ڕووفاتى ٢٢ ئێزدی کە کوژرابوون گەڕێندرایەوە بۆ موسڵ
دواى تەواوبوونى پشکنینی DNA لە بەغدا، ڕووفاتى ٢٢ قوربانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئێزدی گەیشتە فەرمانگەی پزیشکی دادوەری موسڵ، ئەو هاوڵاتیانە لەلایەن چەتەکانى داعشەوە شەهید کرابوون.

ناوەندی هەواڵ
چەتەکانى داعش لە ساڵى ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شنگال و سەدان هاوڵاتى مەدەنى بێ تاوانیان شەهید کرد، هەروەها ژنەکانیان برد بۆ سووریا، دواتر کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردن، هەزاران کەسیان کۆمەڵکوژ کردو کەسوکارەکانیان تا ئێستاش لە چاوەڕوانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان.
دوای پشکنینی DNA لە بەغداد، دوێنێ ١٢ی ئاب، ڕووفاتى ٢٢ قوربانی ئێزدی کۆمەڵکوژى دەستى چەتەكانی داعش گەیشتە فەرمانگەی پزیشکی دادوەری موسڵ.
ئاماژە بەوەشکراوە، فەرمانگەی پزیشکی دادوەری موسڵ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی تەرمەکان ڕادەستی کەسوکارەکانیان بکاتەوە و لە زێدى خۆیان بەخاكیان بسپێرن.