خوێندکارێک لەلایەن پاسەوانانی زانکۆی ئێرانەوە هێرشی توند دەکرێتە سەری

هێرشێکی توندوتیژی پاسەوانانی زانکۆی ئازاد بە بیانووی پابەندنەبوون بە یاساکانی حیجاب دەبێتە هۆی گواستنەوەی خوێندکارێک بۆ نەخۆشخانە.

ناوەندی هەواڵ

 

کەناڵی خوێندکارانی پێشکەوتنخواز لە تەلەگرام ڕایگەیاند، ٩ی تشرینی دووەم خوێندکارێکی کچ دوای ئەوەی لە زانکۆی ئازاد لە تارانی پایتەختی ئێران بە بیانووی پابەندنەبوون بە یاساکانی حیجاب، لەلایەن پاسەوانانی ئەمنیەوە هێرشی توندی کراوەتە سەر، گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت.

 

کەناڵەکە بە پشتبەستن بە قسەی خوێندکارانی ئامادەبوو، ڕایگەیاندووە، کاتێک پاسەوانێک لە لایەکی زانکۆکە هێرشی کردە سەر ئەو خوێندکارە و پاڵیان پێوەناوە بە بیانووی پابەندنەبوون بە حیجابی ناچارییەوە، خوێندکارەکە لە دۆخی “شۆک”دا بووە و هۆشی لەدەستداوە.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی توندکردنەوەی سنووردارکردنەکان و پێکدادان لە نێوان خوێندکاران و پاسەوانی زانکۆکاندا بڵاوبووەتەوە، چونکە ڕژێم ڕێوشوێنی توند بەرامبەر خوێندکاران دەگرێتەبەر.