ڕوکن کلیچ: ماددەی هۆشبەر ئامڕازی سیاسەتی شەڕی تایبەتە

ڕوکەن کلیچ، چالاکوانی پلاتفۆرمی "هۆشیار بە" دەڵێت: بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە کوردستان زیادی کردووە، ماددەی هۆشبەر ئامرازی سیاسەتی شەڕی تایبەتە، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی شەڕی تایبەت و سیاسەتی ئەمنییە.

مەميهان هیلبين زەيدان

 

وان- دەستپێشخەرییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامن لە ڕێکخستنی هەڵمەتی هۆشیاری و چالاکییە مەیدانییەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ئالوودەبوون و پێشخستنی خۆپاراستن، هاوشانی داوای پەسەندکردنی سیاسەتی هەمەلایەنە کە باس لە هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەم دیاردەیە دەکات.

 

ئەم هەوڵانە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی داتاکانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان،  پشتڕاستی کردەوە، کە ژمارەی ئالوودەبووان لە سەرانسەری جیهاندا لە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ نزیکەی ١٥ ملیۆن لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرزبووەتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی جیهانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٥، تێکڕای تەمەنی یەکەم بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە تورکیا و باکووری کوردستان ٢٢ ساڵە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا، هیچ داتایەکی لەسەر منداڵانی خوار ١٨ ساڵ نەبووە کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن یان دەیفرۆشن.

 

لە کاتێکدا، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام لە باکووری کوردستانیش وەک بەشێک لەو شتانە سەیر دەکرێن کە بە "سیاسەتی شەڕی تایبەت" پێناسە دەکرێت، لە کوردستان ماددەی هۆشبەر تەنها بە پرسێکی تەندروستی نازانرێت، بەڵکو بە "چەکی جەنگ" دادەنرێت و دەوترێت بڵاوبوونەوەی سیستماتیکە و گەنج و ژن دەکاتە ئامانج بۆ ئەوەی لە ناسنامەی کولتووری و نەتەوەیی خۆیان دووریان بخاتەوە.

 

پلاتفۆرمی "شیار بە" "هۆشیار بە"

بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت لە نێو گەنجاندا، لە ساڵی ٢٠٢٥دا پلاتفۆرمێک بە ناوی "هۆشیار بە بۆ خەبات دژی ماددە هۆشبەرەکان" لە ئامەدی باکووری کوردستان دامەزرا، ئەم دەستپێشخەرییە بە سەرپەرشتی دامەزراوە دیموکراتیەکان بوو، دوای نزیکەی پێنج مانگ لە ئامادەکاری، پلاتفۆرمەکە دەستی بە کارەکانی کرد بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە ئالوودەبوون و چارەسەرکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانی.

 

پلاتفۆرمەکە لەسەر دوو سیستەمی سەرەکی کاردەکات: خۆپاراستن و هۆشیاری، چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان لەناو گەڕەکەکاندا، ئامانجی پاراستنی منداڵان و گەنجانە لە ئالوودەبوون و پشت بە کاری خۆبەخشانە دەبەستێت کە ئەندامانی سەندیکا، سیاسەتمەداران، مامۆستایان، خاوەن دوکانەکان، نوێنەری پارتە سیاسییەکان، کارمەندانی چاودێری تەندروستی بەشدارن.

 

لقەکانی پلاتفۆرمەکە لە شارەکانی ماردین، ئامەد، وان، شرنەخ دامەزراون،لە ٦ی حوزەیران لە ئامەد، پلاتفۆرمەکە دەستپێکردنی کەمپەینێکی نوێی بە ناوی "Rise Up" ڕاگەیاند.

 

"ئالوودەبوون قەیرانێکی کۆمەڵایەتییە"

لەم چوارچێوەیەدا، ڕوکەن کلیج، هاو وتەبێژی پلاتفۆرمی هۆشیار بەی وان و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان (SES)، ڕایگەیاند کە ئالوودەبوون قەیرانێکی کۆمەڵایەتی گشتگیرە, کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەیە، و ئەمە پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ دامەزراندنی پلاتفۆرمەکە.

 

ڕوونیکردەوە، کە سنووردارکردنی ئالوودەبوون بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە تەنا بەس نییە، ئاماژەی بە بوونی جۆرەکانی دیکەی وەک ئالوودەبوونی دیجیتاڵی، ئالوودەبوون بە قومارکردنی ئۆنلاین و ئالوودەبوون بە کحول کرد.

 

دووپاتی کردەوە، کە ئامانجی سەرەکی پلاتفۆرمەکە هۆشیارکردنەوەی خەڵکە، وتی: ئالوودەبوون کێشەیەک نییە کە تەنها بە دامەزراندنی سەنتەری چاکسازی یان خواردنی دەرمان چارەسەر بکرێت، هەروەها کێشەیەک نییە کە بە ئاسانی بنبڕ بکرێت، ئەوە پرسێکی تەندروستی گشتییە، هەر بۆیە پێویستی بە ڕێوشوێنی خۆپارێزی هەیە، پێویستە دامەزراوە گشتییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لایەنە سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە پێکەوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە.

 

کێشەی کۆمەڵایەتی و ئالوودەبوون

ئاماژەی بەوەدا، کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی ئالوودەبوون لە بەرامبەردا کێشەی نوێ دروست دەکات، وتی: ئالوودەبوون کێشەی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی قەیرانی پێکهاتەیی، هەژاری، بێبەشی، قەیرانی ئابووری، ئاوارەبوون، شەڕ، بوومەلەرزە و پەتا هەموو ئەو هۆکارانەن کە تاکەکان پاڵدەنێن بۆ پەنابردن، هەروەها ماددەی هۆشبەر وەک ئامرازێک بۆ هەڵهاتن دەبینن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرکەوتنی چڕ بە تەکنەلۆژیا و پەیوەندی مەجازی لە منداڵییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆئەندامی دەمار و گەشەکردنی سۆزداری دەبێت، ئەمەش ئامادەیی منداڵان بۆ ئالوودەبوون زیاد دەکات هەروەها، ئەو منداڵانەی کە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری تەندروستیان نییە، لە تەمەنێکی بچووکدا ڕوو لە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، جا چ لە قوتابخانەکان بێت یان لەسەر شەقامەکان، ئەمەش خۆیان و خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکانیان دەخاتە قەیرانێکی گەورەوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان گۆڕاوە بۆ پیشەسازییەکی جیهانی، لە ئەمریکای لاتین دەستیپێکرد، پاشان ئەوروپا و ئێستا تورکیا بووەتە یەکێک لە بازاڕە دیارەکانی، بە زیادبوونی کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان و لاوان و منداڵان.

 

کەمبوونەوەی تەمەنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە باکووری کوردستان

ڕوکەن کلیج ڕایگەیاند، تەمەنی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە باکووری کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لە هەندێک ناوچەدا تەمەن گەیشتووەتە نۆ ساڵ، وتی: بەکارهێنانی چڕ و پڕی تەکنەلۆژیا و پەیوەندی مەجازی لە منداڵییەوە وا دەکات منداڵان زیاتر تووشی ئالوودەبوون ببن، هەروەها ئەو منداڵانەی کە لە ژینگە ناپارێزراوەکاندا پەروەردە دەکرێن بەهۆی سیاسەتەکانی ئێستا زیاتر تووشی ئالوودەبوون دەبن لە داهاتوودا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لەنێو ئەو گروپانەدان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی پێکهاتە پیاوسالارییەکان، هەژاری، توندوتیژی خێزانی، بارگرانی چاودێری ماڵەوە، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو چەواشەکارییەی پەیوەستە بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر تووشی ئالوودەبوون ببن و کەمتر داوای یارمەتی بکەن.

 

زیاتر لە ٢٠ هەزار بەکارهێنەر لە شاری وان

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان تەنها لە شاری وان ٢٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، هەروەها تەمەنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەندێک شار و ناوچە گوندنشینەکانی هەرێم بۆ نۆ ساڵ دابەزیوە.

 

دووپاتیکردەوە، وان شارێکی سنووری و کەنار دەریایە و دیمەنی سروشتی جوانی هەیە،  شارێکە هەڵوێستێکی سیاسی ڕوونی هەیە، بەکارهێنانی بەربڵاوی ماددە هۆشبەرەکانیش لەوێ بەم قەبارەیە ئاماژەیە بۆ کاریگەرییە بەرچاوەکانی ئەو شتانەی کە پێی دەوترێت 'سیاسەتی جەنگی تایبەت'".

 

"ماددەی هۆشبەر ڕەنگدانەوەی سیاسەتە ئەمنییەکانە"

ڕوکن کلیج ئاماژەی بە ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەکان کرد، کە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی پلاتفۆرمەکە و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو بوو و وتی: بەرپرسانی ئەمنی ئەندامانی پلاتفۆرمەکەیان بۆ ماوەی کاتژمێرێکی زۆر دەستبەسەر کردووە، هەرچەندە ئامانجیان بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بووە، ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە چالاکوانانی جیاوازی شارەکان پشتیوانیان لێدەکەن: ئێمە ناڵێین دەوڵەت خۆی ماددەی هۆشبەر دابەش بکات، بەڵکو ئەو سیاسەتانەی کە قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و شەڕ و ئاوارەیی بەرهەم دەهێنن، خەڵک بەرەو هەژاری و بێبەشی دەبات، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ماددەی هۆشبەر وەک دەربازبوون، و بە ئاسانی دەیاندۆزنەوە.

 

ڕوونیکردەوە، چۆن بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان دەتوانن بەو ئاسانییە ماددە هۆشبەرەکان لە قاوەخانە و گەڕەکەکان و لەبەردەم قوتابخانەکاندا بفرۆشن، لەکاتێکدا کامێرای چاودێری و ئۆتۆمبێلی ئەمنی لە هەموو شوێنێکدا هەن؟ ئەمەش قەیرانی بەرپرسیارێتی گشتی دروستدەکات، بەرزبوونەوەی ئالوودەبوون هەروەها دەرئەنجامی سیاسەتە ئەمنییەکانە و ماددە هۆشبەرەکان نوێنەرایەتی ئەو لایەنانە دەکەن کە پێی دەوترێت 'سیاسەتی شەڕی تایبەت'".

 

چالاکییەکانی پلاتفۆرم

ئاماژەی بەوەشکرد، پلاتفۆرمەکە لەسەر داوای شارەوانی و خاوەن دوکانەکان سیمیناری هۆشیاری لە شەقامەکاندا سازکردووە. هەروەها بەرنامەی مەشق لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئالوودەبوون لەناو شارەوانییەکاندا پێشکەش کرد، وتی: پرۆتۆکۆڵی هاوکاری لەگەڵ شارەوانی ئیدریمیت واژۆ کراوە، شارەوانییەکانی دیکەش داوای هاوکارییان لەگەڵ پلاتفۆرمەکەدا کردووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوکەن کلیج وتی: رێگە نادەین شەقامەکانمان، شارەکەمان، منداڵەکانمان، گەنجانمان، ژنانمان ببنە زیانبەرکەوتووی پیشەسازی ماددە هۆشبەرەکان، داوا لە هەموو چین و توێژەکانی شارەکە دەکەین، ڕۆشنبیران، نووسەران، بیرمەندان و هەموو مرۆڤە خاوەن ویژدانەکان، لە دەوری ئەم پلاتفۆرمە کۆببنەوە.