گێچەڵی سەربازێکی تورک بە ڕێپێوانێک شەرمەزار کرا
لە دژی گێچەڵ و دەستدرێژیی ئەفسەرێکی تورک لە شرناخ، بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادیی" و "بێدەنگ مەبن، نۆرەی ئێوەش دێت"، ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەنجام درا.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لەسەر شەقامی گشتیی لە شرناخ ئەفسەرێکی تورک گێچەڵی بە ژنێک کرد و دەستدرێژیی کردە سەری، ئەمڕۆ خەڵکی شرناخ بە ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەو تاوانە قێزەونەیان شەرمەزار کرد.
لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "بڵێ بەسە بۆ چەوسانەوە و گێچەڵ" و درووشمی "بێدەنگ مەبن، نۆرەی ئێوەش دێت" بە بەشداری چەندین لایەن و ڕێکخراو و کەسایەتی دیار ڕێپێوانەکە ئەنجامدرا.
موراد ئۆزبەی، ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای کرێکارانی جەماوەری ڕایگەیاند هاوڵاتییان ژنەکەیان ڕزگار کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان تاوانبار بریندار بووە و وتی: ئەم ڕووداوە، بەرئەنجامی سیاسەتی سزا نەدانە، پێشتر بینیومانە کاتێک تاوانبار بەرپرس و هێزی ئەمنیی بن، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت، ئەم جۆرە سیاسەتەش بووەتە چەکێک لە دژی مافی ژنان و مناڵان.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: پارێزگار لەبری باسکردن لە لێپرسینەوەی دادپەروەریی و ئیداریی بەرامبەر تاوانبار، تاوانباری پاراست و ڕاگەیاندراوێکی لایەنگرانەی داوە، ئەمەش گومان زیاد دەکات سەبارەت بەوەی لێپرسینەوەیەکی کاریگەر دەست پێ نەکرێت و تاوانبار سزا نەدرێت.
هەروەها نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان پەرلەمانتاری دەم پارتی باسی لەوەکرد، تاوانبار لەلایەن پۆلیسەوە ڕفێندراوە و پارێزراوە، هێزە ئەمنییەکان بەنیازن ماددەی هۆشبەر و سیخوڕێتی لەنێو گەلدا بڵاو بکەنەوە، چەندین ڕووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە، دوێنێ هەمان شت لە شەقامەکانمان ڕوویدا، هەردەم گەلی شرناخ دژی ئەم ڕووداوانە ناڕەزایەتیی خۆی نیشان دەدات، تاوانبار پاش ڕووداوەکە وەک بریندار نیشاندراوە، دەمودەست براوەتە نەخۆشخانە و لەوێوە ڕفێنراوە.
ڕێپێوانەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادیی" و "بێدەنگ مەبن، نۆرەی ئێوەش دێت" کۆتایی هات.