن نەتەوەیەکگرتووەکان پاڵپشتی خەڵکی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنان ناکات و تەنها بۆ نمایشکردنی هەڵوێستی خۆی، بە ئامادەکردنی ئامار و ڕاپۆرت، دۆخی ئێستای ئەفغانستان ئاگادار دەکاتەوە و ئەم دۆخە شەرمەزار دەکات، بەبێ هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆڕاگرتنی سەرکوت و هێرشەکانی تاڵیبان لە دژی گەلی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنان.