شەش هاووڵاتی بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

لەسەر رێگای چیای بەرانان كە وەكو جێگرەوەی تونێلی دەربەندیخان بەكاردەهێندرێت، رووداوێكی هاتوچۆ روویداوە و بەهۆیەوە شەش كەس گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لەسەر ڕێگای سلێمانی بۆ دەربەندیخان و لە چیای بەرانان، بارهەڵگرێك بەسەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەتدا وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە ٦ كەس گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی زانیارییەكان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە نزیك تونێلی دەربەندیخان و لەسەر ڕێگای شاخی بەرانان کە ماوەی چەند ڕۆژێکە وەک جێگرەوەی تونێلی دەربەندیخان بەکاردەهێندرێت، ڕووداوێكی سەختی هاتووچۆ ڕوویداوە و بەهۆیەوە شەش كەس گیانیان لەدەستداوە.

 

هەر بەپێی زانیارییەكان، ڕووداوه‌كه‌ له‌نێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت ڕوویداوە و لە ئەنجامدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

هاتووچۆی دەربەندیخان بڵاویكردەوە، " بەداخەوە ئێستا لە سەر شاخی بەرانان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر دەکەوێت بەسەر ئۆتۆمبێلێکی نیسان سەنیدا و مەفرەزەکانمان بە هاوکاری هێزەکانی تر لە هەوڵی دەرهێنانەوەی سەرنشینەکاندان، کە پێنج بۆ شەش سەرنشینی لەناودا بووە."

 

ئەمە لەكاتێكدایە، کە بەهۆی داخستنی تونێلی دەربەندیخانەوە لە بەیانی ئەمڕۆوە تاوەكو ٣ی ئاب، ڕێگای شاخی بەرانان تایبەت كراوە بە هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت و بارهەڵگرەكانیش لە ناو سەنگاوەوە هاتووچۆ دەکەن، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپی ڕێگاو بانەوە و دروستبوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ هاووڵاتیان دەبنە قوربانی.