وریشە مورادی بەهۆی ئامادە نەبوونی لە دادگا سزا درا

وریشە مورادی بەهۆی ئامادەنەبوونی لە دادگا، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە بێبەشکردنی لە پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ خێزانەکەی سزا درا.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە سزادانی وریشە مورادی. زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئێڤین، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئێڤین بە فەرمانی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بڕیارە بەهۆی ئەوە دراوە کە وریشە مورادی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئامادەی دانیشتنی دادگا نەبوو،

ئەمەش لە کاتێکدایە کە وریشە مورادی پشتریش چەندین جار بەهۆی پشتگیریکردنی لە کەمپینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” ڕووبەڕووی ئەم سزایە ببووەوە.

 

جێی ئاماژەیە، وریشە مورادی پێشتر لە لایەن لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ئەبولقاسم سەڵەواتی” بە تۆمەتی “یاخیبوون” و ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە لە لایەن لقی ٩ـی دیوانی باڵای ئێران بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان ڕەتکرایەوە و بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە بۆ لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندرایەوە.