وشکەساڵی و پیسبوونی هەوا بووەتە هۆی زەنگی ئاگادارکردنەوەی کەشوهەوا لە ئەفغانستان

ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانی ژینگەیی سەخت بووەتەوە کە بە کەمبوونەوەی ڕێژەی بەفربارین و بارانبارین دەستپێدەکات و هەروەها زیادبوونی پیسبوونی هەوا، ئەمەش مەترسیی گەورە بەتایبەت لەسەر تەندروستی و بژێوی ژنان و منداڵان دروست دەکات.

بەهاران لەهیب 

 

ئەفغانستان-ئەفغانستان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی یەکێک لە قەیرانە ژینگەییەکان بووەتەوە. قەیرانێک کە بە کەمبوونەوەی بەفربارین و بارانبارین دەستی پێکرد و بە وشکەساڵی بەربڵاو و پیسبوونی توندی هەوا بەردەوام بوو. ئه م دۆخه نه ته نیا کاریگه ڕی جددی له سه ڕ سروشت نه کردووه ، به ڵکو له سه ڕ ژیانی ڕۆژانه ی ژنان و منداڵان به تایبه تی هه بووه و ئاینده ی ملیۆنان هاووڵاتیی خستۆته مه ترسییه وه . کەمبوونەوەی بەرچاوی بارانبارین لە زۆربەی پارێزگاکانی وڵاتدا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی. وشکەساڵی کەم ئاوی زیاتر کردووە، بیرەکان وەک جاران بەرهەم ناهێنن و زۆرێک لە خێزانەکان تووشی کێشەی گەورە دەبن لە دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە. ئەم کەم ئاوییە نیشانەیەکی ڕوونە بۆ خراپتربوونی وشکەساڵی لە ئەفغانستان.

 

مەترسی خستنە سەر داهاتووی سەرچاوە ئاوییەکان

نەبوونی بەفری پێویست لە وەرزی زستاندا لێکەوتەی قووڵتری هەیە. بەفر کە یەدەگی ئاوی سروشتییە، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە خۆراکدانی ڕووبار و زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە ناوچەکانی وڵات زستانیان بەسەر بردووە کە بەفرێکی کەم یان هیچ بەفرێکی تێدا نییە. ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر داهاتووی سەرچاوەکانی ئاو دروست دەکات. وشکەساڵی زۆرترین زیانی بە کەرتی کشتوکاڵ گەیاندووە، کێڵگە کشتوکاڵییەکان بەرهەمی خۆیان لەدەستداوە، بەرهەمی کشتوکاڵی کەم بووەتەوە و زۆرێک لە جووتیاران سەرچاوەی داهاتیان لەدەستداوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ هەژاری و نائاسایشی خۆراکی لە وڵاتدا زیاد کردووە.

 

 منداڵان بە قوربانی سەرەکی ئەم قەیرانە دادەنرێت

جگە لە کەمی ئاو، پیسبوونی هەواش بووەتە قەیرانێکی دیکەی بێدەنگ لە ئەفغانستان. لە شارە گەورەکاندا بەکارهێنانی سووتەمەنی کوالیتی نزم و نەبوونی سیستەمێکی دروستی فڕێدانی پاشماوە و خۆڵبارینی زۆر هەوایەکی پیس و مەترسیداری دروستکردووە کە مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان دروستکردووە. دەرئەنجامەکانی ئەم پیسبوونە زۆر توندترن بۆ ژنان. ژنانی دووگیان و بەساڵاچووان و منداڵان بە تایبەتی تووشی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و لاوازی جەستەیی دەبن، جگە لەوەش بەرپرسیارێتی دابینکردنی ئاو لە زۆرێک لە خێزانەکاندا دەکەوێتە ئەستۆی ژنان. لە ژێر بارودۆخی وشکەساڵیدا ئەمە بارگرانییەکی زیاتر دەخاتە سەریان. هەروەها منداڵان بە قوربانی سەرەکی ئەم قەیرانە دادەنرێت، کەمی ئاوی پاک و کەمی خۆراکی پەیوەست بە هەژاری خۆراک و زیادبوونی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسەدان مەترسی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی منداڵان دروست دەکات و ڕێگری لە گەشەی سروشتییان دەکات

 

نەبوونی پلانی چارەسەری قەیرانەکە گەورەتر دەکات

وشکەساڵی و کەمی ئاو ئاوارەبوونی ناوخۆیی زیاد کردووە، زۆرێک لە خێزانەکان ناچاربوون گوندەکانیان بەجێبهێڵن و لە پەراوێزی شارەکاندا نیشتەجێ بن، کە ژنان و منداڵان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختتر و هەژاری و نائەمنی زیاتر دەبنەوە. لە سەردەمێکدا کە ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووری بووەتەوە، گۆڕانی کەشوهەوا و پرسەکانی ژینگە کەمتر گرنگی پێدراوە، بەڵام ئەم قەیرانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مافی مرۆڤ لە ژیان و تەندروستی و کەرامەتیەوە هەیە، نەبوونی پلانێکی کاریگەر بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا، دۆخەکەی خراپتر کردووە. هەروەها نەبوونی هۆشیاری گشتی و کەمی سەرچاوەکان ڕێگری لە وەڵامدانەوەی جددی بۆ ئەم قەیرانە کردووە. درێژەدان بەم ڕەوتە دەتوانێت لێکەوتەی نەگەڕاوە بۆ نەوەکانی داهاتوو بەدوای خۆیدا بهێنێت و ئەفغانستان بەرەوڕووی قەیرانێکی مرۆیی بەرفراوان ببێتەوە و ژنان و منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت.

 

"ئەمە بە واتای لەدەستدانی گرنگترین سەرچاوەی ئاوی ئەفغانستانە"

لەگەڵ شازیە ڕوزبێح، شارەزای کەشوهەوا قسەمان کرد سەبارەت بەو قەیرانەی ڕووبەڕووی جیهان و ئەفغانستان بەتایبەتی بووەتەوە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەفغانستان سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لەو وڵاتانەی کەمترین ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی گۆڕانی کەشوهەوادا، هاوکات یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە،  کەمی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما شێوازی کەشوهەوای سروشتی وڵاتەکەی تێکداوە، کەمی بەفر لە زستاندا بە واتای لەدەستدانی گرنگترین سەرچاوەی ئاوی ئەفغانستان دێت.

 

خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان

شازیە هۆشداریی دا سەبارەت بە داهاتووی ئەفغانستان و قەیرانی کەشوهەوا و ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت لە ساڵانی داهاتوودا قەیرانی ئاو خراپتر دەکات وتی: خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و نەبوونی ژێرخانی پێویست کێشەکەیان گەورەتر کردووە، پیسبوونی هەوا ساڵانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران کەس دروست دەکات، منداڵان و ژنان زۆرترین گروپی لاوازن بەهۆی زیادبوونی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکانی ئەفغانستان، کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان.

 

"ئەم قەیرانە دەتوانێت ببێتە کارەساتێکی هەمیشەیی"

شازیا ئاماژەی بەوەشکرد، نەبوونی سیاسەتی ژینگەیی کاریگەر گرنگترین هۆکارە بۆ بەردەوامکردنی ئەم قەیرانە و هۆشیاری گشتی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی زیانەکان، وتی: ئەگەر ئەمڕۆ هەنگاو نەنێین، سبەی زۆر درەنگ دەبێت، لە ئەنجامدا وشکەساڵی و کەمی بەفر و باران و پیسبوونی هەوا نیشانەیەکی هۆشداری جدییە بۆ داهاتووی ئەفغانستان. بەبێ کردەوەی بەپەلە و پشتیوانی نیشتمانی و گرنگیدانی نێودەوڵەتی، ئەم قەیرانە دەتوانێت ببێتە کارەساتێکی هەمیشەیی.