وریشە مورادی پەیامێکی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوەکەی سنە بڵاوکردەوە

وریشە مورادی، لە نامەیەکدا هاوخەمی خۆی بۆ ڕووداوی هاتوچۆکەی سنە ڕاگەیاند کە تێیدا هاتووە: دیوارەکانی زیندان مرۆڤ لە کۆمەڵگە جودا ناکەنەوە، ئەوەی دەبێتە هۆی پێکەوەبوونمان، ئازاری هاوبەش، چارەنووسی هاوبەش و بەرپرسیارێتیی هاوبەشە لەگەڵ یەکتردا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی لە ڕۆژی لە ٥ی ئەیلوول، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ١٣ کەس لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا، وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لەە زیندانی ئێڤین، بە نامەیەک هاوخەمی خۆی بۆ ئەو ڕووداوە دەربڕی.

 

وریشە مورادی، لە نامەکەیدا وتی: ئەوەی لەم ڕۆژانەدا دەتوانێت قورسایی ئازارەکان کەم بکاتەوە، لەگەڵ یەکمانەوەییمان، هەرچەندە هیچ وشەیەک ناتوانێت قورسی کۆچی دوایی بۆ بنەماڵەکانیان کەم بکاتەوە، مەودا و دیوارەکان، مرۆڤ لە کۆمەڵگە جودا ناکەنەوە، ئەوەی دەبێتە هۆی پێکەوەبوونمان، ئازاری هاوبەش، چارەنووسی هاوبەش و بەرپرسیارێتیی هاوبەشە لەگەڵ یەکتردا.

 

هەروەها بە ئاماژەدان بە چیای ئاودێر وەک بەشێک لە یادەوەری و ناسنامەی سنە وتیشی: خەڵکی ئەم شارە بە درێژایی مێژوو، ڕۆژە سەختەکانیان بە سەربەرزی و خۆڕاگری تێپەڕاندووە، بەڵام خۆڕاگریمان، نابێت ببێتە هۆی بێدەنگی لە ئاست ئازارەکاندا.

 

جێی ئاماژەیە، وریشە مورادی چالاکوانی سیاسی خەڵکی سنەیە، لە ١٠ـی ٨ـی ٢٠٢٣، لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە دەروازەی چوونەژوورەوەی سنە دەستبەسەر کراو دواتر ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی ئەبوڵقاسم سەڵەواتی  بە تۆمەتی “یاخیبوون” بە سێدارە سزا درا،  بەڵام لقی  ٩ـی دیوانی باڵای دادگای ئێران  لە مانگی ئازاری ساڵی ،۲۰۲٥ ئەم سزایەی بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و ڕەچاو نەکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە گەڕاندەوە.