"دەوڵەتی تورکیا لە ئاشکراکردنی درۆکانی دەترسێت"
دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کورد سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: خەون و ئامانجەکانیان درێژە پێدەدەین و خاوەنداری لە خەبات و میراتەکەیان دەکەین.
ناوەندی هەواڵ
دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کورد، سەبارەت بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد (جیهان بیلگین و نازم داشتاش) کە دوێنێ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆردوومان کران و گیانیان بەختکرد، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "دەوڵەتی تورک داگیرکەر و قڕکەر، لە ڕاستی دەترسێت، درۆ دەکات و دەیەوێت هەموو کەس درۆکانی باوەڕ بکات، هەر کەسێک درۆکانیان ئاشکرا بکات، دەیکاتە ئامانج و دەیەوێت لەناوی ببات، ئەم دەوڵەتە دڕندە و بەربەرییە بە فڕۆکەی چەکهەگر و بێفڕۆکەوانەکانی لە ڕۆژئاوا دوو هاوڕێمان، دوو ڕێبواری حەقیقەتی شەهیدکرد، جیهان بیلگین و نازم داشتان، لە ١٩ـی کانوونی یەکەم کاتێک بۆ بەدواداچوونی هێرشەکانی سەر خەڵکی مەزڵومی ڕۆژئاوا لە تشرین بەرەو ناوچەی کۆبانێ-سرین دەچوون، ئۆتۆمبێلەکەیان بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە نازم و جیهان شەهید بوون و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە عەزیز حاج بۆزان بریندار بوو".
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، نازم و جیهان لە باکووری کوردستان دەستیان بە کاری ڕۆژنامەنووسی کردبوو، جیهان ببووە بڵاوکەرەوەی ڕۆژنامەی “ئازادی وڵات” و دەیویست ڕاستی لە ڕێگەی ئەم ڕۆژنامەیەوە بگاتە هەموو ماڵێک، نازمیش لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە دەستی بە گەشتی ڕاگەیاندنی ڕاستی کردبوو، کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەڵ چەتەکانی هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، ئەوان چوونە کۆبانێ، بە کامێرا و پێنووسەکەیان ڕاستییەکانیان ڕاگەیاند، لە تەنیشت گەلەکەیان بوون، لە هەموو ڕۆژئاوا، لە کۆبانێوە تا ڕەقە ئەوان ئاوێنەی نیشاندانی ڕاستی بوون و ڕەنجێکی زۆریان دا.
جەختیش کراوەتەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە سێبەری ڕاستیش دەترسێت، ویستی بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان ڕاستییەکان دابپۆشێت، لە شەهیدکردنی جەنگیز ئاڵتن تا ئاپێ موسا و غوربەتەلی ئەرسۆز، لە دەنیز فورات تا گوڵستان و هێرۆ بە کوشتن نەیتوانی سەر دڕندەییەکانی دابپۆشێت، ئێمە تووڕەین، بەڵام خەمبار نین، نازم و جیهان بوون بە شەهیدی ڕێگای حەقیقەت ئەوان شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازادن، پارێزگاریی لە ڕەنج و میراتیان دەکەین و خەون و ئامانجەکانیان دەبەینەسەر.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا دەستپێشخەرییەکە بانگەوازیی کردووە، بۆ ئەوەی ئەم دڕندەییە و ئەم هێرشانە بوەستێنرێن، بانگەواز لە ناوەند و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، با دژی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستیان هەبێت، دەوڵەتی تورک بە بەئامانج گرتنی ڕۆژنامەنووسان مەرجێکی تری یاسای جەنگیی پێشێل کرد، وەک هاوڕێیانی نازم و جیهان و خەباتکارانی ڕاگەیاندنی ئازاد داوا دەکەین کە دەوڵەتی تورک دادگایی بکرێت و سزا بدرێت.
کاتژمێر ٠٣:٢٠ خولەکی دوێنێ، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ڕێگای شارۆچکەی سرین بۆ بەنداوی تشرین، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازادی کرد، بە هۆی ئەوەشەوە، هەریەک لە ڕۆژنامەنووسانی ئاژانسی ANHA (نازم داشتان و جیهان بیلگین) گیانیان بەختکرد و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش برینداربوو.