ڕوانگەی سووریی: ١٤٣ هاوڵاتی سووریی لە لوبنان کوژراون
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان، ١٤٣ هاوڵاتی سووریی کوژراون، بە جۆرێک لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٤١ کەس کوژراون کە ٣٥ـیان لە یەک ڕۆژدا بووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ "سۆهر"، ئامارێکی سەبارەت بە کوژرانی هاوڵاتییانی سووریی لە لوبنان لە دەستپیکی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بڵاوکردەوە.
سۆهر بڵاویکردەوە، لە ٣ی ئادارەوە، ١٤٣ هاوڵاتی سووریی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان کوژراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٤١ کەس کوژراون کە ٣٥ـیان لە یەک ڕۆژدا بووە کە زۆربەی قوربانییەکان لە حەلەب، حومس، حەما، دەرعا و دێرەزوورن.
ئەم ڕووداوانەی لوبنان لە کاتێکدایە، یەکێک لە خاڵەکەکانی یاداشتە ١٠ خاڵییەکی ئێران بۆ ئاگربەست، مەرجی کۆتایهێنانی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆسەر لوبنان، بەڵام ئەمریکاو ئیسرائیل ڕەتیدەکەنەوە کە ئاگربەست لە لوبنان بکرێت.