ڕوانگەی سووریی: ٤٨ ژن لە شەش مانگدا زیانبەرکەوتووی توندوتیژی تاوانکاری و خێڵەکین لە سووریا
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڵگەدارکردنی کوشتنی ٤٨ ژنی لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا کردووە، کە ٤٠ ژنیان لە کردەوەی تاوانکاری و ٨ ژنیشیان لە هێرشی خێڵەکی بووە، ئەم ژمارەیە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی توندوتیژییە دژی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
لە وڵاتێکدا کە ساڵانێک لە شەڕدا بارگرانی بووە، ئیتر مەترسییەکان تەنها لە گوللـە و موشەک سنووردار نین، ئێستا ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی بەرفراوان دەبنەوە کە لە ماڵەوە تا شەقام و شوێنی کار درێژدەبێتەوە، لە پشت ئەم توندوتیژییەوە چەندین گێڕانەوە هەیە، کە ناکۆکی خێزانی، تۆڵەسەندنەوە، تاوان و ڕق و کینە تێکەڵ دەکەن، لە دیمەنێکدا کە ڕەنگدانەوەی فراوانبوونی بازنەی هەڕەشەکان و داڕمانی سیستەمی پاراستنە.
کەمبوونەوەی چڕی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەندێک ناوچەدا، نەبووەتە هۆی باشتربوونی ژیانی ڕۆژانەی سوورییەکان، بەڵکو شێوازی نوێی توندوتیژی، سەریان هەڵداوە، کە کەمتر مەترسیدار نییە، کۆمەڵگەیەک ئاشکرا دەکات کە بەهۆی چەندین ساڵ شەڕەوە ماندوو بووە و بارگرانی بووە بە پەرەسەندنی قەیرانە ئەمنییەکان و کۆمەڵایەتییەکان، ژنان لە زۆرترین زیانلێکەوتوون، باجی بۆشایی ئەمنی و بڵاوبوونەوەی چەک و لاوازی سەروەری یاسا دەدەن، کوشتنەکانیان لە ڕووداوە گۆشەگیرەکانەوە گۆڕاوە بۆ نیشاندەرێکی بەرزبوونەوەی پەرەسەندنی توندوتیژی کۆمەڵایەتی.
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دووپاتی کردەوە، کە زیادبوونی ژمارەی کوشتنی ژنان ڕەنگدانەوەی گۆڕینی ئەو ماڵەیە کە بڕیارە پەناگەیەکی ئارام بێت بۆ یەکێک لە مەیدانە دیارەکانی توندوتیژی، دەیان ژن بە دەستی هاوژین، کوڕ، برایان کوژراون، هەندێکی دیکەش لە شەقام و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون ڕووبەڕووی هێرشی خێڵەکی کراون، جۆرەکانی دەستدرێژیکردن جیاوازن، بەڵام دەرئەنجامەکەی وەک یەکە: ژیانی لەدەستچوو، خێزانەکانی بێبەشبوون لە دایک و کچ و ژن، ئەم دۆخە جەخت لەسەر قووڵایی قەیرانی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەکاتەوە و لاوازی سیستەمی پاراستن و بەردەوامی بێ سزای ئاشکرا دەکات.
لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دۆکیۆمێنتی کوشتنی ٤٨ ژنی کرد، کە ٤٠یان لە ٣٥ ڕووداوی تاوانکاریدا بە مەبەستی جیاواز کوژراون، لە ناکۆکی خێزانی و کوشتنی بە ئەنقەستەوە تا دزی و هەلومەرجی تاوانکاری دیکە، هەروەها ڕوانگە کوژرانی ٨ ژنی لە تاوانەکانی پەیوەست بە خێڵەکی تۆمار کردووە، ئەم ژمارەیە ڕەنگدانەوەی بەردەوامی بەرکەوتنی ژنانە بە مەترسییە گەورەکان، جا لە ئەنجامی توندوتیژی تاوانکاری بێت یان بە ئامانجگرتن لەسەر بنەمای خێڵەکی، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر فراوانبوونی بازنەی هەڕەشەکان و لاوازی سیستەمی پاراستن.
ژمارەی تاوانە تاوانکارییەکان لە سەرانسەری حەما، گوندنشینی دیمەشق، سوەیدا، حەلەب، دیمەشق، ئیدلب، دێرەزوور، ڕەققە، حەسەکە، حومس و لازقییە دابەشکراون، لە کاتێکدا تاوانە خێڵەکیەکان لە حومس، تارتووس و لازقییە ڕوویانداوە.
ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم تاوانانە تیشک دەخەنە سەر ئەو ڕاستیەی لە ڕادەبەدەر مەترسیدارەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە سووریا، کە هەڕەشەکە تەنها لە تاوانکارییەکان سنووردار نییە بەڵکو بۆ کوشتنی خێڵەکی درێژدەبێتەوە، ئەمەش لە نێوان بۆشایی ئەمنی بەردەوام و بڵاوبوونەوەی چەک و لاوازی لێپرسینەوەی یاسایی.
جەختی لەوە کردەوە، کە کەمکردنەوەی ئەم جۆرە تاوانانە پێویستی بە ڕێوشوێنی کۆنکرێتی هەیە بۆ بەهێزکردنی سەروەری یاسا و کۆنترۆڵکردنی چەک و لێپرسینەوە لە تاوانباران و مسئۆ پاراستنی ژنان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، بەردەوامبوونی ئەم کارەساتە مرۆییە ئاماژەیە بۆ تێکچوونی زیاتر لەسەر هەردوو ئاستی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ڕەنگدانەوەی لاوازی ژینگەی ئەمنییە لە ناوچە بەرفراوانەکانی وڵاتدا.